
لە ماوەی شەڕی ئێران و ئیسرائیل و لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕژیمی کۆماری ئیسلامی توندترین گوشار و سەرکوتی لە دژی خەڵکی ناڕازی بە تایبەت زیندانیانی سیاسی بەکارهێناوە. تەنیا لە مانگی جۆزەرداندا زیاتر لە ١٤٠ کەس لە بەندکراوان ئێعدام کراون و بەپێی ئامارەکان ٩٠٠ کەس لە خەڵکی ناڕازی بە تۆمەتی جاسووسی بۆ ئیسرائیل و تۆمەتە بێ بنەماکانی تر دەستبەسەرکراون. دوای هێرشی مووشەکیی ئیسرائیل بۆسەر زیندانی ئێڤین کە بووە هۆی کوژرانی لانیکەم ٧١ بەندکراو، مەئموورانی ڕژیم سەدان ژن و پیاوی زیندانییان لە بارودۆخێکی نامرۆڤانەدا ڕەوانەی زیندانەکانی وەک قەرچەکی وەرامین کردووە.
ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە لە شەڕ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیلدا تووشی شکستی قورس بووە و هێزە نیابەتییەکانی لە گشت ناوچەکە یەکجار لاواز بووە، بۆ جارێکی تر هەروەک ٤٧ ساڵی ڕابردوو زەبروزەنگ و سەرکوتی پەرەپێداوە و هەروەک هەمیشە، زیندان و ئەشکەنجە و ئێعدامی کردووەتە ئامرازی سەرەکیی پاراستنی دەسەڵاتە دیکتاتۆر و نگریسەکەی. خامنەیی و سەرانی ڕژیم گەلێک جار نیشانیان داوە کە خەڵکی ناڕازی بە دوژمنی سەرەکیی خۆیان دەزانن و مەترسیی سەرەکی بۆ ڕووخاندنی نیزامەکەیان لە ناوخۆی ئێراندا دەبینن.
ڕژیمی سەرکوتگەری ئیسلامی وەک یەکێک لە جنایەتکارترین ڕژیمە ئینسانکوژەکانی مێژوو، زۆر جار لە ئێعدام کردندا ڕێکۆردی جیهانیی لێداوە. ئەم ڕژیمە خوێنڕێژە، قەتڵوعامی دەیەی شەست و قۆناغی شەڕی ئێران و عێراقی لە دۆسیەی جینۆساید و جنایەتەکانیدا هەیە و ئێستاش لەم کەشوهەوایەی شەڕدا بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە هەر شەش سەعاتدا بەندکراوێک ئێعدام دەکات.
کۆماری ئیسلامی وەک حکوومەتێک کە لەگەڵ قەیرانی قووڵی سیاسی و ئابووری بەرەوڕووە و تەنانەت لە دابین کردنی نان و بەرق و ئاوی ڕۆژانەی خەڵک داماو و بێتوانایە، وەک ڕژیمێک کە دۆڕاوی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکایە، ترسی ڕووخان سەرتاپێی وجوودی داگرتووە و بۆ پاراستنی نیزامە گەندەڵ و سەرکوتگەرەکەی، پەنای بردووە بۆ تۆمەتبارکردنی زیندانیان بە جاسووسی بۆ ئیسرائیل، بۆ دادگایی کردنی فەرمایشی، ئێعدام، ئەشکەنجە و بۆ هەڵسووکەوتی ئەوپەڕی نامرۆڤانە لەگەڵ بەندکراوانی سیاسی و بۆ دوورخستنەوەیان بۆ زیندانە دژوار و تاقەت پڕووکێنەکان.
زیندانیانی سیاسیی خۆڕاگر و تێکۆشەر، بنەماڵە دادخوازەکان!
کۆنفڕانسی سێهەمی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان سڵاو و دروود دەنێرێ بۆ خەبات و خۆڕاگریتان. ئێوە سیاچاڵەکانی ڕژیم و ژوورەکانی زیندانتان کردووەتە گۆڕەپانی خۆڕاری و خەبات. دەنگی خەباتی بەتەوژم و زەربەی بەهێزتان لە دیواری زەبروزەنگی زیندان، هەموو خەڵکی ئێران و جیهان بیستوویانە. هەر دەنگێکی ناڕەزایەتی و هەر هاوارێک کە لە پشت میلەکانی زیندانەوە دەبیسترێ، زەربەیەکە لە نیزامی دیکتاتۆر و ئیستبدادی سیاسی. هەڵمەتی “سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام” کە حەفتا و چەند حەفتەیە و ئێستا لە ٤٧ زیندان درێژەی هەیە، نیشانەی خۆڕاگری و پایداری ئێوەیە و بەشێک لە خەباتی جەماوەری ناڕازییە کە زیندانیان کردووەتە مەیدانی ڕەزم.
زیندانیانی تێکۆشەر! لەم ڕەزمە بێ ئەمانەدا خۆتان بەتەنیا مەبینن. کرێکاران، خانەنشینان، موعەلیمان و هەموو هێزی ناڕازیی جەماوەر لەگەڵ ئێوەن و بەرگریکاری ماف و ئازادیی بێ شەرت و مەرجی ئێوەن. خەبات بۆ ئازادیی زیندانیانی سیاسی، بەشێکی دانەبڕاوە لە نەبەرد و خەباتی مەزنی کرێکاران و خەڵکی ناڕازیی ئێران بۆ ڕزگاری لە دیکتاتۆری و زەبروزەنگ و بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی ئازاد و بەرابەر. کۆمەڵگایەک کە تێیدا ئازادیی بێ شەرت و مەرجی ڕادەربڕین، ناڕەزایەتی، خۆڕێکستن و پێکهێنانی ڕێکخراوی سیاسی، لە مافە ڕەوا و سەرەتاییەکانی خەڵک دەبێت.
ئاڵای خەبات لەدژی سزای ئێعدام و خواستی ئازادیی بەندکراوانی سیاسی پێویستە لە ناڕەزایەتییەکانی کرێکاران، موعەلیمان، خانەنشینان و خوێندکاراندا، وە هەروەها بە بەڕێوەبردنی هەڵمەتی سیاسی و تەبلیغی لە دەرەوەی وڵات بەرز بکرێتەوە. تەنیا بە خەباتی یەکگرتووانە و ڕێکخراو دەتوانین ماشێنی سەرکوت و زەبروزەنگی ڕژیم ئیفلیج و زەمینگیر بکەین و ڕێگای ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی و ئازادیی هەموو زیندانیانی سیاسی هەموار بکەین.
زیندانیی سیاسی، کرێکاری زیندانی دەبێ ئازاد بکرێت!
بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان
٥ی جولای ٢٠٢٥ی زایینی
١٤ی پووشپەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی
بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە