کەماڵ لوتفی لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکان و باوکی ڕەزا لوتفی لە گیانبەختکردوودانی شۆرشی ژینا کە لەم دوایییانەدا سزای پێنج ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرابوو، سەرەڕای تێپەڕبوونی ماوەی دوو حەفتە لە دەستبەسەربوونی و هەروەها تووشبوونی بە نەخۆشی پێستی سەدەفی (پسۆریازیس) چارەنووسی نادیارە و هەر ئەوە نیگەرانیی بنەماڵەکەی سەبارەت بە بارودۆخی تەندروستیی ناوبراوی لێکەوتووەتەوە.
کەماڵ لوتفی ساڵی ڕابردووش دەستبەسەر کرابوو و لە زیندانی ناوەندیی کامیاران تووشی نەخۆشی پێستی سەدەفی یان (پسۆریازیس) ببوو، و لە ڕۆژانی دەستبەسەربوونیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی زیندان بێبەش کرابوو و هەر ئەوە بووە هۆی سەختتربوونەوەی نەخۆشییەکەی.
سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی لوتفی لەو بارەدا ڕایگەیاند: “لەم دوایییانەدا ناوەندە دەرمانییەکانی هەمەدان و سنە و دوکتۆرەکان پێداگرییان لەسەر ئەوە کردووە کە ناوبراو بەهۆی سەختتر بوونەوەی نەخۆشییەکەی ناتوانێت سزای بەندکرانەکەی تێپەڕ بکات، بەڵام بەشێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو دیسان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و سەرەڕای تێپەڕبوونی دوو حەفتە لە دەستبەسەربوونی هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە و هەر ئەوە نیگەرانیی زیاتری بنەماڵەکەی سەبارەت بە بارودۆخی تەندروستیی ناوبراو لێکەوتووەتەوە.”