فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پەیامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بەبۆنەی نەورۆز و دەستپێکی ساڵی ١٤٠٥ی هەتاوی
پێنجشەممە ۲۸-۱۲-۱۴۰۴   |  19-03-2026

بەهار، ئەم هێما و سەمبولەی زیندوویی و بووژانەوەی سروشت، لە کاتێکدا دێت کە خەڵکی ئێران لەژێر سێبەری شەڕ و گرمەی فڕۆکە شەڕکەر و بۆمبهاوێژەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا، ڕۆژگار و ساتەوەختگەلێکی زۆر سەخت و دژوار تێدەپەڕێنن. هێشتا گڕی تووڕەیی و ناڕەزایەتیی خەڵکی ئێران دژی تاوانە سامناکەکەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی بەفرانباردا -کە تێیدا هەزاران مرۆڤی ناڕازییان بەوپەڕی دڕندەییەوە خەڵتانی خوێن کرد- دانەمرکابووەوە، کە ئەمجارە لە نێو بڵێسەی شەڕێکی کۆنەپەرستانە و وێرانکەردا گیرۆدە بوون. شەڕێک کە کۆماری ئیسلامی خۆی یەکێکە لە هەڵگیرسێنەرانی و هەر لە یەکەم ڕۆژیشدا بە کارەساتی دڵتەزێنی کوشتاری منداڵانی قوتابخانەیەکی سەرەتایی لە میناب، ڕوخسارە دزێوەکەی خۆی نیشان دا.

نەورۆز و بەهاری ئەمساڵ لە هەلومەرجێکدا دێن کە خەڵکی ئێران هاوکات کەوتوونەتە ژێر مەنگەنەی شەڕ، وێرانی، کوشتار، ئاوارەیی، گرانییەکی بێسنوور، هەژاریی ئابووری و پەرەسەندنی سەرکوت بە بیانووی کەشی شەڕەوە. لەم ڕۆژە سەختانەدا کە بەهێزکردنی یەکگرتوویی و هاوپشتی بۆ کەمکردنەوەی نەهامەتییەکانی ئەم شەڕە لەسەر کار، ژیان و ئاسایشی خەڵک و زیندوو ڕاگرتنی هیوای گۆڕانکاری بووەتە ڕەمزی تێپەڕبوون لەم قۆناغە، هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە کرێکاران، زەحمەتکێشان و خەڵکی ئازادیخوازی ئێران بە پشتبەستن بەو ئەزموونە بەنرخانەی کە لە ڕەوتی ڕاپەڕینە جەماوەرییەکان و خەبات دژی کۆماری ئیسلامی و لە پێناو بەرگریکردن لە بەها مرۆییەکاندا بەدەستیان هێناوە، ئەم قۆناغەش تێدەپەڕێنن. خەڵکی ئازادیخوازی ئێران تەنانەت دوای تاوانە دژەمرۆییەکەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەئاست ڕاپەڕینە سەرتاسەرییەکەی بەفرانباری ئەم دواییە، نەک هەر ئەژنۆی خەمیان لە باوەش نەگرت، بەڵکوو ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردن و ڕێزلێنان لە یادی ئازیزانیان کردە گۆڕەپانی دادخوازی دژی ئەم ڕژیمە تاوانکارە. بزووتنەوەی خوێندکاری، لە کاردانەوە بە کۆمەڵکوژییەکەی بەفرانبار، زانکۆی کردە گۆڕەپانی خۆڕاگری و ناڕەزایەتی و خوێندکاران بە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە نێو گەمارۆی هێزە سەرکوتگەرەکاندا، بە ئازایەتییەکی کەم‌وێنەوە تاوانەکانی ڕژیمیان مەحکووم کرد و نیشانیان دا کە زانکۆ هێمای زیندووبوونی کۆمەڵگە و بەردەوامبوونی بەرخۆدانی نەوەی لاوە لە بەرامبەر کوشتار و سەرکوتدا.

لە هەلومەرجی ئێستادا کە ڕژیم بە ڕاگەیاندنی دۆخی شەڕ، سەدان کەس لە هاووڵاتییانی بە تۆمەتی هەڵبەستراو دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندان کردووە و شەپۆلی لەسێدارەدانەکانیش بەردەوامە، زیندانەکان بوونەتە یەکێک لە ناوەندەکانی قەیران و هێمای خۆڕاگری. هەزاران زیندانیی سیاسی کە زۆربەیان لە دوای ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون، لە بارودۆخێکی نامرۆڤانە و لە ژێر سێبەری تیغی لەسێدارەداندا ڕاگیراون. زیندانیان لە کەمترین پێداویستییە سەرەتاییەکان بێبەشن، خواردنی پێویست و دەستڕاگەیشتن بە چارەسەری پزیشکییان نییە و لە ژێر هەڕەشەی ئەشکەنجە، مەرگ و ئەگەری هێرشدان. سەرەڕای دۆخی شەڕ، و سەرەڕای ئەشکەنجە و گوشاری بەردەوام، خۆڕاگریی زیندانیان یەکێکە لە نموونە هەرە دیارەکانی ئازایەتی و بەرخۆدانی خەڵک لە بەرامبەر سەرکوتی سیستماتیکدا.

خەڵکی ئازادیخوازی ئێران!

ئەم شەڕە جارێکی تر نیشانی دا کە بە پێچەوانەی سیاسەت و هەڵوێستی فاشیستە سەڵتەنەتخوازەکان و ئەو بەشە لە ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوایی کە بۆ دەستپێکی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل چرکەژمێریان دەکرد، ئازادی لە ڕێگەی دەستتێوەردان و بۆردومانی ئەم زلهێزە ئیمپریالیستییانەوە بەدەست نایەت. شووشەی تەمەنی ڕژیمی تاوانکاری کۆماری ئیسلامی لە دەستی چینی کرێکار و خودی جەماوەری ئێراندایە. ئەگەرچی هەلومەرجی شەڕ، گرانیی بێسنوور، هەژاریی بێوێنە و پەرەسەندنی سەرکوت، ڕێگەی خەباتی سەختتر و پڕ لە کەند و کۆسپ کردووە، بەڵام هیچ چارەیەک نییە و دەبێ هیوای گۆڕانکاری ببوژێندرێتەوە و لەگەڵ تێکۆشان بۆ وەرچەرخان ئاوێتە بکرێت. لەم هەلومەرجەشدا، تێکۆشانی چالاکانی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی تر بۆ ڕێکخستنی مانگرتنە کرێکارییەکان و مانگرتنە سیاسییە جەماوەرییەکان کە هاوکات ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری، بەشە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگە و بەشداریی دەستە و گرووپە گەورەکانی خەڵک بگرێتەوە و شارەکان دابخات، بە داواکاریی کۆتاییهێنانی دەستبەجێی شەڕ، ئازادیی سەرجەم زیندانیانی سیاسی و هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان، دەتوانێت کۆماری ئیسلامی بخاتە ژێر گوشارێکی توندەوە و ماشێنی شەڕ و سەرکوتی ئەم ڕژیمە تاوانکارە ڕابگرێت و زەمینە و پێداویستییەکانی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی فەراهەم بکات. مێژوو گەلێک جار سەلماندوویەتی کە کاتێک کرێکاران و کۆمەڵانی بەرینی بێبەشان و خەڵکی ئازادیخواز یەکگرتوو و یەکدەنگ بۆ ڕزگارکردنی خۆیان پێ دەنێنە مەیدانی خەباتەوە، بۆ خەباتێکی هەمەلایەنە دژبە ستەمکاران و دەسەڵاتەکەیان، هیچ هێزێک ناتوانێت پێشیان پێ بگرێت.

حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، وێڕای پیرۆزبایی نەورۆز و ساڵی نوێ لە کرێکاران و خەڵکی ئازادیخوازی ئێران؛ لە بنەماڵەی سەربەرزی گیانبەختکردووانی ڕیزەکانی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران؛ لە بنەماڵەی گیانبەختکردووانی ڕێگەی ئازادی؛ لە بنەماڵە دادخوازەکان؛ لەو دایکانەی بە سەربەرزییەوە لە بەرامبەر بکوژانی ڕۆڵەکانیاندا سروودی ئازادییان چڕی، و لە زیندانیانی سیاسی کە ژوورەکانی زیندانیشیان کردووەتە سەنگەری خەبات دژی سزای لەسێدارەدان، ئاواتەخوازە ساڵی داهاتوو ساڵی پەرەسەندن و قایمکردنی یەکگرتوویی و هاوپشتی، ساڵی پێشڕەوی لە خەبات بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و وەدیهێنانی ئاشتی، ئازادی، بەرابەری، ئاسایش و خۆشگوزەرانی بێت.

کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

٢٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٤

١٨ی مارسی ٢٠٢٦