
لە سەرەتای ژوئەنی ٢٠٢٥ەوە، ئامارەکان قووڵایی کارەساتی بێوێنەی غەززەیان ئاشکرا کردووە. لە ئۆکتۆبری ساڵی ٢٠٢٣ەوە هەتا ژانویەی ٢٠٢٥ زیاتر لە ٨٤ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە. ئەمەش ئامارێکە لەسەر بنەمای یەکەم هەڵسەنگاندنی سەربەخۆی گیانلەدەستدان لە ناوچەکەدا. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان، زیاتر لە نیوەی قوربانییان ژن و منداڵ و بەساڵاچووانن. هەروەها وەزارەتی تەندروستی غەززە تا ناوەڕاستی مانگی ژوئەنی ٢٠٢٥، پەنجا و پێنج هەزار و ١٠٤ حاڵەتی گیانلەدەستدان و ١٢٧ هەزار و ٣٩٤ برینداری تۆمارکردووە و جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە هێستا هەزاران تەرم لە ژێر داروپەردوودا ماونەتەوە یان لەو ناوچانەدان کە دەست پێیان ڕاناگات. ئەم ژمارانە نەتەنیا لەگەڵ هەڵسەنگاندنە سەربەخۆکان یەکدەگرێتەوە، بەڵکوو قووڵایی ئەو کارەساتە مرۆیییە و ئەو وێرانکارییە بەرینە ئاشکرا دەکات کە لەم ناوچە بچووک و پڕ لە دانیشتووەدا لەئارادایە.
لە سێ مانگی ڕابردوودا زیاتر لە ٦٨٤ هەزار فەلەستینی بە زۆرەملێ لە ماڵ و شوێنی ژیانیان هەڵکەندراون و زیاتر لە سەدا ٨٢ی غەززە کراوەتە ناوچەی نیزامی یان چۆڵکراوە. سیاسەتی نیزامیی دەوڵەتی ئیسرائیل لەسەر بنەمای وێرانکردنی ماڵ و مەزرا و ژێرخانەکان، پێکهێنانی “ناوچەی ئیستریل” و بێبەش کردنی دانیشتووانی فەلەستینە لە سەرەتاییترین بارودۆخ بۆ ژیان.
هاوکات هێرشی بەردەوام بۆ سەر کەمپەکانی پەنابەران و خێمەکانی فریاگوزاری – تەنانەت لە ناوچە بەناو “ئەمنەکان” – بووەتە هۆی کوژرانی بەردەوامی خەڵکی مەدەنی. گەمارۆی تەواو، بڕینی یارمەتییە مرۆییەکان، بەکارهێنانی برسێتی وەک چەکی شەڕ و ئاوارەکردنی زۆرەملێی دانیشتووان، هەموویان نموونەی ڕوونی تاوانەکانی جەنگ و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتین. کاربەدەستانی ئیسرائیل زۆر جار بەڕاشکاوی ڕایانگەیاندووە ئاماجیان ئەوەیە کەس نەتوانێ لە غەززە بژیت و خەڵک ناچار بە کۆچ لەم ناوچەیە بکەن. ئەم سیاسەتە لەلایەن دامودەزگا نێونەتەوەییەکان و بەشێک لە حکومەتەکانی ناوچەکە ئیدانە کراوە، بەڵام هەروا بەتوندی درێژەی هەیە.
هەموو ئەمانە نیشانی دەدات کە ئەوەی لە غەززە لە ئارادایە نەک بەناو شەڕێکی ئاسایی، بەڵکوو درێژەی پڕۆژەی داگیرکاری، ڕەگەزپەرستانە و سەرمایەدارانەیە کە لە قووڵترین ئاستیدا بە ئیمپریالیزمی جیهانییەوە گرێی خواردووە. ڕژیمی داگیرکەری ئیسرائیل لە سەرەتای پێکهاتنیەوە، بە پشتیوانیی دەسەڵاتە ئیمپریالیستەکان – سەرەتا بریتانیا و پاشان ئەمریکا – وەک باسکی ناوچەیی سەرمایەداریی جیهانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەوری بینیوە.
دەوڵەتی ئیسرائیل لەڕاستیدا سازوکارێکی سەرکوتە لە خزمەت بەرژەوەندی بورژوازیی جیهانیدا نەک دەوڵەتێکی ئاسایی. ڕژیمی داگیرکەری ئیسرائیل، بۆ بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتی لەو جینۆساید و تاوانانەی کە هەر ئێستا لە فەلەستینی داگیرکراودا ئەنجامیان دەدات، هەموو هەوڵی خۆی بەکار دێنێ. لەو نێوەشدا پێشینە و مێژووی هێزە کۆنەپەرستەکانی وەک حەماس و سیاسەتە شکستخواردووەکانی کۆماری ئیسلامی کە شتێکی بێجگەلە ماڵوێرانی بۆ خەڵکی فەلەستین بەدواوە نەبووە، زیاتر لە هەموو کاتێک ڕوون بووەتەوە.
سەرەڕای هەموو تاوانە فاشیستییەکانی ڕژیمی داگیرکەری ئیسرائیل، خەڵکی پێشکەوتنخوازی جیهان بێدەنگ نەبوون. لەماوەی حەفتەکانی ڕابردوودا شایەدی ناڕەزایەتیی سەدان هەزار کەسی نەتەنیا لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئورووپای ڕۆژئاوا و ناوەڕاست بەڵکوو لە بریتانیا، ئۆسترالیا، ژاپۆن، تورکیە و مەراکێش و وڵاتانی تر بووین و ئەم ناڕەزایەتییانە بەردەوام درێژەیان هەیە. بەڵام لەلایەکی دیکەوە ئەو دەوڵەتانەی ئیدیعای مافی مرۆڤ دەکەن لە بەرامبەر ئەم تاوانانەی شەڕ و لە بەرامبەر ئەم جینۆسایدەدا بێدەنگییان گرتووەبەر.
کۆنفڕانسی سێهەمی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان وێڕای مەحکووم کردنی نەسلکوژی و جنایاتی جەنگی، خوازیاری ڕاگرتنی دەستبەجێی کوشتار لە فەلەستینە و بۆ جارێکی تر هاوپشتیی خۆی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین ڕادەگەیەنێت. ئێمە لەسەر ئەو باوەڕەین کە تەنیا بەدیلێکی کۆمەڵایەتی شۆڕشگێڕانە، وە هاوپشتیی چینی کرێکاری ئیسرائیل لەگەڵ خەڵکی فەلەستین، هەلومەرج بۆ ژیانێکی ئاشتیانە و ئینسانی لەو ناوچەیەدا فەراهەم دەکات.
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان
١١ی پووشپەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی
٢ی جولای ٢٠٢٥ی زایینی
شورای همکاری نیروهای چپ و کمونیست در کردستان
بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە