
بەهار، هێمای بووژانەوە و تازەبوونەوە بە باوەشی پڕ لە سەوزەڵانی و گوڵەوە لە کاتێکدا دێت کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە بەند کردنی چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، بە هەڵواسینی تەنافی مەرگ بەسەر سەری ژنان و پیاوانی تێکۆشەر و ئازادیخواز، بە ڕفاندنی نانی سەر سفرەی هەژاران و بە بێبەش کردنیان لە ئاو و بەرق و هەوای پاک، غەم و پەژارە و ئازاری تاقەتپڕووکێنی بەسەر زۆرینەی خەڵکی ئێراندا سەپاندووە. بەم حاڵەوە درێژەی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاران، خانەنشینان، موعەلیمان، خوێندکاران، بەندکراوانی سیاسی، نووسەران، دادخوازان و ڕەزم و خەباتی ژنانی ئازادیخواز کە نیزامی هەڵاواردنی ڕەگەزیی زاڵیان لە بوارە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتییەکاندا بردووەتە ژێر پرسیارەوە، هیوای ساڵێکی جیاواز و پڕ لە ئاڵوگۆڕی خستووەتە ناو دڵی هەموو ئازادیخوازان و کرێکاران و زەحمەتکێشانەوە. ئەگەر هاتنی بەهار نیشانەی توانەوەی سەهۆڵەکان و تێپەڕینی وەرزی سەرما و بەستەڵەکی زستانە، لەلایەکی دیکەوە درێژەی ئەم خەباتە و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا بەشێوازی جۆراوجۆر و جەژنە پڕگڕوتینەکانی نەورۆز لە کوردستان نیشانەی ئاڵوگۆڕێکی مەزن لە هۆشیاریی ئەو جەماوەرەدایە کە بڕیاریان داوە بە شێوەی شۆڕشگێڕانە لە زستانی حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران تێپەڕن. شۆڕشگێڕان و ئاڵوگۆڕخوازان لەسەر ئەو باوەڕەن کە دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی بەدوور لە چەوسانەوەی ئینسان بەدەستی ئینسان، بەدوور لە زوڵم و ستەم و تاریکبیری، کۆمەڵگایەکی ئازاد و یەکسان و خۆشبژێو مومکینە. کۆمەڵگایەک کە ئازادی و یەکسانی و خۆشگوزەرانی گشتگیر جێگەی کۆیلایەتی و جیاکاری و نایەکسانی و بێبەشی دەگرێتەوە و دەرفەتی یەکسان بۆ گەشەکردن و پشکوتنی داهێنان و تواناکانی ئینسان دابین دەکرێت.
بەڵام خەبات بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی ئازاد و بەرابەر بە بێ خەباتی یەکگرتووانە و هێنانە مەیدان و ڕێکخستنی چینی کرێکار واتە تەنیا چینێک کە هیچ قازانجێکی لە پاراستنی موناسباتی کۆنەی بەرهەمهێناندا نییە، لەئاستی کۆمەڵایەتیدا بەسەرکەوتن ناگات. چینی کرێکارێک کە ئاسۆیەکی ڕوونی لە ڕێگای پێشڕەوی و قۆناغەکانی سەرکەوتنی خۆی هەبێت. چینێک کە توانیبێتی هەموو زەحمەتکێشان و بەشمەینەتانی کۆمەڵگا و بزووتنەوە پێشڕەو و ئازادیخوازەکانی کۆمەڵگای لەگەڵ خۆی یەکگرتوو و هاوڕێ کردبێ و ڕێبەریکردنی هەموو کۆمەڵگا لەم ئاڵوگۆڕە گەورە سیاسی و کۆمەڵایەتییەدا وەئەستۆ بگرێت. تەنیا لە ڕەوتی ئەم خەباتەدایە کە چینی کرێکار توانا و هێزی کۆمەڵایەتیی خۆی دەناسێت. لە هەر سەرکەوتن و پاشەکشە و شکستێک بۆ درێژەی حەرەکەتی خۆی هێزی لێوەردەگرێت، هوشیارتر دەبێت، ڕێکخراوتر هەنگاو دەنێت و بەدیلی سیاسی خۆی پێکدێنێت و لەئاستی گشت کۆمەڵگادا هۆگرایەتیی پێدەبەخشێت.
مێژوو گەلێک جار نیشانی داوە کە کاتێک کرێکاران و جەماوەری بەرینی بێبەش و چەوساوە یەک دڵ و هاودەنگ بۆ ڕزگارکردنی خۆیان دێنە مەیدانی نەبەرد، نەبەردێکی هەمەلایەنە دژبە ستەمکاران و دەسەڵاتەکەیان، هیچ هێزێک بەرگەیان ناگرێ. گۆڕینی ئەم بارودۆخە، زاڵبوون بەسەر خاڵە لاواز و کەموکوڕییەکان، پەرەپێدانی متمانەبەخۆیی و باوەڕ بە هێزی خۆ لەناو جەماوەری بەرینی کرێکار و زەحمەتکێش، کردنەوەی ئاسۆیەکی ڕوون لەبەردەم کۆمەڵگا، هەر هەموویان لە جەرگەی خەباتی پڕگڕوتینی ئێستادا مومکینە. خەباتێک کە هەتا ئێستا جیلێک لە ڕێبەرانی لە دڵی خۆیدا پەروەردە کردووە و هێناویەتە مەیدان، بەردی بناغەی ڕێکخراوە جەماوەری و چینایەتییەکانی بەرەی کار و زەحمەتی داناوە و هیوای ئاڵوگۆڕ و وەرچەرخانی بەهێز کردووە. دەورونەخشی چالاکانی سۆسیالیست لە بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکانی دیکەدا، ڕۆڵ و پێگەیەک کە لە ڕێکخستنی بزووتنەوەی مەزنی چەپی کۆمەڵایەتیدا دەیگێڕن، بە هیچ کار و چالاکییەکی تر جێگای پڕ ناکرێتەوە. لەم قۆناغەدا پێویستە هەموو هێزی ئەم چەپە کۆمەڵایەتییە بخرێتە خزمەت بەهێزکردنی ڕێکخستن و پێکهێنانی ڕێبەریی سیاسیی سەرتاسەری. بۆ پێکهێنانی ئاڵترناتیڤێکی سۆسیالیستی و ڕزگاریبەخش، ئەم هێزە چەپە کۆمەڵایەتییە و کۆمۆنیستە ڕێکخراو و حیزبییەکان دەبێ بە یەک بگەن و پەیوەندی سیاسی و مەعنەوی خۆیان بکەنە پەیوەندییەکی زیندوو و ئۆرگانیک. لە کاتکێدا کە هێزە ڕەنگاوڕەنگەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازی لە کەمیندان بۆ ئەوەی لە ئاڵوگۆڕەکانی داهاتوودا بە یارمەتیی دەسەڵاتەکانی ڕۆژاوا لەسەر سەری خەڵکەوە دەسەڵاتی سیاسی بگرنە دەست و ڕژیمێکی سەرمایەدرایی دیکتاتۆری غەیری دینی بخەنە جێگای حکوومەتی ئیسلامی، هەوڵی ماندوویی نەناسانە بۆ پێکهێنانی ئاڵترناتیڤێکی سۆسیالیستی کە جەماوەری مەزنی خەڵکی ستەمدیدەی ئێران بتوانن بۆ ڕزگاری لە چنگ حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران و ڕزگاری لە جەهەنەمێک کە بەرپای کردووە ئۆمێدی پێ ببەستن، سەد هێندە گرینگ بووەتەوە.
ئەگەر سرووشت لە دڵی بەردی سەخت و سارد و بەستوودا دەبووژێتەوە، هێوای دامەزراندن و بەرپاکردنی جیهانێکی بەدوور لە ستەم، جیهانێکی شیاوی ئینسانی ئەمڕۆ، دەمێکە لە ناو بەردی بەربەریەتی نیزامی سەرمایەداری ئیسلامیدا بووژاوەتەوە و هەموو ڕۆژێ ژمارەیەکی زیاتر لە ئیسانەکان بە بەرەی دامەزرێنەرانی لێبڕاوی جیهانێکی تر پەیوەست دەبن. حیزبی کۆمۆنیستی ئێران نەورۆز و ساڵی تازە، ئەم بزووتنەوە پڕگڕوتین و یەکگرتوو و پڕ لە ژیانە، لە هەموو ئەو خەڵکەی جەژنی بۆ دەگرن، لە بنەماڵەی گیانبەختکردووانی ڕێگای ئازادی، لەو دایکانەی تۆوی ئازادییان چاند، لە بەندکراوانی سیاسی کە بەندیخانەشیان کردووەتە سەنگەری خەبات دژبە سزای ئێعدام و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، سەمیمانە پیرۆزبایی دەکات.
بەهار و نەورۆزتان لێ پیرۆز بێت
کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
٢٨ی ڕەشەممەی ١٤٠٤ی هەتاوی
١٨ی مارسی ٢٠٢٥ی زایینی
بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەویزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە
facebook.com/Peshrawcpiran
instagram.com/Peshrawcpirn