فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پەیامی کۆنگرەی ١٩ی کۆمەڵە بۆ زیندانیانی سیاسی و ئیدانەکردنی توندی سەرکوتگەریی ڕژیمی ئیسلامی
شەممە ۱۸-۰۵-۱۴۰۴   |  09-08-2025

هاوڕێیانی بەندکراو! زیندانیانی سیاسیی تێکۆشەر!

گەرمترین سڵاو و دروود دەنێرین بۆ ئێوەی ئازیز، بۆ عەزم و ئێرادەی قایمتان، بۆ خەبات و خۆڕاگریی قارەمانانەتان لەناو سیاچاڵەکانی ڕژیمی کۆنەپەرستی ئیسلامیدا.

کۆنگرەی نۆزدەهەمی کۆمەڵە لە بارودۆخێکدا بەڕێوەچوو کە هەڵمەتی شکۆمەند و لێبڕاوانەی ئێوە لەژێرناوی “سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام” هەشتاهەمین حەفتەی لە ٤٨ زیندانی ئێران تێپەڕاندووە و ئەوەش سەلمێنەری عەزم و ئیرادەی پۆڵایینتانە لە خەبات دژبە سەمبۆلێکی بەربەریەتی نیزامی سەرمایەداریی ئیسلامی واتە سزای “ئێعدام”. کۆنگرەی ١٩ی کۆمەڵە وێڕای تەئکید لەسەر نەهێشتنی کردەوەی جنیایەتکارانەی کوشتنی ئینسان بە هەر بیانوویەک، دروود دەنێرێ بۆ عەزمی شۆڕشگێڕانەتان لەپێناوی درێژەدان بەم خەباتە و دەستتان بە گەرمی دەگوشێت. خەبات و خۆڕاگریی گیانفیدایانەتان، هەڵوێست گرتن و مەحکووم کردنی کردەوەی جنایەتکارانەی دەسەڵاتی سەرمایەداری ئیسلامی و خەباتی ئێوە لە ناو زیندانەکان، بووەتە هێمایەکی گرینگی موقاومەت و دژایەتیی گشتی لە ئێران لە بەرامبەر موناسباتی ئێستادا. وە لە بەهێزکردنی فەزای خەباتکارانەی کۆمەڵگا لەدژی دیکتاتۆریەت و سەرکوتگەریدا دەورونەخشێکی تایبەتی بینیوە.

هاوڕێیانی تێکۆشەر!

کۆمەڵگای ئێران لە بارودۆخێکدایە کە کۆماری ئیسلامی دوای شکستە یەک لە لەدوای یەکەکەکانی لە ئاستی جیهانی، ناوچەیی و ناوخۆییدا و بەدوای لێکهەڵوەشانی هێزە نیابەتییەکانی بەتایبەت پاش شەڕی کۆنەپەرستانەی دوازدە ڕۆژە، دەستی کردووە بە پەرەپێدانی سەرکوتگەری و شەپۆلی گرتن و زیندان و ئەشکەنجە و دەرکردنی ئەحکامی قورس، لەوانە حوکمی نامرۆڤانەی ئێعدام بۆ تێکۆشەران و چالاکانی سیاسی. ڕژیمی ئیسلامی لە جەریانی ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیە و لەدوای کۆتایی شەڕەش بە میلیتاریزەکردنی کەشوهەوای ئێران بەبیانووی بێبنەمای جاسووسی ئیسرائیل، سەرکوتگەرییەکانی زیاتر پەرەپێداوە و هەر لەم ماویەەدا ژمارەیەکی زۆر لە خەباتکاران و چالاکانی سیاسی دەستبەسەر و حوکمی ئێعدامی ژمارەیەکی زۆری لە زیندانیانی ئاسایی و سیاسی جێبەجێ کردووە.

بۆ هەمووان ڕوونە کە ئامانجی سەرەکیی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە پەرەپێدانی فەزای سەرکوت و ئەمنیەتی، بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ خەباتی ڕوو لە گەشەی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و ستەملێکراوی ئێران و کوردستانە. ترس لەم خەباتە سەرتاپێی دەسەڵاتی بورژوازیی ئیسلامیی داگرتووە. ڕژیمی ئیسلامی کە لە چارەسەرکردنی قەیرانە پێکهاتەییەکاندا بێتوانا و داماوە، بۆ داپۆشینی زەعف و لاوازیی ئاشکرای ناوەندە ئەمنیەتییەکانی، بەبیانووی جاسووسی بۆ ڕژیمی ئیسرائیل خەڵکی ناڕازیی کردووەتە ئامانج. حکوومەتی ئیسلامی بە ئامانجی ڕێگری لە سەرهەڵدانی ئاخێزە کۆمەڵایەتییەکان کە بۆ دەسەڵاتەکەی هەڕەشەن، سەرکوتگەرییەکانی زیاتر پەرەپێداوە. هەر لەو ماوەیەدا شەپۆلی سەرکوتگەری و دەستگیریی هەڵسووڕاوان و خەڵکی تێکۆشەر لە کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و ترس و هەراسی ڕژیمی لە بوونی پۆتانسیەلی مەزن دژبە دەسەڵات لە کوردستان نیشان داوە.

کۆنگرەی ١٩ی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران وێڕای مەحکووم کردنی لێبڕاوانەی سەرکوتگەرییەکانی ڕژیمی ئیسلامی، بۆ جارێکی تر دروود دەنێرێ بۆ عەزم و ئیرادەی پۆلایین و موقاومەتی ئێوە زیندانیانی سیاسی و بنەماڵە خۆڕاگرەکانتان. وێڕای ڕاگەیاندنی هاوپشتی لەگەڵ بنەماڵەی ئێوە ئازیزان، بەرگری و پشتیوانی کردن لە ئێوە بە ئەرکی خۆمان دەزانین و داواش لە هەموو خەڵکی تێکۆشەر و خەباتکار دەکەین کە بەئامانجی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ کردەوەی سەرکوتگەرانەی ڕژیم و ئازادیی بێ شەرت و مەرجی زیندانیانی سیاسی، حمایەت و پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسی و بنەماڵەکاینان پەرەپێبدەن.

کۆنگرەی ١٩ی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

گەلاوێژی ١٤٠٤ی هەتاوی

ئاگۆستی ٢٠٢٥ی زایینی