فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پەیامی ڕێکخراوە سەربەخۆ کرێکارییەکانی ئێران بۆ کرێکاران و ڕێکخراوە کرێکارییەکانی هەموو وڵاتان
چوارشەممە ۲۶-۰۲-۱۴۰۳   |  15-05-2024

ڕژیمی سەرمایەداری – ئیسلامیی ئێران لەماوەی ٤٥ ساڵی ڕابردوودا لە بواری ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیدا شەڕێکی بەردەوام و سەرتاسەری لە دژی چینی کرێکار بەڕێوەبردووە. لانیکەمی حەقدەست چەند هێندە لە ژێر هێڵی هەژارییەوەیە و تەنانەت پێدانی بەردەوامی حەقدەستەکان بووەتە یەکێک لە داواکارییەکانی کرێکارانی ئێران. لە ئەنجامدا بارودۆخی ژیانی کرێکاران بۆ ئاستێکی زۆر نزم و تاقەت پڕووکێن دابەزیوە. کرێکارانی ئێران بۆ دابینکردنی سەرپەنا و پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان بۆ بنەماڵەکانیان، هەندێک جار ناچارن سێ پیشەی ناجێگیر ئەنجام بدەن. حکوومەتی ئێران تەنانەت یاسای کاری خۆشی پێشێل دەکات و کەمترین ڕێز لە ڕێکەوتننامەکانی ڕێکخراوی جیهانیی کار ناگرێت. سەرکوتکردن و دەستگیرکردنی کرێکاران بووەتە بابەتێکی ڕۆژانە. لە هەموو ئەم ماوەیەدا چینی کرێکار لە ئێران سەرەڕای هەموو سەرکوتێکی وەحشیانە و بێبەریکرانی لە مافی بنەڕەتیی کار و مافی ئینسانی، خۆڕاگرییەکی شیاوی ستایشی لە خۆی نیشان داوە و لە نەبەردێکی یەکجار نابەرابەردا بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی خۆی خەباتی کردووە.

ساڵانە سەدان کرێکاری ناڕازی و چالاکی کرێکاری لە ئێران بەهۆی خەبات بۆ دەستەبەرکردنی ئەو مافە سەرەتاییانەی کە کرێکارانی سەرتاسەری جیهان بەڕەسمییان ناسیوە، لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە هەڕەشەیان لێدەکرێت، لەسەر کار دەردەکرێن، دەستگیر دەکرێن و ئەشکەنجە دەدرێن. لە ئێستادا ژمارەیەکی بەرچاو لە کرێکاران و چالاکانی کرێکاری ناڕازی بەو هۆیەوە سزای زیندانی درێژخایەنیان بەسەردا سەپێنراوە. ڕێکخراوە کرێکارییە سەربەخۆکانی ئێستا لەژێر فشارێکی بەردەوام و چڕدان. چالاکییەکانیان بە توندی سنووردار کراوەتەوە و زۆرێک لە کرێکارانی دەستەی دامەزرێنەر و ئەندامانیان یان زیندانی کراون یان لەژێر فشاری دایمی سەرکوتگەرانی حکوومەتی دان و بەبێ دادگاییکردن بۆ ماوەیەکی دوور و درێژە دەستبەسەرکراون. هەروەها لە کەس شاراوە نییە کە ڕژیمی دەسەڵاتدار لە ئێران توندترین سەرکوت، فشار، تەحقیر و هەڕەشە بەرامبەر بە ژنان، بەتایبەت ژنانی کرێکار و ڕۆشنبیر بەڕێوەدەبات.

کۆماری ئیسلامی ئێران وەک ئەندامێکی ڕێکخراوی جیهانیی کار ئەرکی سەر شانیەتی کە پابەند بێت بە کۆنوانسیۆنەکانی ئەم ڕێکخراوە لەوانە ئازادیی ڕێکخراوەکان و پەیمانە جەمعییەکان. بەڵام ڕژیمی دەسەڵاتداری ئێران بە ئاشکرا و بێ شەرمانە ئەم ڕێکەوتنە لازمولئیجرایانە پێشێل دەکات. ڕژیمی ئێران سەرەڕای هەبوونی پێشینەی دوورودرێژی سەرکوت و توندوتیژیی بەرامبەر بە کرێکاران لەماوەی ٤٥ ساڵی ڕابردوو و سەرەڕای پێشێلکردنی بەردەوامی مافی کرێکاران، ڕێگەی پێدراوە نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی نزیک لە حکوومەت، لەوانە “ناوەندی باڵای شۆرا ئیسلامییەکانی کار” لە جیاتی نوێنەرانی سەربەخۆ و ڕاستەقینەی کرێکاران بۆ کۆنفڕانسی ساڵانەی ڕێکخراوی جیهانیی کار بنێرێت. ئەوەش لە کاتێکدایە کە هیچ نیشانەیەک لە چاوەدێریی ڕێکخراوی جیهانی کار نابیندرێت بۆ سەلماندنی سەربەخۆبوونی نوێنەرانی کرێکاری. لەوەش جێگەی داختر ئەوەیە ئەم کەسە نیابەتییانە تەنانەت پلەیان بۆ ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی و کۆمیتەکانی دیکە بەرز دەکرێتەوە. کۆماری ئیسلامی نوێنەرانی خاوەەنکارانیش خۆی هەڵیدەبژێرێت و هەربۆیە هەموو نوێنەرانی ئێران، کارگێڕ و دەست و پەیوەندی حکوومەتی ئیسلامین.

ساڵەهایە ڕێکخراوە سەربەخۆکان و چالاکانی کرێکاری لە ئێران تەئکیدیان کردووە کە ئەم بەناو “هەیئەتە کرێکارییانەی ئێران” لە ڕێکخراوی جیهانیی کار، نوێنەرای کرێکارانی ئێران نین و داوایان لە ناوەندە پەیوەندیدارەکانی ڕێکخراوی جیهانیی کار کردووە کە بەر بەم ساختەکارییە بێشەرمانەیە بگرن، بەڵام بەرەوڕووی دیواری ئەستووری بێدەنگی بوونەتەوە. لە ساڵی ٢٠٠٥ دوای سکاڵایەک لە دەوڵەتی ئێران سەبارەت بە پێشێلکردنی مافی کرێکاران، دۆسیەیەک لە ڕێکخراوی جیهانیی کار پێکهات. لەو کاتەوە هەتا ئێستا هەموو ساڵێ سکاڵای زیاتر بە دۆسیەکە زیاد بووە، بەڵام دوای تێپەڕینی نزیک بە ٢٠ ساڵ، ڕێکخراوی جیهانیی کار هیچ هەنگاوێکی گرینگ و کاریگەری بۆ وڵامدانەوە بەم سکاڵایانە هەڵنەگرتووە. ١١٢هەمین کۆنفرانسی ڕێکخراوی جیهانیی کار لە ٣ تا ١٤ی مانگی ژوئەنی ٢٠٢٤ لە ژنێڤ بەڕێوەدەچێت. کرێکاران و کۆمەڵگەی کرێکاریی ئێران چاوەڕوانی ئەوەن کە نوێنەرانی کرێکارانی وڵاتانی جۆراوجۆر لە ڕێکخراوی جیهانیی کار، لەقاودەری ئەم ڕژیمە دژەکرێکارە بن و هەوڵ بدەن تریبوونە جیهانییەکان لەدەست ئەو کەسانە دەربێنن کە بە درۆ و لەڕێگەی ئامرازی حکوومەتییەوە کورسیی ڕێکخراوی جیهانیی کاریان داگیر کروودە. ئێمە ڕێکخراوە سەربەخۆ کرێکارییەکان و خانەنشینانی واژۆکاری ئەم نامەیە و کرێکارانی زیندانی لە ئێران، داوا لە ڕێکخراوە کرێکارییەکان و چینی کرێکار لە سەرتاسەری جیهان دەکەین کە لە خەباتی کرێکارانی ئێران پشتیوانی بکەن و ئەحکامی سەرەڕۆیانە و زاڵمانەی زیندانی درێژماوە لەدژی ئەوان ڕاشکاوانە ئیدانە بکەن.

داوا لە کرێکاران و یەکیەتییە کرێکارییەکانی جیهان دەکەین کە لەئاست پێشێلکردنی مافی کرێکارانی ئێران و سەرکوت و جۆرەکانی تری ستەم کە کۆماری ئیسلامی بەسەر کرێکارانیدا دەسەپێنێ، کەمتەرخەم نەبن. لە خەبات بۆ مافی ئازادیی ڕێکخراو، پەیمانە جەمعییەکان و ئازادیی زیندانیانی سیاسی بەتایبەت کرێکارانی زیندانی، ببنە زمانی ڕاشکاوی کرێکارانی ئێران و لەم ڕێگەوە هاوپشتیی جیهانیی چینی کرێکار نیشان بدەن. بژی یەکڕیزی و تەبایی نێونەتەوەیی کرێکاران!

٢٣ی گوڵانی ١٤٠٣ی هەتاوی

سەندیکای کرێکارانی نەیشەکەری حەوت تەپە

گرووپی یەکیەتیی خانەنشینەکان

کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ یارمەتیدان بە پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان

کرێکارانی خانەنشینی خووزستان