فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پەیامی کۆنگرەی ١٩ی کۆمەڵە بۆ بنەماڵەی گیانبەختکردووان
هەینی ۱۷-۰۵-۱۴۰۴   |  08-08-2025

بنەماڵەی سەربەرزی گیانبەختکردووان!

لە کۆنگرەی ١٩ی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانەوە سڵاو و دروودی گەرم و سەمیمانەی ئێمەتان پێشکەش. لە دڵەوە خۆشحاڵین بەوەیکە بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی کۆنگرەی ١٩ بە ئاگاداریی ئێوە ئازیزان دەگەیەنین. ئەمجارەش کۆنگرەی ١٩ی کۆمەڵەمان بە ڕاگەیاندنی یەک دەقیقە بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادی جگەرگۆشە و ئازیزانی گیانبەختکردوومان و بە سروودی (پەلکی داری شادیی گشتین، ئێوە هەرگیز نامرن) دەستپێکرد. ئەو ئازیزانەی لە مەیدانەکانی خەباتی چەکداری دژبە ڕژیمی جنایەتکاری کۆماری ئیسلامی لە کوردستان، لە جەریانی ئاخێزە جەماوەرییەکان دژبە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە سەرتاسەری ئێران، لە سیاچاڵەکاندا لەژێر ئەشکەنجە، وە یان بە تەنافی سێدارەوە گیانیان بەختکرد. ئەو ئینسانە شەریف و زەحمەتکێشانەی بۆ دابینکردنی تیکە نانێک لە جادەکانی مەرگدا کۆڵبەرییان کرد و کەوتنە بەر گولـلەی بەکرێگیراوانی ڕژیمی ئیسلامی. ئەو ئازیزانەی لەدژی ستەم و نابەرابەری، لەدژی زەبروزەنگ و دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامی بە خەباتی بەردەوام و لێبڕاویان بەگژ دوژمنانی چینایەتیی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشدا چوون و لە ڕێگای ڕزگاریی ئەواندا، لە ڕێگای ئازادی و سۆسیالیزمدا گیانیان فیدا کرد. کۆنگرەی ١٩ی کۆمەڵە سڵاو و دروود دەنێرێ بۆ تاک بە تاکی ئەندامانی بنەماڵە جەرگسووتاوەکانی ئەم ئازیزانە و لە بەرامبەر سەبر و تەحەمولی لەدەستدانی جگەرگۆشەکانیاندا، سەری ڕێز و نەوازش دادەنەوێنێت. ئەم کۆڵنەدان و خۆڕاگرییە، هیوا بۆ گۆڕانکاری و ئاڵوگۆڕی لە دڵی جەماوەردا زیندوو ڕاگرتووە.

بنەماڵەی بەڕێزی گیانبەختکردووانی ڕێزەکانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە!

ئازیزانی گیانبەختکردوو، کە ڕۆڵەی خۆشەویستی ئێوە و هاوڕێ و هاوسەنگەری ئێمە بوون، لە ڕێگای ڕزگاریی کرێکاران و زەحمەتکێشاندا گیانیان بەختکرد و قەت لەبیر ناکرێن. بنەماڵەی گیانبەختکردووانی کۆمەڵە، لای هەموو ئینسانێکی ئازادیخواز و بەرابەری تەڵەبی کۆمەڵگا، خۆشەویست و قابیلی ئیحترامن. لەم کۆنگرەیەدا بۆ جارێکی دیکە لەگەڵ هاوڕێیانی گیانبەختکردوو و لەگەڵ ئێوە بنەماڵە بەڕێزەکان پەیمانمان تازە کردەوە کە هەروا بەردەوام درێژەدەری ڕێگای سوور و پڕ لە شانازییان بین. هاوڕێ لەگەڵ کرێکاران و جەماوەری ستەملێکراو و تێکۆشەری کۆمەڵگا هەتا ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی ئیسلامی سەرمایەداری و هەتا دامەزراندنی نەزمێکی نوێ ناسرەوین. نەزمێک کە تێیدا ئینسانەکان لە کۆت و بەندی کۆیلایەتی و چەوساندنەوە ڕزگاریان بێت و ئازادی و بەرابەری و ڕەفاهیان بێتە دی. ئەوە هەر ئەو ڕێگایەیە کە جگەرگۆشە و ئازیزەکانتان گرتیانە بەر و لەپێناویدا لە گیانی خۆشیان گوزەران.  

بنەماڵەی ئازیزی گیانبەختکردووان! ئەمساڵ کۆنگرەی ١٩ی کۆمەڵەمان لە بارودۆخێکدا بەڕێوەبرد کە دەسەڵاتی تاوانکاری کۆماری ئیسلامی لەوپەڕی زەلیلی و لاوازی و زەبوونیدایە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ قەیرانی قووڵی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و قەیران لە ستراتێژی ناوچەییدا بەرەوڕووە و توانای چارەسەرکردنی هیچ کام لەم قەیرانانەی نییە. لە کاتێکدا کە ڕێبەران و بەرپرسانی سپای پاسداران و دەزگای گەندەڵی ڕووحانییەت، ئاغازادەکان و دەست و پەیوەندەکانیان لە ڕێگەی دزی و ڕانتخورییەوە بە سەروەتی کەڵانی سەدان ملیۆن دۆلاری گەیشتوون، گرانی، بێکاری، هەژاری و برسیەتی ژیان و گوزەرانی جەماوەری کرێکار و زحمەتکێشی نوقمی فەلاکەت و نەهامەتی کردووە. لەلایەکی دیکەوە حکوومەتی ئیسلامی هەموو ئیمکاناتی کۆمەڵگا و بەرهەمی ڕەنج و کاری خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی بۆ بەرەوپێش بردنی سیاسەت و ستراتێژی مانەوەی خۆی تەرخان کردووە.

لە وەها هەلومەرجێکدا ئەگەرچی بزووتنەوە ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان و لە پێشیانەوە بزووتنەوەی کرێکاری، چالاک و زیندوو و لە حاڵی گەشەدان، بەڵام نەبوونی ڕێکخراوەی چینایەتی و جەماوەریی کرێکاران و باقیی توێژەکانی کۆمەڵگا، ئەو دەرفەتەی بۆ حکوومەتی وەرشکستەی ئیسلامی فەراهەم کردووە کە هەروا درێژە بە تەمەنی نگریسی بدات. کۆنگرەی ١٩ی کۆمەڵە بە لەبەرچاوگرتنی ئەم بارودۆخە، لەسەر ئامادەبوونی بەستێنی گونجاو بۆ چالاکی، بۆ پەرەپێدان بە بزووتنەوەی ناڕەزایەتی و کۆمەڵایەتی، لەسەر گرینگیی چالاکیی ڕێکخەرانەی هەڵسووڕاوانی کۆمەڵە لە شارەکانی کوردستان تەئکید دەکات.

ئێمە بەشداربووانی کۆنگرەی ١٩ی کۆمەڵە وێڕای هیوای سەرکەوتن بۆ خەباتی کرێکاران و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە لەدژی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی، جارێکی تر سڵاو و دروود دەنێرین بۆ ئێوە کەسوکاری ئازیزی گیانبەختکردووان و هیوای سەرکەوتن و سەرفرازیتان بۆ دەخوازین.

کۆنگرەی نۆزدەهەمی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

گەڵاوێژی ١٤٠٤ی هەتاوی

ئاگۆستی ٢٠٢٥ی زایینی

بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv