فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پەیامی نەورۆزیی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە بەبۆنەی نەورۆز و دەستپێکی ساڵی ١٤٠٤ی هەتاوی
دوشەممە ۲۷-۱۲-۱۴۰۳   |  17-03-2025

ژنان و پیاوانی تێکۆشەر و ئازادیخوازی کوردستان!

وێڕای سڵاو و ڕێز و خۆشەویستیمان، لە ناخی دڵەوە پیرۆزبایی نەورۆز و ساڵی تازەتان لێدەکەین. ساڵێکی پڕ لە شادی و زاڵبوون بەسەر ئاستەنگییەکانی ژیان و پێشڕەوی و سەرکەوتن لە خەبات دژبە نیزامی تاوانکاری کۆماری ئیسلامی بۆ ئێوەی ئازیز بە ئاوات دەخوازین. هیوادارین ساڵی ١٤٠٤، ساڵی سەرکەوتنی ئێوە خەڵکی خەباتکار بەسەر حاکمانی ڕژیمی تاوانکاری کۆماری ئیسلامی و ساڵی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ئەم دەسەڵاتە کۆنەپەرستە بێت. هەر بەم بۆنەوە گەرمترین سڵاو و ڕێزمان ئاراستەی هەموو زیندانییانی سیاسی لە کوردستان و سەرتاسەری ئێران دەکەین. ئەو زیندانییانەی کە بە خەباتی بێباکانە و نەپساوەی خۆیان بەرانبەر بە حکوومەتی ئیسلامی، سیاچاڵەکانی ڕژیمیشیان کردووەتە مەیدانی خەبات دژبە سزای ئێعدام و خەبات بۆ ئازادیی زیندانییانی سیاسی.

ژنان و پیاوانی تێکۆشەر!

ئەمساڵیش سەرەڕای هەوڵی ناوەندەکانی فریو و خورافە و سەرکوتی ڕژیمی ئیسلامی و لە ژێر سێبەری هەڕەشە و بانگکردنی چالاکانی کۆمەڵایەتیدا، بە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمە شکۆدارەکانی نەورۆز بە شادی و سەما و ئاواز و هەڵپەڕین، بە لەبەرکردنی جلی ڕەنگاوڕەنگ، یاسای کۆنەپەرستانە و ڕەشپۆشیی حکوومەتی ئیسلامیتان تێکشکاند و بۆ جارێکی تر نیشانتاندا کە کۆماری ئیسلامی لەماوەی ٤٦ ساڵی ڕابردوودا بە هەموو ئیمکاناتی خۆیەوە نەیتوانیوە فەرهەنگی پرتووکاو و کۆنەپەرستانەی خۆی بەسەر ئێوەدا بسەپێنێ. ئێوە بە داهێنانی خۆتان ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزیشتان بەکردەوە کردووەتە هەڵمەتێک بۆ پاشەکشەپێکردن بە سیاسەتی حیجابی ئیجباری. ئەم فیستیواڵێ شادیبەخشانە یەکێک لە نیشانەکانی بەردەوامبوونی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستانە.

جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و ستەملێکراوی کوردستان!

ئەمساڵ لە بارودۆخێکدا پێشوازی لە ساڵی تازە دەکەین کە کۆماری ئیسلامی لە لاوازترین قۆناغی مێژووی نەکبەتباریدایە. لەماوەی ئەم ساڵەدا کە تێپەڕی، سیاسەت و ستراتێژی شەڕی پێشگرانەی حکوومەتی ئیسلامی کە سەدان ملیارد دۆلاری لە بەرهەمی ڕەنج و کاری ئێوەی لەپێناودا بەفیڕۆ داوە، بەرەوڕووی شکستێکی تەواو بووەوە. هێزەکانی بەناو “میحوەری موقاومەت”ەکەی کە ئامرازی حکوومەتی ئیسلامی بۆ ملهوڕی لە سات و سەودا و فراوانخوازییەکانیدا بوو، لێکهەڵوەشان. قوڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری، وێرانبوون و تێکچوونی ژێرخانەکان، قەیرانی وزە و دەرئەنجامەکانی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان، ئابووری ئێرانی گەیاندووەتە لێواری داڕمان.

بەداخەوە باری قورسی پەرەسەندنی قەیرانی ئابووری رژیم کەوتووەتە سەر شانی ئێوەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش لە کوردستان و سەرتاسەری ئێران. دووکەڵی تەوەرۆمی سەرووی ٦٠ لەسەدی خانوو، دەرمان و خۆراک، دووکەڵی هاتنەخواری ڕۆژ لە دوای ڕۆژی نرخی ڕیاڵ بەرامبەر بە دۆلار، دووکەڵی درێژەی گەمارۆکان و هیتر، بەر لە هەمووان چووەتە ناو چاوی ئێوە و سفرەکانتانی بەتاڵتر و بێ ڕەونەقتر کردووە. لە کاتێکدا کە خەرجی سەبەدی بژێو لە مانگدا گەیشتووەتە ٥٠ ملیۆن تمەن، حەقدەستی چەند بەرابەر ژێر هێڵی هەژاری، ژیان و گوزەرانی زۆربەی بنەماڵە کرێکار و زەحمەتکێشەکانی کۆمەڵگای خستووەتە ژێر فشارێکی لەتاقەت بەدەرەوە.

ئەوە لە کاتێکدایە کە کاربەدستان و بەرپرسان و دەست و پەیوەندە دز و گەندەڵەکانی دەزگای ڕووحانییەت و سپای پاسداران بە ڕانتی حکوومەتی و ئیختلاس و دزیی هەزاران ملیارد تمەنی لە بەرهەمی ڕەنج و کاری ئێوە، ژیانێکی ئاسوودە و شاهانەیان بۆ خۆیان پێکهێناوە. ئەوە لە کاتێکدایە کە حکوومەتی ئیسلامی چەمەدانە پڕ لە دۆلارەکانی بەرهەمی کاری ئێوە کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش بۆ ساغکردنەوەی حیزبوڵڵا، جهادی ئیسلامی، حەماس و گروپە تیرۆریستە ئیسلامییەکانی دیکە دەنێرێ. بەڵام کاتێک ئێوە داوای زیادکردنی حەقدەست بەپێی خەرجییەکانی ژیان و ئاوسان دەکەن، دەوڵەتی پزشکیان دەڵێ نیمانە و بەرەوڕووی هێرشی هێزی دەزگای سەرکوتی ئەمنییەتی، ئینتزامی و بەڕەڵاکانی بەسیجی حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەردان دەبنەوە.

بەڵام ئێستا کۆمەڵگای ئێران چووەتە قۆناغێکی شۆڕشگێڕانەوە. بزووتنەوەی کرێکاری بە مانگرتن و ناڕەزایەتیی بەردەوام و ڕوو لە گەشەی، بزووتنەوەی خوێندکاری بە چالاکییە تازەکانی، بزووتنەوەی ژنان بە پێشەنگایەتی لە هەموو بزووتنەوە ئیعترازییەکان و خستنە ژێر پێینانی هەموو یاسایەکی کۆنەپەرستانە و دژەژن، بزووتنەوەی پەرستاران و بزووتنەوەی موعەلیمان و خانەنشینان بە ڕێکخراوەی سەرتاسەری و ناڕەزایەتیی بەردەوامیان، مەیدان و شەقامی شارەکانیان کردووەتە سەنگەری خەبات دژبە ڕژیم لەپێناوی وەدیهێنانی مافە ڕەواکانیان. بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان بە توانا و پۆتانسیەلێکی زۆر کە هەیەتی، هەروا زیندوو و پڕ گڕوتینە و بووەتە پایەیەکی سەرەکیی هەر ئاڵوگۆڕێکی شۆڕشگێڕانەی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ئێران. بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان بە ئەزموون و پێشینەی خەباتکارانەی خۆی دەتوانی لە پەیوەند لەگەڵ باقیی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان لەئاستی سەرتاسەریدا، لە ئامادەکاری و ڕێکخستنی مانگرتنی سیاسیی جەماوەری دەورونەخش بنوێنێت. درێژە و پێشڕەویی ئەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتییانە بووەتە مۆتەکەی سەران و فەرماندەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و خەوی لە چاویان تاراندووە.

هاوڕێیانی تێکۆشەر و هەڵسووڕاوان و پێشڕەوانی چەپ و سۆسیالیستی کوردستان!

لەئێستادا کۆماری ئیسلامی لە قەیراناویترین قۆناغی تەمەنیدایە و کەوتووەتە بنبەستەوە و ناتوانێ وڵامی داخوازیی جەماوەری کرێکار و زەحمەتێکشی کۆمەڵگا بداتەوە. ئاسۆیەک بۆ کرانەوەی کەشی سیاسی لە حکوومەتی ئیسلامیدا نابیندرێت. ڕژیم دەزانێ کە هەرجۆرە پاشەکشەیەک لە بەرامبەر مانگرتن و ئیعترازاتی ئێوەدا بەمانای کۆتایی تەمەنیەتی. تەنیا ئامرازی درێژەی حکوومەتی ئیسلامی سەرکوت و ئێعدامە کە لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا سەرەڕای ئەوەیکە بەشێوەی وەحشیانەتر بەڕێوەی بردووە، بەڵام ئەم ئامرازەشی کاریگەریی ڕابردووی خۆی لەدەست داوە و ناتوانێ کۆمەڵگای پێ چاوترسێن بکات. لە وەها بارودۆخێکدا دەورونەخشی ڕێبەریی ئێوە لە پەرەپێدان بە مانگرتن و ناڕەزایەتییەکان، لە ڕێکخستنی ڕێکخراوە جەماوەری و چینایەتییەکان، لە پێکهێنانی شۆرا و کۆمیتەکانی گەڕەکەکان، لە پەرەپێدانی وتاری دەسەڵاتداریەتیی شۆرایی لەناو ژنان و پیاوانی کرێکار و زەحمەتکێش و خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان بەشێک لە ئەولەوییەتی کاری ئێوەیە لەپێناو ئامادەبوون بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ئەو ئاڵوگۆڕانەی کە پێدەچێ لەو نزیکانە بێتە ئاراوە و بیساتی ئەم ڕژیمە کۆنەپەرستە سەرمایەدارییە تێکەوەدەپێچن.

کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، جارێکی دیکەش پیرۆزبایی هاتنی نەورۆز و بەهار و ساڵی تازە لە هەموو ئێوە کرێکاران و خەڵکی تێکۆشەری کوردستان و سەرتاسەری ئێران دەکا و لە خەبات دژبە دەسەڵاتی دیکتاتۆر و سەرکوتگەری کۆماری ئیسلامی ئاواتی سەرکەوتنی یەکجاری بۆ هەمووان دەخوازێت.

نەورۆز و بەهارتان لێ پیرۆز بێت

کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

نەورۆزی ١٤٠٤ی هەتاوی

مارسی ٢٠٢٥ زایینی