فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پەیامی پیرۆزبایی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان بەبۆنەی ساڵی تازەی ١٤٠٣ی هەتاوی
پێنجشەممە ۰۲-۰۱-۱۴۰۳   |  21-03-2024

ڕۆژێک بەهاری شۆڕش، بەستەڵەکی کۆماری ئیسلامی دەتوێنێتەوە!

لە کاتێکدا پێشوازی لە نەورۆز و بەهار و ساڵی تازەی هەتاوی دەکەین کە سەرەڕای سەرکوتی فاشیستی و خۆفناکی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژن ژیان ئازادی لە نیوەی دووهەمی ساڵی ١٤٠١ و نیوەی یەکەمی ساڵی ١٤٠٢، خۆڕاگری و نافەرمانی و خەباتی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و بەرابەری تەڵەبی ئێران بەردەوام بەشێوەی جۆراوجۆر درێژەی هەیە.

هەموو ڕۆژێ هەزاران ژنی بێباک و ناڕازی دژبە حیجاب و هەڵاواردنی ڕەگەزی، لە سەرتاسەری ئێران، ئەحکامی شەرعیی کۆنەپەرستانە دەبەنە ژێر پرسیارەوە و بەشێوازی جۆراوجۆر، پێداگرییان لەسەر ئارمانی “ژن ژیان ئازادی” ڕادەگەیەنن.

بزووتنەوەی کرێکاران، خانەنشینان، پەرستاران، مامۆستایان و… لەدژی بێمافی، پەرەستاندنی هەژاری و نایەکسانیی چینایەتی و لەدژی ڕژیمی ئیستبدادی و سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی، لە سەرتاسەری ئێران درێژەی هەیە و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر گەشە دەکات.

زۆرینەی ڕەهای خەڵکی ئێران بە بایکۆتی گاڵتەجاڕی ئینتخاباتی ئەم دواییەی ڕژیم (کە خودی سەرانی حکوومەتیش باس لە بێوێنە بوونی شکستی ئینتخاباتەکەیان دەکەن) نیشانیان دا کە بۆ ڕزگاری، ڕێگایەک بێجگەلە ڕووخاندنی گشت ئەم دەسەڵاتە دز و تاوانکارە بەزەبری شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی ناناسن.

دەسەڵاتی ئیسلامی باش دەزانێ کە جەماوەری خەڵک بەتایبەت لاوان خوازیاری ژیانێکی ئازاد و بەدوور لە دیکتاتۆری و چەوسانەوە و دەخاڵەتی مەزهەب و شەریعەتن. هەربۆیە لە سەرتاسەری ئێران، سپا و بەکرێگیراوانی سەرکوتگەری هێناوەتەوە مەیدان تا مەبادا خەڵک لە سەروبەندی ساڵی تازەدا کە بەتایبەت ئەمساڵ هاوکاتە لەگەڵ مانگی دڵخوازی ڕژیم واتە ڕەمەزان، یاسای کۆنەپەرستانەی فێقە و شەریعەتی ئیسلام پێشێل بکەن. بەڵام هەر ئەوجۆرەی لە مەراسیمی چوارشەممە سووریدا لە سەرتاسەری ئێران شایەدی بووین، خەڵک بە دروشمی ئازادی، مەرگ بۆ دیکتاتۆر و بە سەما و هەڵپەڕین نیشانیان دا کە لە بڕیاریان بۆ لەگۆڕنانی دەسەڵاتی ئایینی پاشگەز نابن و نەورۆز و هەر بۆنەیەکی دیکە دەکەنە دەرفەتێک بۆ بەرەوپێشبردنی خەباتیان.

بەداخەوە بەهۆی هەژاری، گرانی و تەوەرۆمی بەردەوام کە بەبیانووی مانگی ڕەمەزان و جێژنی نەورۆز زیاتریش پەرەی سەندووە، زۆربەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش ناتوانن پێداویستییە سەرەتاییەکانی خۆیان و بنەماڵەکانیان دابین بکەن. لەم ڕووەوە، زیاتر لە هەموو کاتێکی تر گرینگیی پەیوەندی شادی و ڕەزم و خەباتیان دەرک کردووە. ئەم پەپوەندییە ستراتێژیکە بارودۆخێکی گونجاوی بۆ گەشەی گوتاری سۆسیالیستی فەراهەم کردووە. گوتارێک کە تەنها بەدوای “ڕژیم چەینج”ەوە نییە، بەڵکوو دەیهەوێ ڕەگ و ڕیشەی ئیستبداد و سەرمایەداری دەربێنێ تا لەم ڕێگەوە ئازادی و یەکسانیی ئینسان دەستەبەر بێت.

بەهیۆای سەرهەڵدانەوەی ئاخێزی جەماوەری و شۆڕشی کۆمەڵایەتی بە ڕێبەریی چینی کرێکار، هاتنی نەورۆز و بەهار و ساڵی تازە لە خەڵکی سەرتاسەری ئێران و لە هەموو ئەو خەڵکانەی لە ناوچەکە و لە سەرتاسەری جیهان جێژنی بۆ دەگرن، پیرۆزبایی دەکەین.

ژیانتان بەهار و بەهارتان پیرۆز!

بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی

بژی ئازادی، بژی سۆسیالیزم

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان

١٧ی مارسی ٢٠٢٤

٢٧ی ڕەشەممە ١٤٠٢

واژۆکان: سازمانی ئیتحادی فیدائیانی کۆمۆنیست، ئیتحادی سۆسیالیستی کارگەری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کارگەری – حێکمەتیست، سازمانی ڕاهی کاریگەر، سازمانی فەدائیان (ئەقەلیەت) و هەستەی ئەقەلیەت

بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە