
خەڵکی تێکۆشەر و ئازادیخوازی کوردستان!
بەبۆنەی هاتنی نەورۆز و وەرزی بەهار و ساڵی تازە گەرمترین سڵاو و پیرۆزبایی ئێمەتان پێشکەش. ساڵێکی پڕ لە خۆشی و سەرکەوتن بۆ هەمووتان ئاواتەخوازین. هیوادارین ساڵی نوێ ساڵی سەرکەوتن بەسەر حکوومەتی دژە ئینسانی کۆماری ئیسلامیدا بێت. جێی خۆیەتی بەم بۆنەوە بۆ جارێکی دیکە ڕێز بگرێن لە یاد و بیرەوەریی هەموو منداڵان و ژنان و پیاوانێکی ئازیز کە لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینادا لەپێناوی ئازادی و ڕزگاری لەلایەن ڕژیمی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامی لەسەر شەقامەکان خەڵتانی خوێن کران و یان لە زیندانەکاندا ئێعدام کران. سڵاو و دروود دەنێرین بۆ بنەماڵە سەربەرزەکانیان و دڵنیایان دەکەینەوە کە یاد و بیرەوەریی جگەرگۆشەکانیان بۆ هەمیشە زیندوو دەمێنێتەوە.
هاتنی نەورۆز و ساڵی تازە لە هەموو زیندانیانی سیاسی لە کوردستان و سەرتاسەری ئێران پیرۆزبایی دەکەین. ئێوە خەڵکی تێکۆشەر و ئازادیخواز دەزانن کە ئەم ئازیزانە بەتاوانی دیفاع لە ئازادی و مافی ئینسانیی خۆیان و هاوچارەنووسانیان لە بەندی حکوومەتی ئیسلامیدا ئەسیرن. زیندانیانی سیاسی بەشێک لە پێشەنگانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی سەرتاسەرین کە لەناو دڵی خەڵکی ستەملێکراو و بێبەشی کۆمەڵگادا جێگایان هەیە. بێگومان دوور نییە ئەو ڕۆژەی کە لەگەڵ پێشڕەوی و سەرکەوتنی شۆڕش، دەرگای زیندانەکانی ڕژیم لەلایەن جەماوەری ڕاپەڕیوەوە تێکدەشکێ و بەندکراوانی سیاسی وەک قارەمانانی ئازادی دەگرینە باوەش و بەشانازی و سەربەرزییەوە دەگەڕێنەوە لای بنەماڵەکانیان.
خەڵکی تێکۆشەر!
پێشوازیی ئەمساڵی ئێوە ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و تێکۆشەری کوردستان لە نەورۆز لەئاستی دەیان هەزار کەسی لە شار و گوندەکانی کوردستان، دەست لەناو دەست و شان بەشانی یەک، بە سەما و شادی و هەڵپەڕین، بە لابردنی حیجابی ئیسلامی، گەلێک هەست بزوێن و سەرەنجڕاکێش بوو. ئەمە بەشێک لە نمایشی هێزی ئێوە بەرانبەر بە ڕژیمی جەهل و خورافەیە و نیشانەی گۆڕانی هاوسەنگیی هێز بە قازانجی بەرەی خەباتی ئێوەی خەڵکە دژبە حکوومەتی ئیسلامی. ڕێوڕەسمە جەماوەرییەکانی نەورۆز هەڵگری گەلێک پەیامی سیاسی و خەباتکارانە بوون. هەڵگری پەیامی بەردەوامبوونی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەیە هەتا ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی کە لە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” و لە ئاواز و سروودی شۆڕشگێڕانەدا ڕەنگی داوەتەوە. هەڵگری پەیامی خۆڕاگری و پایەداریی ئێوە بەرانبەر بە یاسای پرتووکاوی دەسەڵاتی ئیسلامییە کە ٤٥ ساڵە بە فریوکاری و بە سەرکوت و دیکتاتۆری هەوڵ دەدات خورافە و ماتەمین و گریان بەدژی شەوق و شادی و خۆشیی ئێوە، بەسەر کلتووری کۆمەڵگادا بسەپێنێت. بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمە شکۆدارەکانی نەورۆزی ئەمساڵ لە کوردستان لەماوەی سێ هەفتەی ڕابردوو و لەژێر کەشوهەوای یەکجار ئەمنیەتیدا، نیشانەی بێتوانابوونی حکوومەتی ئیسلامییە لە زاڵکردنی فەزای ترس و وەحشەت لە کوردستان. نیشانەی شکستی فەرهەنگ و یاسای کۆنەپەرستانەی ئیسلامییە بەرانبەر بە فەرهەنگی پێشڕەو و پێشکەوتووی کۆمەڵگا.
هەر لەم ماوەیەدا، “نا”ی لێبڕاوانەی ئێوە خەڵکی خەباتکاری کوردستان بە کۆماری ئیسلامی و چۆڵ هێشتنەوەی دەوری سندووقەکانی دەنگدان لە نمایشی ئینتخابات، زەربەیەکی کاریگەر و شکستێکی دیکە بۆ ڕێبەران و سەرانی ڕژیمی ئیسلامی بوو. ئێوە خەڵکی تێکۆشەر بۆ جارێکی تر ڕاتانگەیاند کە دەنگی ئێوە تەنیا ڕووخاندنی گشت کۆماری ئیسلامییە. شکستی سەرشۆڕانەی ڕژیم لە گاڵتەجاڕی ئینتخاباتی ئەم دەورەیە هەر لە پێشترەوە ئاشکرا بوو. تا جێیەک کە زۆزێک لە ڕێکخراوە سیاسی، مەدەنی، سینفی و هونەرییەکان لە ناوەوە تەنانەت زۆرێک لە مۆرە بەرچاوەکانی کۆماری ئیسلامی لەونە محەممەدی خاتەمیش بۆ پاکانە کردن بۆ خۆی، لە چوون بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان خۆیان بوارد. وەها ئاکامێکی شەرمەزارکەر لە شانۆی ئینتخابات، بۆ جارێکی تر نیشانی دا کە حکوومەتی ئیسلامی لای خەڵک هیچ مەشرووعیەتێکی نییە.
کرێکاران، جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێش و ستەملێکراوی کوردستان!
لە بارودۆخێکدا لە کۆتایی ساڵ و هاتنی نەورۆز نزیک دەبینەوە کە قەیرانی ئابووریی ڕژیم قووڵتر بووەتەوە. لە حاڵێکدا کە هەزینەی سەبەدی مەعیشەتی بنەماڵەیەک لە ٣٠ ملیۆن تمەن تێپەڕیوە و ئاماری ناوەندە ماڵییەکانی خودی ڕژیم ڕێژەی تەوەرۆمیان سەرووی ٤٠ لەسەد ڕاگەیاندووە، دەوڵەتی وەرشکستەی ڕەئیسیی قاتڵ بردنەسەری ١٨ و ٢٠ لەسەدیی لانیکەمی حەقدەستی لە نەزەر گرتووە. هەتا ئێستا ڕژیمی دژەکرێکاری کۆماری ئیسلامی هەرجۆرە مانگرتن و ناڕەزایەتیی ڕەوای ئێوەی بۆ بردنەسەری حەقدەستەکان بە گولـلە و زیندان و ئەشکەنجە وڵام داوەتەوە. کۆماری ئیسلامی دەیهەوێ قەیرانی قووڵی ئابووریی خۆی بە تاڵانکردنی گیرفان و سفرەی ئێوەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش چارەسەر بکات. بەمجۆرە ئەمساڵیش ئێوە کرێکاران و بێبەشانی کۆمەڵگا لەسەر سفرەی نەورۆزی توانای دابینکردنی ژەمێکی خواردنی گونجاوتان نابێت. ناتوانن ئیمکاناتی بژێو و خوێندن و تەندرۆستی بۆ جگەرگۆشەکانتان فەراهەم بکەن. لە سەروبەندی نەورۆزدا مندڵانی ئێوە لە هەبوونی جلوبەرگ و کەوشی تازە و ئیمکاناتی یاری و ڕەفاهی بێبەش و بێبەرین. بێگومان ئێوەش لەم بارودۆخە نالەبارە ماڵییەی کە کۆماری ئیسلامی بەسەر ئێوە و ڕۆڵەکانتانیدا سەپاندووە، لە ڕەنج و عەزاب دان.
ئەوەش لە حاڵێکدایە کە خامنەیی و باقیی ڕێبەرانی حکوومەتی ئیسلامی و ئاغازادەکان ژیانێکی شاهانەیان هەیە و بە تاڵانکردنی بەرهەمی ڕەنج و کاری ئێوە لە ڕەفاه و ئاسایشدا بەسەر دەبەن. لە وەها فەزایەک لە دزی و گەندەڵی و ڕانتخۆریدا، ناڕەزایەتیی ئێوە بەرامبەر بە وەزعیەتی فەلاکەتباری ژیان لەلایەن ڕژیمەوە بە ئاژاوەگێڕی و پیلانی دەوڵەتانی دەرەکی وەسف دەکرێ. ناڕەزایەتیی مامۆستایان و خانەنشینانی شەریف دژبە وەزعیەتی نالەباری ماڵیی خۆیان بە دوژمنی دەرەکی نیسبەت دەدرێ و لەسەر ئەم بنەمایە پەروەندەی ئەمنیەتییان بۆ دروست دەکرێت. ناڕەزایەتیی خوێندکاران و پەرستاران، ناو دەنێن تێکدانی ئەوەیکە خۆیان پێی دەڵێن “سوبات و ئەمنیەت” و بەم بینانووەوە هێرشیان دەکەنە سەر. بەڵام لەڕاستیدا ئەوە ڕێبەران و سەرانی حکوومەتن کە هێزە سەرکوتگەرەکان و سیخوڕانی تەڵەبە و بەسیجییە لات و چەقۆکێشەکان و بەکرێگیراوانیان لە گیانی خەڵک بەرداوە و ئاسایش و ئەمنیەت و چوارچێوەی خسووسییان پێشێل دەکەن. جاسووسی کردن و فیلم گرتنی ئاخوندێک لە دایکێکی تێکۆشەر کە هەفتەی ڕابردوو لە دەرمانگایەکی قۆم ڕوویدا، نموونەیەکی ڕوون و بەرچاوی پێکهێنانی نائەمنی و دەخاڵەت کردن لە ژیانی خسووسیی ئینسانەکانە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە. هەڵبەت ئەمەش خۆی بوو بە ڕسواییەکی دیکە بۆ حکوومەتی ئیسلامی.
هاوڕێیانی تێکۆشەر و هەڵسووڕاوان و پێشڕەوانی سۆسیالیست!
لەئێستادا کۆماری ئیسلامی لە قەیراناویترین پێگە و لە بنبەستی تەواو دایە. هیچ وڵامێکی بۆ داخوازیی کرێکاران و زەحمەتکێشان نییە. ناتوانێ هیچ چەشنە گۆڕان و باشبوونێک لە ئەوزاعی ئابووری و ژیانی خەڵکدا پێکبێنێت. زیادبوونی ٧٥ لەسەدیی ئێعدامەکان لەماوەی ساڵی ڕابردوو و تەنگتر کردنەوەی زیاتری بازنەی مافیای دەسەڵات لە شانۆی هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییە بەئامانجی یەکدەستکردنی زیاتری دەسەڵات، هۆکارەکەی ترس و نیگەرانیی ئەوانە لە سەرهەڵدانی ئاخێزێکی جەماوەریی ڕێکخراو و سەرتاسەری. بەڵام گەشەی مانگرتنی کرێکاری و ناڕەزایەتی جەماوەری لەم قۆناغەدا پێشەنگێکە بۆ ڕاپەڕینێکی دیکەی جەماوەری کە دەبێتە هۆی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی و ڕووخاندنی حکوومەتی سەرمایەداری کۆماری ئیسلامی. دەورونەخشی ڕێبەریی ئێوە لە هەوڵ بۆ پەرەپێدانی هەرچی زیاتری ئاسۆی سۆسیالیستی لەناو ژنان و پیاوانی کرێکار و زەحمەتکێش و هەوڵ بۆ ڕێکخستنی کۆمیتەکان و شۆراکانی مەحەلات و پێکهێنانی ڕێکخراوە جەماوری و چینایەتییەکان لەناویاندا، ئیقداماتێکی زەروورین بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو زەعف و کەموکوڕییانەی کە هەتا ئێستا مانعی بەرەوپێشچوون و سەرکەوتن بوون.
جارێکی تر پیرۆزبایی هاتنی نەورۆز لە هەموو خەڵکی تێکۆشەری کوردستان و سەرتاسەری ئێران دەکەین و هیوای سەرکەوتنی کۆتایی لە نەبەرد دژی حکوومەتی دیکتاتۆر و سەرکوتگەری کۆماری ئیسلامی بۆ ئێوە دەخوازین.
کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران