
کاتژمێر دووی بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ٦ی مانگی ڕەزبەر مێکانیزمی ماشە لەلایەن شۆرای ئەمنیەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە چالاک کرا و هەموو گەمارۆ هەڵگیراوەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەدژی کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ٢٠١٥، بۆ جارێکی تر سەپێندرایەوە. چەند سەعات دواتر بەهای تمەن لە بەرامبەر دۆلاردا زیاتر دابەزی و نرخی هەر دۆلاری ئەمریکا ١١٢ هەزار تمەنی تێپەڕاند. هەڵبەت شۆکی دابەزینی بەهای تمەن لە یەک مانگ لەمەوبەرەوە دوای هەوڵی هاوبەشی سێ دەوڵەتی فەڕانسە، ئاڵمان و بریتانیا واتە داواکارییان بۆ چالاک کردنی مێکانیزمی ماشە لە شۆرای ئەمنیەت، دەستیپێکردبوو. تا ئاستێک کە ڕۆژێک بەر لە گەڕاندنەوەی گەمارۆکان، قیمەتی هەر دۆلاری ئەمریکا گەیشتبووە ١١٠ هەزار تمەن. بە هەر حاڵ لەماوەی یەک مانگی ڕابردوودا هیوایەکی لاواز بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لە نێوان کۆماری ئیسلامی و ئەم دەوڵەتانەدا بەدی دەکرا، بەڵام دوای قەبووڵ نەکرانی مەرجەکان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، ئەم هیوایەش نەما. هەوڵی چین و ڕووسیەش بۆ یارمەتیدانی کۆماری ئیسلامی لەڕێگەی پێشنیارکردنی بڕیارنامەیەک لە شۆرای ئەمنیەت بۆ شەش مانگ دواخستنی گەمارۆکان، بەهۆی دژایەتیی زۆرینەی ئەندامانی ئەم شۆرایە تووشی شکست بوو.
هەروەک لە پێشترەوە مەعلووم بوو، چالاک کردنی مێکانیزمی ماشە هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە کاریگەرییە ئابوورییەکانی لەسەر بازاڕی ئێران و لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش خۆی نیشاندا. ڕۆژنامە “دنیای ئێقتساد” لە ڕاپۆرتێکدا وێڕای ئاماژە بە بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا پێویستەکانی خەڵک نووسیی: “دابەزینی بەهای تمەن زۆرترین فشاری لەسەر سەبەدی بژێوی بنەماڵەکان داناوە و قیمەتی نان تەقریبەن دوو بەرابەر بووە”. بەم حاڵەوە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی لەوپەڕی بێشەرمیدا ئیدیعا دەکەن کە کارا بوونی مێکانیزمی ماشە و گەڕاندنەوەی گەمارۆکان کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر ئابووریی وڵات نابێت و بارودۆخی ئابووری خراپتر نابێت. عەلی خامنەیی ڕۆژی سێشەممە یەکی ڕەزبەر لە کاتێکدا کە نوێنەرانی ڕژیم لە نیۆیۆرک، سەرگەرمی گفتوگۆ بۆ ڕێگری لە سەپاندنی مێکانیزمی ماشە بوون، بۆ تێکدانی هەر جۆرە ڕێککەوتنێک ڕایگەیاند: “گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا هیچ قازانجێکی بۆ ئێمە نییە. هیچ زەرەرێک لە ئێمە دوور ناخاتەوە بەڵکوو زەرەری جوبران نەکراویشی لێدەکەوێتەوە. دانیشتن لە پشت مێزی گفتوگۆ بە مانای قبووڵ کردنی تەحمیل و زۆروێژییە”. بەم جۆرە بوو کە هەیئەتی کۆماری ئیسلامی بە بێ هیچ ئاکام و دەستکەوتێک، بە سەرشۆڕی مێزی دانوستانیان جێهێشت و گەڕانەوە بۆ تاران.
بەدوای خامنەییدا، پزشکیان وتی: “لە بەرامبەر فشارەکاندا کۆتا نایەین”. وەزارەتی دەرەوەی ڕژیمیش لە ڕێگەی بەیاننامەیەکەوە گەڕاندنەوەی گەمارۆکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی نایاسایی وەسف کرد و بە پاساوی ئەوەیکە بەربەستی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی شۆرای ئەمنیەت لە ٢٦ی ڕەزبەری ١٤٠٤دا کۆتایی هاتووە، ئیدیعای ئەوەی کرد کە هیچ وڵاتێک ئەرکدار نییە پابەندیان بێت. لەم پەیوەندییەدا سەرپاسدار قالیباف سەرۆکی مەجلیس، ڕۆژی یەکشەممە وێڕای هەڕەشەی پووچ و بێبنەما، ڕایگەیاند: “ئەم گەمارۆیانە بەرەوڕووی کردەوەی بەرامبەر و جیددیی ئێمە دەبنەوە و سێ وڵاتی ئورووپایی کە هاندەری ئەم کارە بوون کاردانەوەی ئێمە دبینن”. ژمارەیەک لە نوێنەرانی مەجلیسیش بۆ ڕەواڵەتپارێزی و بۆ ئەوەی شتێکیان کوتبێ، خوازیاری ڕاگرتنی هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی، چوونەدەر لە پەیمانی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی (ئێن پی تی) و تەنانەت دروستکردنی چەکی ئەتۆمی یان پەیوەست بوون بە ڕێککەوتننامەی پاکستان و عەرەبستانی سعوودی بوون.
لێدوانی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە کاریگەرییە بێ بایەخەکانی گەمارۆکان لە کاتێکدایە کە شەش پاکێجی گەمارۆکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەندە فراوان و هەمەلایەنەن کە تاکە سەرچاوەی داهاتی ڕژیم لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوت و بەرهەمە پترۆشمییەکان بە توندی سنووردار دەکەن. چونکە لە هەلومەرجی ئێستادا، بە لەبەرچاوگرتنی پێگەی ئەوپەڕی لاوازی کۆماری ئیسلامی و هاوسەنگی هێزی نایەکسان لە گۆڕەپانی جیهانی و ناوچەییدا، دەربازبوون لە گەمارۆکان بۆ ڕژیم، تەنانەت ئەگەر بۆشی مومکین بێت، زۆر قورس و پڕهەزینە دەبێت. لە لایەکی دیکەوە، هەڕەشەی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بۆ درێژەدان بە پیتاندنی یۆرانیۆم و هەوڵدان بۆ زیادکردنی مەودای مووشەک، مەترسییەکانی شەڕیش زیاد دەکات. بەتایبەت حکوومەتی ئیسرائیل هەڕەشەی ئەوەی کرد کە ئەگەر بەرنامەی ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامی بەردەوام بێت، هێرشە نێزامییەکانی دژ بە کۆماری ئیسلامی دەستپێدەکاتەوە.
بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانی سەرەکییە بۆ سەرکردەکانی حکوومەتی ئیسلامی، پەرەسەندنی مانگرتن و ناڕەزایەتی جەماوەرییە لەلایەن کرێکاران و چین و توێژە هەژارەکانی دیکەی کۆمەڵگاوە، کە لەم هەلومەرجەدا بووەتە بابەتێکی حەتمی. چونکە سەپاندنی گەمارۆ یان هەڵگیرسانی شەڕ ژیان و گوزەرانیان بەرەوڕووی هەژاری و برسێتی لەڕادەبەدەر دەکاتەوە. هەربۆیە هەموو باڵەکانی حکومەت لەسەر پەرەپێدانی سەرکوت یەکدەنگن. دەوڵەتی پزشکیان هۆشداری بە بەرپرسانی حکوومەت و میدیاکان دا کە پێویستە “لە باس کردنی کێشە ئابوورییەکان و سیاه نمایی ئابووری خۆبەدوور بگرن”. جێگری بەناو پێشگرتن بە تاوانەکانی دەزگای قەزایی ڕژیم ڕۆژی یەکشەممە ٦ی ڕەزبەر، لەوپەڕی بێشەرمیدا بە تۆمەتبارکردنی بەکارهێنەرانی فەزای مەجازی بە بڵاوکردنەوەی درۆ، هەڕەشەی کرد کە: “ئەو کەسانەی ئەمنیەتی ڕەوانیی کۆمەڵگا تێکدەدەن، دەنگۆ دروست دەکەن، بابەتی درۆ و ناڕاست بڵاودەکەنەوە و بێهیوایی پەرەپێدەدەن، سزا دەدرێن”. دەزگای قەزایی بەدناوی کۆماری ئیسلامیش ڕۆژی شەممە پێنجی مانگی ڕەزبەر ڕایگەیاند کە بۆ “تێکدەرانی ئەمنیەتی ڕەوانیی کۆمەڵگا” لە پەیوەند لەگەڵ مێکانیزمی ماشە پەروەندەی قەزایی دروست دەکات.
بەمجۆرە، ڕژیمی جنایەتکاری کۆماری ئیسلامی بە پەرەپێدانی فەزای سەرکوت، خۆی بۆ ئاکامە کارەساتبارەکانی چالاک بوونی مێکانیزمی ماشە لەسەر کار و ژیانی خەڵک ئامادە دەکات. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەم هەوڵانە، خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگا، لەماوەی چند ڕۆژی ڕابردوودا نیشانیان داوە کە ڕەوتی ڕوو لە گەشەی ناڕەزایەتی و مانگرتنیان درێژە دەدەن. بێگومان لە ئیدامەی ئەم ڕەوتەدا چالاکان و ڕێبەرانی کرێکاری و باقیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، دەتوانن بە پەرەپێدانی مانگرتن و ناڕەزایەتی و بە سەرتاسەری کردنەوەیان، ڕێبەرانی حکوومەتی ئیسلامی لە گەیشتن بەم ئامانجە نامرۆڤانەیان تووشی شکست بکەن و پێداویستییەکانی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ئەم ڕژیمە تاوانکارە ئامادە بکەن.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە