نزیکەی سێ مانگە شەقامەکانتان کردووەتە مەیدانی ڕەزمی شۆڕشگێڕانە بۆ ڕزگاری لە دەسەڵاتی نگریسی کۆماری ئیسلامی. بزووتنەوەیەک کە ئێوە پێشەنگی بوون، بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی، لە یەکەم هەنگاودا بووەتە هۆی پێکهاتنی هاوپشتی و یەکگرتووییەکی بێوێنە لە سەرانسەری وڵات. ئەم یەکگرتوویی و هاوچارەنووسییەی خەڵکی ئێران نەتەنیا لە گشت ناوچەکە بووەتە خاڵێکی هیوابەخش بۆ ڕزگاری لە چنگ دیکتاتۆرەکان و ڕەوتە کۆنەپەرستە ئیسلامی و ناسیۆنالیستەکان، بەڵکوو سەرنجی بەشێکی بەرین لە خەڵکی جیهانیشی بەرەو خۆی ڕاکێشاوە. مۆدێرن بوون و ئینسانی بوون و یەکسانیخوازیی ئەم بزووتنەوەیە بووەتە هۆی ئەوەیکە زۆرێک لە ئینسانە شەریفەکانی جیهان دروود بنێرن بۆ بوێری و شەهامەت و شایستەیی ئێوە.
ئیجازە بدەن ئێمەش بۆ جارێکی دیکە دروود بنێرین بۆ ئێوە خەڵکی ئازادیخوازی سەراسەری وڵات، بۆ هەموو شۆڕشگێڕانی ئێران، بەتایبەت ئێوە ژنانی پێشەنگ و لاوان کە بەشێوەی جۆراوجۆر بوونەتە هۆی گەشەکردن و بەهێزبوونی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە. ڕێز دەگرین لە ئیدە و داهێنانتان کە زیاتر لە هەموو کات بووەتە هۆی یەکگرتوویی و هاوپشتیی سەرانسەری. ئەم هاوپشتی و هاوچارەنووسییە سەرانسەرییە ڕەمزی سەرکەوتنی خەڵکی ئێرانە.
ئێوە بە خەباتی ئازادیخوازانە و بە ئیدەی یەکسانیخوازانەی خۆتان بەرەنگاری یەکێک لە هارترین دەسەڵاتەکانی سەرمایەداری بوونەتەوە. خەباتی ڕەوای ئێوە هەتا ئێستاشی تیری خڵاسی لە یاسا و کەلتووری حیجابی ئیجباری داوە. ئێوە بەپێچەوانەی نەریت و یاسای هەموو مێژووی ڕابردووی بزووتنەوە کۆنەپەرستە ئایینی و ناسیۆنالیستییەکان، بەرابەریی ژن و پیاوتان کردووەتە بابەتێکی کۆمەڵایەتی. ئێوە خولقێنەری بزووتنەوەیەکن کە ئینساندۆستی و یەکگرتوویی و هاوپشتیی لەناو هەموو ستەملێکراواندا کردووەتە بابەتێکی بنەمایی و زەرووری. ئەم دەستکەوتانە و تێکشکاندنی سوڵتەی هێزی سەرکوتگەر و نیشاندانی داماوی و بێتوانایی ئەوان، سەرەڕای هەموو ئەو ئازیزانەی خەڵتانی خوێن کران و بوون بە قوربانی، لە مێژووی خەباتی مافخوازیی ئینساندا ماندگار دەبێت. ئێمە وێڕای دەربڕینی هاودەردی لەگەڵ بنەماڵەی گیان بەختکردووان، ڕێز دەگرین لە یادی هەموو ئەم ئازیزانە.
ئێوە بە دەستی بەتاڵ بەڵام بە ورەی خەباتکارانە و بە ئیرادەیەک لە ڕیشەی لە وشیاری و شعووری گشتی بۆ بەرپاکردنی کۆمەڵگە و ژیانێکی باشتر دایە، توانیتان لاپەڕەیەکی درەوشاوەی دیکە بە خەباتی مافخوازانە و ئازادیخوازانە و بەرابەریتەڵەبانەی نەسلەکانی پێش خۆتان زیاد بکەن.
خەڵکی ئازادیخواز، کرێکاران، ژنان و لاوان!
سەرەڕای هەموو ئەو دەستکەوتە بەنرخانەی کە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا بوویەتی، کۆماری ئیسلامی هێستا نەڕووخاوە. دوژمنانی خەڵک لە پیلانگێڕی و تەفرەقەنانەوە لەناو ڕیزەکانی خەڵک دەستیان هەڵنەگرتووە. بەباوەڕی ئێمە یەکگرتوویی و هاوپشتیی خەڵک ڕەمزی سەرکەوتنی ئەم بزووتنەوەیە. ڕێبەران و هەڵسووڕاوانی کرێکاری و هەموو چالاکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێران پێکهێنەری ئەم یەکگرتوویی و هاوپشتییەن. بە بێ یەکگرتنی چالاکان و ڕێبەرانی کردەوەیی لە مەیداندا، یەکگرتنی پایەدار لە کۆمەڵگا و بزووتنەوەدا مومکین نییە.
حکوومەت کردن تا بە ئەمڕۆ سەهمی چینە داراکان بووە. ئەم چینانە هەمیشە لەڕێگەی بزووتنەوە نەتەوەیی و ئایینییەکانەوە توانیویانە خەڵک بکەنە قوربانیی سیاسەت و ئامانجەکانی خۆیان و توانیویانە بیانکەنە سیاهی لەشکری خۆیان. ئەم ژیانە نابەرابەر و پڕ لە هەڵاواردنە کە هەموومان تەجروبەمان کردووە، بەرهەمی دەسەڵاتی ئەوانە. ئەمڕۆ کاتی ئەوە هاتووە کە بۆ وەدیهێنانی کۆمەڵگەی ئازاد و بەرابەر و خۆشبژێو بڵێین: مەزهەب و ناسیۆنالیسم دەسەڵاتەکەیان تاقی کراوەتەوە و ئیتر بەسە. دەسەڵاتداریەتیی چینە داراکان بەسە. فەرمانڕەوایی سەرمایەداران بەسەر کۆمەڵگەدا بەسە. ئەمجارە نۆبەی ئێمەیە. نۆبەی کرێکاران و خەڵکی ژێر ستەمە.
لەپێناو سەرکەوتن بەسەر کۆماری ئیسلامی و ڕووخاندنی دەسەڵاتی هەژاری و هەڵاواردن و ستەم و چەوسانەوەی سەرمایە لە ئێران، شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان لە یەکەمین کۆنفڕانسی خۆیدا وێڕای تەئکید لەسەر هاوچارەنووسی و هاوپشتیی خەباتی سەراسەری خەڵک لە ئێران و هاتنە مەیدانی خەڵکی ستەملێکراو بۆ بەدەستەوەگرتنی چارەنووسی خۆیان و بۆ وەدیهاتنی دەسەڵاتی شۆرایی، پشتیوانیی لێبڕاوانەی خۆی لەگەڵ خرۆشی شۆڕشگێڕانەی ئێستا لە سەرانسەری وڵات ڕادەگەیەنێت.
بژی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ئێران
بژی بزووتنەوەی شۆرایی بۆ بەرپاکردنی دەسەڵاتی شۆراکانی خەڵک
بڕووخێ کۆماری ئیسلامی
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان
١٥ی سەرماوەزی ١٤٠١
٦ی دێسامبری ٢٠٢٢
تەلەڤیزیۆنی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران