ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا ئاڵوگۆڕێکی سیاسی و مێژوویی بوو کە تێیدا کۆمەڵگا لەماوەیەکی یەکجار کورتدا گەلێک هەنگاوی گەورەی بەرەو پێشەوە هەڵگرت. ئەم ئاخێزە لەسەر بەستێنی بارودۆخێکی بابەتی و مادی و لە درێژەی ناڕەزایەتی و مانگرتنە گەورە کرێکارییەکاندا پێکهات. ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە درێژەی ئاخێزی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و برسیی مانگی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨ بوو. ئەم ئاخێزە ئیدامەی ئاخێزی تینووەکانی خووزستان بوو. پێشەنگایەتیی ژنان هۆکارێکی سەرەکیی پێشڕەویی ئەم ئاخێزە بوو. ئەم ڕاپەڕینە بە کردەوەی سەمبۆلیکی وەک فڕێدان و سووتاندنی حیجاب لەسەر شەقام و سەما و هەڵپەڕین لە دەوری ئاگر، یەکێک لە بنەماکانی دەسەڵاتی سیاسی و ئایدیۆلۆژیی حکوومەتی ئیسلامیی تێکشکاند. ئەم ئاخێزە بە هێرشکردنە سەر بەهێزترین پێگەی ئیسلامی سیاسی و یاسای سەختی دینی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، بزووتنەوەی ڕزگاریی ژنی لە ناوچەکە بردە قۆناغێکی نوێوە و بوو بە هێمای بزووتنەوەی ڕزگاریی ژن لەم ناوچەیە. لە جەرگەی ئەم ئاخێزەدا دەیان کۆمیتە و شۆرا پێکهاتن کە ڕۆڵێکی چارەنووسسازیان لە ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکان لە گەڕەکەکان، شەقامەکان، مەیدان و زانکۆکاندا بینی. ئەم کۆمیتانە و شۆراکان هاوکات لەگەڵ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سەرکوتگەران و خۆڕاگریی بوێرانە و قارەمانانە لە بەرامبەریان، بە وشیارییەکی سیاسیی بێوێنەوە بەرەنگاری هەوڵەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازی و ڕاست بوونەوە.
لە ساڵیادی ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیەدا گەلێک بانگەواز لەلایەن ڕێکخراوەکانی کرێکاران، خانەنشینان، و کۆمتە و شۆراکانی گەڕەکەکان بڵاوکرایەوە. لە هەموو ئەم بانگەوازانەدا، بەڵێنداربوون بە درێژەدانی شۆڕش تا تێکشکاندنی نەزمی ستەمکارانە و چەوسێنەرانە ڕاگەیەندراوە. لەو نێوەدا بەیاننامەی هاوبەشی “لاوانی شۆڕشگێڕی گەڕەکەکانی سنە، کۆمیتەی شۆڕشگێڕی گیلان، کۆمیتەی جەوادی نەزەری فەتح ئابادی، کۆمیتەی لاوانی شۆڕشگێڕی سووری مەهاباد، گرووپی ژیان، هەستەی لاوانی شۆڕشگێڕی زاهیدان”، جەختیان لە چەندین خاڵ کردەوە کە کەمتر باسی لێکراوە. ئەوان بەدروستی بەیاننامەکەیان بەمجۆرە دەستپێدەکەن: „پێویستە لە خۆمان بپرسین کە چ ڕێگایەکمان پێکەوە پێواوە و بۆ درێژەدانی ئەم ڕێگایە پێداویستییەکانمان کامانەن”. ئەوان وێڕای گەڵاڵەکردنی داخوازییەکانی کۆمەڵگا دەنووسن: „کاتێک جەماوەری وەگیانهاتوو لە ستەم هاواریان کرد “ژن، ژیان، ئازادی”، لەڕاستیدا دەنگیان لە قووڵایی ئەم کۆمەڵگا نایەکسان و دژەئینسانییەوە بەرز کردەوە. لەم ڕووەوە لەئێستادا پێویستە ڕوون بێتەوە “ئێمە”ی کە دەنگمان بەرز کردووەتەوە کێین و لە ساڵیادی ڕاپەڕینی جەماوەری “ژینا”دا چۆن بیر لە درێژەدانی ڕێگا دەکەینەوە. “ئێمە” کە جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشین و ژانی جیاوازیی چینایەتی دەچێژین، “ئێمە” کە “ژن”ین لە هەڵاواردنی ڕەگەزی ڕەنج دەبەین، “ئێمە” کە “کوئیر”ین و هەر بەم هۆکارە ستەمی فراوانمان لێ دەکرێ، “ئێمە” کە “کەمئەندام”ین و لە مافی هاووڵاتیبوون بێبەرین، “ئێمە کە عەرەبین، کوردین، تورکین، بەلووچین، لوڕین، توکمانین و … و لەژێرناوی جۆراوجۆردا لەلایەن ناسیۆنالیستی ناوەندخواز دەکەوێنە ژێر گوشار و سەرکوتەوە، و سەرەنجام “ئێمە”ی کە دانیشتووی ئەم وڵاتەین و لە نابوودیی سرووشت، لە سووتان و ئاگرتێبەردانی دارستانەکان، لە وشککردنی تاڵاو و ڕووبارەکان و هیتر لە عەزاب و ناڕەحەتیدا داین.“
ئەوان ڕاشکاوانە “نا”یەکی گەورە بە پارلەمانتاریسمی بورژوازی دەڵێن و لە درێژەدا دەنووسن:بۆ ئێمە دیموکراسی لە “سندووقەکانی دەنگدان” و لە نوێنەرانی هەڵبژێردراو” کە هەموو سات ئەگەری لابی کردن و گەندەڵییان لەئارادایە، خولاسە نابێتەوە. ئێمە خوازیاری بەشداریی زۆرینەی خەڵک لە پێکهێنانی چارەنووسی خۆیانداین. و بەشداریی زۆرینەی خەڵک لە دیاریکردنی چارەنووسییان، پێویستی بەلەناوبردنی “خاوەنداریەتیی تایبەت بەسەر ئامرازی بەرهەمهێنان و سەرچاوە سرووشتییەکان”، “کۆمەڵایەتی بوونی کاری ناوماڵ”، “بەڕێوەبردنی جەمعی و شۆرایی”ی ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزارییە بەپێی خواست و ویستی زۆرینەی کۆمەڵگا. ئەوان بە وتنی “کۆمەڵایەتی کردنی کاری ناوماڵ” ئاماژە بە خاڵێک دەکەن کە کەمتر گرینگیی پێدراوە. ئەم خاڵە بەیانی جیاوازیی نێوان دوو نەزمی سەرمایەداری و سۆسیالیستییە و نیشانی دەدات کە ئامادەکارانی ئەم بەیاننامەیە چ تێگەیشتنێکی قووڵیان لە بنەماکانی ژێردەستەیی ژنان هەیە و ڕەنگە ئەمە یەکێک لە گرینگترین خاڵەکانی ئەو بەیاننامە بێت. بەتایبەت ئەگەر ئەم بابەتەمان لەبەرچاو بێت کە لە جەرگەی ئاخێزێکداین کە بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی”یەوە دەستپێکردووە و هەنگاو بە هەنگاو بەرەوپێشەوە چووە و قووڵتر بووەتەوە.
مارکس و ئینگێلس ڕایانگەیاند کە “لەگەڵ پەیدابوونی بنەماڵەی باوکسالار، بارودۆخ گۆڕا. ئیدارەی کاری ناوماڵ، سفەتی کۆمەڵایەتی و گشتی خۆی لەدەست دا و بوو بە خزمەتێکی خسووسی. ژن بوو بە یەکەمین خزمەتگوزاری ناوماڵ. لەم ڕووەوە ڕەوتی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی چووە دەرەوە”. ئەوان دروست ئاماژە بەم ژێردەستەییە دەکەن. هەروەها لە درێژەدا دەڵێن: بەرابەریی واقعیی ژن و پیاو “کاتێک بەڕاستی دێتە دی کە هەر دوو لا لە بەرابەر یاسادا بەتەواوی یەکسان بن. ئەوکات ئاشکرا دەبێت کە یەکەمین مەرجی ئازادیی ژن و پیاو و چوونی دووبارەی ژنان بۆ ناو سەنعەتی گشتی و کۆمەڵایەتی پێویستی بەوەیە کە بنەماڵە ئیتر یەکەی ئابووریی کۆمەڵگا نەبێت”.
خاڵێکی تر تەئکیدی ئەوان لەسەر مافی “کوئیر”ەکانە. ئەوەش لەحاڵێکدایە کە هاوکات لە وڵاتانی ئورووپایی کۆنەپەرستان و ڕاستەکان کە ئیرانییانی سەربە کۆنەپارێزانی سەڵتەنەتخواز لە سەروویانەوەن، بەرامبەر بەم بابەتە بەڕیز بوون. ئەمانە هاوکات لەگەڵ ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا لە شاری تورێنتۆی کانەدا کەمپێکیان بۆ ئینکار و چاوترسێنکردنی کەمینە جنسیەتییەکان، کە ڕاستە ئێرانییەکان تێیدا چالاکانە بەشداربوون، وەڕێخست. ئەم دژایەتی و ناتەباییانە نیشانی دەدات کە لەڕاستیدا توێژەکانی ژێرستەمی کۆمەڵگا، لە پێگەیەکی هاوشێوە دان و چارەنووسێکی هاوشێوەیان هەیە. لە هەر شوێنێکی جیهان هەرکات خەباتێک بۆ ڕزگاری دەستپێبکات، ئەوانەی وا بەرژەوەندیان لەگەڵ بەرژەوەندی خەڵکی ژێر ستەم، ناتەبایە هەوڵ دەدەن بە تەبلیغ بۆ کۆنەپەرستترین و دژەئینسانیترین بیروبۆچوون بە ڕەنگ و لەعابێکی نوێوە، بەرەنگاری ببنەوە.
لەئێستادا پێویستە هیوادار بین کە ئەو ئاسۆ بەرجەستەیەی کە لە بەیاننامەی “کۆمیتە شۆڕشگێڕەکان”دا باسی لێکراوە ببێتە وتارێکی بەهێز لە کۆمەڵگەدا، چونکە چارەنووسی زۆرینەی کۆمەڵگا بەم بابەتەوە گرێدراوە.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە