فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پەیامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بەبۆنەی نەورۆز و ساڵی تازەی ١٤٠٣
چوارشەممە ۰۱-۰۱-۱۴۰۳   |  20-03-2024

بەهار، هێمای بووژانەوە و تازەبوونەوە و حەرەکەتی سرووشت لە کاتێکدا دێت کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی سەرەڕای گرتنی گیانی بێ ئەژماری ئینسانەکان و تاڵانکردنی نانی سفرەی بێبەشان و داسەپاندنی خەم و پەژارە و ڕەنجی لەتاقەت بەدەر بەسەر خەڵکی ئێران نەیتوانیوە چاوترسێنیان بکات. بەڵکوو گڕوتین و هاوپشتیی خەباتکارانە و هیوا بۆ ژیانێکی باشتر بەردەوام لەناو دڵیاندا تەشەنە دەستێنێ. نەورۆز و ساڵی تازە لە حاڵێکدا دێت کە لە درێژەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادیدا، مانگرتن و ناڕەزایەتیی شکۆمەندی کرێکاران، ڕەزمی خانەنشینان لەسەر شەقامەکان، شکست پێهێنانی گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنەکانی ڕژیم، پێشەنگایەتیی ژنان لەم هەڵمەتانە و لە پاشەکشەپێکردن بە ئیجبارەکانی حکوومەت، بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمە شکۆدارەکانی نەورۆز، هەر هەموویان هیوای ساڵێکی جیاواز و پڕ لە ئاڵوگۆڕی خستووەتە ناو دڵی هەموو ئازادیخوازان و جەماوەری خەڵکەوە. ئەگەر هاتنی بەهار نیشانەی توانەوەی سەهۆڵەکان و تێپەڕاندنی وەرزی سەرما و بەستەڵەکی زستانە، بەردەوامبوونی چالاکی و خەبات لە بوارە جۆاروجۆرەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئەو ئاڵوگۆڕە مەزنەی کە لە هوشیاریی جەماوەردا پێکهاتووە نیشانەی ئەوەیە کە تێپەڕین لە بەستەڵەکی حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی ئازاد و یەکسان و خۆشبژێو لەسەر وێرانەکانی ئەم دەسەڵاتە مومکینە. ئەگەر بڕوانینە ئاوێنەی دوژمن، هێزی هاوپشتیی و تەسلیم نەبوونی جەماوەری بێبەشی کۆمەڵگا دژبە زوڵم و زۆر و نابەرابەرییەکان لە سیمای قەیراناویی دوژمن، لە تەفرەقەیەک کە کەوتووەتە ناو ڕیزەکانیان و لەو ترس و لەرزەی کە لە جەستەی سەرانی ڕژیم نیشتووە، دەتوانین بیبینین. مژدەی سەرکەوتن لە ڕوخساری ترساوی دوژمنیشدا دەبیندرێ.

بەڵام بۆ سەرکەوتن و دامەزراندنی جیهانێکی نوێ دەبێ پێداویستییەکانی ئامادە بکەین. ئاخێزە سەرتاسەرییەکانی ساڵانی ڕابردوو و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا سەرەڕای هەموو گیانفیدایی و شکۆ و عەزەمەت و دەستکەوتەکانیان، نیشانیان دا کە بە بزووتنەوەی خۆڕسک، لە نەبوونی ڕێکخستنی بزووتنەوەی کرێکاری و باقیی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان و لە نەبوونی ڕێبەرییەکی سیاسیی شۆڕشگێڕ و سەرتاسەری کە ئاسۆیەکی ڕوون لە مەسیری پێشڕەوی بخاتە بەردەم بزووتنەوەی ئازادیخوازانە و شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ئێران، سەرکەوتن بەسەر دوژمن کارێکی سادە نییە. ئەم ئاڵوگۆڕانە و بەتایبەت بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا زیاتر لە هەموو کاتێکی تر زەروورەتی سازماندان و پێکهێنانی ڕێبەریی سیاسی و سەرتاسەریی لەئاستێکی بەریندا بردووەتە ناو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان.

چینی کرێکاری ئێران سەرەڕای بەربەستی سەرکوت، هەژاری پێکهاتەیی و بێوێنە، نائەمنیی پیشە و باقی بەربەستەکانی تر دەتوانێ بە پشت بەستن بە دەستکەوتی خەباتکارانەی هەتا ئێستای خۆی بەسەر ئەم بەربەست و ئاستەنگانەدا زاڵ بێت. بوونی کۆمیتەکانی کارخانە، کۆمیتەکانی مانگرتن، بەرێوەچوونی کۆبوونەوە گشتییەکان و هاتنە مەیدانی توێژێکی بەرین لە هەڵسووڕاوان و پێشڕەوانی بزووتنەوەی کرێکاری بە ئاراستەی شۆرایی، زەرفیەتەکانی بزووتنەوەی کرێکاری بۆ زاڵبوون بەسەر ئەم بەربەستانە نیشان دەدات. بەشداریی بەرچاوی ژنان لە بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی خانەنشینان و مامۆستایان وەک بەشێک لە بزووتنەوەی کرێکاری و لە بزووتنەوەی خوێندکاری و ڕۆڵی ئەوان لە ڕێکخستنی سەرتاسەری و ڕێبەریی ئەم بزووتنەوانە نیشانەی زەرفیەت و توانای بەرینی بزووتنەوەی ژنانە لە بواری ڕێکخستندا. بزووتنەوەی ڕزگاریی ژن لە مەسیری پێشڕەویی خۆیدا دەتوانێ هێزی مەزنی ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش بەشێوەی ڕێکخراو بێنێتە مەیدان. بزووتنەوەی خوێندکاری لە یەک دەیە و نیوی ڕابردوودا و بەتایبەت لەماوەی یەک ساڵ و نیوی ڕابردوو گەلێک زەرفیەتی بەرچاوی لە بواری سازماندان و هاوپشتی لەگەڵ باقیی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان لەخۆی نیشان داوە. بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان بە بەشداریی بەرچاوی خۆی لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی سەرتاسەری، بوو بە چاو و چرای خەڵکی ئێران و بۆ جارێکی دیکە نیشانی دا کە پایەکی سەرەکی هەر ئاڵوگۆڕێکی سیاسی و شۆڕشگێڕانە لە ئێرانە و پۆتانسیەلی ئەوەی هەیە کە هێزی کرێکاران و زەحمەتکێشان ڕێکخراوتر بێنێتە مەیدان. گەشەپێدان و بەهێزکردنی پەیوەندیی ئەم بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییانە دەتوانێ بەستێنەکانی مانگرتنە سیاسییە جەماوەرییەکان لە سەرتاسەری ئێران ئامادە بکات. بێگومان هەتا کاتێک چالاکی و خەبات بەردەوام بێت و هیوا بۆ ئاڵوگۆڕ لەناو دڵاندا زیندوو بێت، سەرکەوتن لە ئاسۆ دایە.

حیزبی کۆمۆنیستی ئێران نەورۆز و ساڵی تازە و ئەم بزووتنەوە پڕ لە سۆز و یەکگرتوویی و ژیانە، لە هەموو ئەو خەڵکانەی جێژنی بۆ دەگرن، لە بنەماڵەی گیانبەختکردووانی ڕێگای ئازادی، لەو دایکانەی کە تۆوی ئازادییان ناشت، لە زیندانیانی سیاسی کە بەندیخانەشیان کردووەتە سەنگەری خەبات لەدژی ڕژیمی جەهل و خورافەی سەرمایەی کۆماری ئیسلامی، پیرۆزبایی دەکات. دوور نییە ئەو ڕۆژەی لەگەڵ تێکەڵاوبوونی ڕووبارەکانی خەبات و شۆڕش، دەروازەی زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران لەلایەن جەماوەری ڕاپەڕیوەوە تێکبشکێت و زیندانیانی سیاسی لەگەڵ بنەماڵەکانیان و خەڵکی ڕاپەڕیو سەرکەوتن لە ئامێز بگرن و مزگێنیی ئازادی و یەکسانی و خۆشبژێویی هەموو ئینسانەکان بدەن.

پیرۆز بێت بەهار و ساڵی تازە

کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

٢٨ی ڕەشەممەی ١٤٠٢

١٨ی مارسی ٢٠٢٤

تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە