فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

چاوگێڕانێک بەسەر پێگە و گرنگیی ناڕەزایەتییەکانی قوتابیان
سێشەممە ۱۹-۰۳-۱۴۰۵   |  09-06-2026

ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی قوتابیان، بەتایبەت لە تاران، مەشهەد و هەمەدان، جارێکی تر نیشانی دا کە ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان لە بازنە سوننەتییەکانی ناڕەزایەتیدا قەتیس نەماون. لە ساڵانی ڕابردوودا کرێکاران، مامۆستایان، خانەنشینان، پەرستاران، شۆفێرانی بارهەڵگر، زیندانیانی سیاسی و دادخوازان، چەندین جار و بە شێوازی جۆراوجۆر بۆ وەدیهێنانی خواستەکانیان، بەرانبەر بە سیاسەتەکانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی وەستاونەتەوە. بەڵام هاتنەمەیدانی قوتابیان، وەک درێژەی ئەو ڕۆڵەی لە ڕەوتی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینادا گێڕایان، خاوەنی گرنگییەکی تایبەتە. ئەم ناڕەزایەتییانە لە ژینگەی قوتابخانەدا -کە هەمیشە وەک یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی پەروەردە و کۆنترۆڵی ئایدۆلۆژیکی کۆماری ئیسلامی ئەژمار کراوە- دەریدەخەن کە میکانیزمە ئەمنی و ئایدۆلۆژیکەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوەندەکانی خوێندن کارایی خۆیان لەدەست داوە. ئەوەی لەم ڕۆژانەدا ڕووی دا، تەنیا کاردانەوەیەک نەبوو بەرانبەر بە بڕیارەکەی وەزیری پەروەردە و بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان بە شێوەی حوزووری. بەڵکوو دەبێت ئەم ناڕەزایەتییانەی دوایی لەسەر بەستێنی فراوانتری قەیرانە ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا تێبگەین؛ قەیرانێک کە بەرەبەرە درزی نێوان نەوەی نوێ و پێکهاتەی دەسەڵاتی قووڵتر کردووەتەوە. خوێندنگا کە بڕیار بوو شوێنی بەرهەمهێنانەوەی بەها و نۆرمەکانی حکوومەت بێت، ئێستا خۆی بووەتە یەکێک لە گۆڕەپانەکانی ناڕەزایەتی. ناڕەزایەتییەکانی قوتابیان نیشانی دەدات ئەو فەزا و ژینگەیەی کە بۆ گواستنەوەی «بەها» حکوومییەکان داڕێژراوە، لە هەلومەرجێکی دیاریکراودا دەتوانێت ببێتە زەمینەیەک بۆ پێکەوەنانی ئەزموونە هاوبەشەکان، ئاگایی ڕەخنەگرانە و بەرخۆدان و ناڕەزایەتیی بەکۆمەڵ. ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی قوتابیان دەکرێت وەک نیشانەیەک بۆ چالاکبوونەوەی هەر ئەم ناکۆکییە لە ناخی یەکێک لە گرنگترین دامەزراوەکانی ژێر کۆنترۆڵی کۆماری ئیسلامیدا چاوی لێ بکرێت.

بۆ تێگەیشتن لە ڕەگ و ڕیشەی ناڕەزایەتییەکانی قوتابیان، دەبێت لە ئاستی بڕیارە کارگێڕییەکان تێپەڕین و سەرنج بدەینە میکانیزمە پێکهاتەییەکانی نایەکسانی. هەڵاواردنی پەروەردەیی لە ئێراندا، بەشێکە لە پرۆسەی بەرهەمهێنانەوەی نایەکسانییە کۆمەڵایەتییەکان لە چوارچێوەی نەزمی ئابووریی سەرمایەداری لەژێر سێبەری حکوومەتی ئیسلامیدا. پەرەسەندنی خوێندنی ئەهلی، گەشەی قوتابخانە تایبەتەکان، دابەشبوونی نایەکسانی ئیمکاناتی پەروەردەیی لە نێوان ناوچە جیاوازەکان و گرێدرانی ڕۆژ لە دوای ڕۆژی سەرکەوتنی خوێندن بە توانای دارایی بنەماڵەکانەوە، هەموویان لە خزمەت گواستنەوە و جێگیرکردنی کەلێنە چینایەتییەکاندا کار دەکەن. لە وەها هەلومەرجێکدا، دەستڕاگەیشتن بە خوێندنی بەکوالێتی، لەبری ئەوەی مافێکی گشتی بێت، دەبێتە ئیمتیازێک کە بە تەواوی گرێدراوی پێگەی ئابوورییە. مافیای کۆنکووریش لە کردەوەدا هەر ئەم لۆژیکە بەرهەم دەهێنێتەوە. ئیمکاناتی پەروەردەیی، پۆلە تایبەتەکان و سەرچاوە یارمەتیدەرەکانی خوێندن، بە شێوەیەکی هەڵاواردنانە و نایەکسان دابەش کراون و دەرفەتی چوونە ناو خوێندنی باڵا، زیاتر لە جاران بە سەرمایەی ئابووریی بنەماڵەکانەوە گرێ دراوە. بەم پێیە، لە زۆر حاڵەتدا قوتابخانە دەبێتە میکانیزمێک بۆ گواستنەوەی نایەکسانی لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر. بڕیارەکانی ئەم دواییەی دامەزراوە حکوومییەکان کە چەخماخەی ناڕەزایەتییەکانی لێ دا، هەر لەم چوارچێوەیەدا جێگەی تێگەیشتنە. ئەم بڕیارانە بەبێ بەشداریی قوتابیان، مامۆستایان، بنەماڵەکان و جەستەی پەروەردەیی دران و بەسەر ملیۆنان کەسدا سەپێنران. شێوازێکی وەها لە سیاسەتدانان، نیشاندەری مۆدێلێکە کە تێیدا بوارە جۆراوجۆرەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی لەژێر کۆنترۆڵی قۆرخکاریی دامەزراوەکانی سەر بە دەسەڵاتدان.

یەکێک لە خەسڵەتە گرنگەکانی ناڕەزایەتیی قوتابیان لەم ڕۆژانەی دواییدا، پێگەی نەوەی ناڕازییە. ئەم قوتابیانە لە کەشێکدا گەورە بوون کە بە قەیرانە ئابوورییەکان، نائارامیی کۆمەڵایەتی، بێمافییە سیاسییەکان و چڕبوونەوەی کەشی سەرکوتەوە گرێ دراوە. ئەوان ئەزموونی بارودۆخی شەڕ، نائارامی، دابەزینی بەردەوامی ئاستی بژێویی ژیان، پەرەسەندنی هەژاری و بەرتەسکبوونەوەی ئاسۆکانی داهاتوویان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ئەزموون کردووە. بەشێکی گرنگی ئەم نەوەیە، ئەزموونی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا و ڕاپەڕینی بەفرانباری ١٤٠٤ی لە بیرەوەریی مێژوویی خۆیدا هەڵگرتووە؛ ڕووداوێک کە شوێنەواری قووڵی لەسەر ڕوانگەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی لاوان بەجێ هێشت. لەم ڕوانگەیەوە، ناتوانرێت ناڕەزایەتییەکانی قوتابیان بە جیا لە گۆڕانکارییە بەرینەکانی کۆمەڵگای ئێران شیکاری بکرێت. پێداگریی ناڕازییان لەسەر بەردەوامیدان بە ئامادەبوون لە مەیدان و چاوەڕوانی بۆ وەرگرتنی وەڵام، دەربڕی جۆرێک لە گۆڕانکارییە لە پەیوەندیی نێوان نەوەی نوێ لەگەڵ پێکهاتەی دەسەڵات. ئەم گۆڕانکارییە نیشانی دەدات کە بەشێک لە میکانیزمە سوننەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامی بۆ ڕازیکردن و کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتی، کارایی خۆیان لەدەست داوە. بێگومان لە ڕوانگەی چینایەتییەوە، قوتابیان تەنیا سەر بە چینێکی کۆمەڵایەتیی دیاریکراو نین. ئەوان لە توێژ و پێگە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکانەوە هەڵقوڵاون و بەرژەوەندیی ئابووریی هاوبەشیان نییە. لەگەڵ ئەوەشدا، گرنگییە سیاسییەکەی ئەم ناڕەزایەتییانە لەوەدایە کە ئەم نەوەیە لە ئایندەیەکی نزیکدا دەچێتە ناو بازاڕی کار و پەیوەندییەکانی نێوان کار و سەرمایەوە. ئەزموونە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەمڕۆیان دەتوانێت لە داڕشتنی شێوازەکانی داهاتووی خەباتی کۆمەڵایەتیدا ڕۆڵێکی کاریگەر بگێڕێت.

کۆماری ئیسلامی لە دەیەکانی ڕابردوودا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان، کەڵکی لە تێکەڵەیەک لە سەرکوت، ئیمتیازدانی سنووردار، بەڵێنیی درۆی چاکسازی و لێکدابڕینی داواکارییەکان وەرگرتووە. بەڵام ناڕەزایەتییەکانی قوتابیان ئاستەنگ و بەرەنگارییەکی جیاوازی خستووەتە بەردەم دەسەڵات. ملکەچبوون بۆ بەشێکی بەرچاو لە داواکارییەکانی ناڕازییان، دەتوانێت ئەو تێگەیشتنە بەهێزتر بکات کە گوشاری جەماوەری توانای گۆڕینی سیاسەتەکانی هەیە. لە بەرانبەریشدا، توندکردنەوەی سەرکوت و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمنی، درزی نێوان نەوەی نوێ و حکوومەتی ئیسلامی قووڵتر دەکاتەوە. هەر ئەم دۆخە، نیشاندەری بەرتەسکبوونەوەی مەودای مانۆڕی دەسەڵاتە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ناڕەزایەتییە نوێیەکاندا. هەلومەرجێکی لەم چەشنە، قووڵایی قەیرانی هێژمۆنیی حکوومەتی ئیسلامی نیشان دەدات. دۆخێک کە تێیدا چینی حاکم چیتر توانای نییە ڕەزامەندییە کۆمەڵایەتییە پێویستەکان بۆ پاراستنی شەرعییەتی سیاسیی خۆی دابین بکات و ناچارە زیاتر لە جاران پەنا بباتە بەر ئامرازەکانی سەرکوت. بەڵام چڕکردنەوەی سەرکوت، خۆی دەبێتە هۆی داماڵین و قووڵبوونەوەی زیاتری قەیرانی شەرعییەتی سیاسیی ڕژێمی ئیسلامی. لەوانەیە گرنگیی سیاسیی ناڕەزایەتییەکانی قوتابیان لەوەدا بێت کە پانتایی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان بۆ ئەو بوارانە پەرەی سەندووە کە پێشتر کەمتر لە چەقی سەرنجدا بوون.

پرسی پەروەردە و فێرکردن ڕاستەوخۆ بە ژیانی ملیۆنان بنەماڵەوە گرێ دراوە و هەر بەم هۆکارەش، پوتانسیەل و توانایەکی زۆری بۆ دروستکردنی هاوپشتی و گرێدانی گرووپە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان بە یەکترەوە هەیە. ئەزموونی مێژوویی نیشانی دەدات کە قەیرانە سیاسییە گەورەکان زۆر جار نەک لە ناخی ناڕەزایەتییەکی تاکەوە، بەڵکوو لە ڕێگەی گرێدرانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان لە بوارە جیاوازەکاندا پێک دێن. لە ئێرانیشدا لە ساڵانی ڕابردوودا کرێکاران، مامۆستایان، خانەنشینان، پەرستاران، شۆفێرانی بارهەڵگر، دادخوازان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی تر چەندین جار و بە شێوازی جۆراوجۆر ناڕەزایەتییان دەربڕیوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم ناڕەزایەتییانە زۆرجار بە شێوەی دابڕاو و بەبێ گرێدرانێکی ئۆرگانیک بە یەکترەوە بەرەوپێش چوون. ناڕەزایەتییەکانی قوتابیان لەبەر ئەوە گرنگییەکی تایبەتیان هەیە کە ڕاستەوخۆ بە بنەماڵەکان، ئایندەی نەوەی نوێ و پرسی بەرهەمهێنانەوەی کۆمەڵایەتییەوە گرێ دراون. هەر ئەم تایبەتمەندییە دەتوانێت دەرفەتی دروستکردنی پرد لە نێوان خواستەکانی گرووپە جیاوازەکاندا بەرز بکاتەوە. بەڵام، بەدیهاتنی ئەگەرێکی وەها خۆبەخۆ ڕوو نادات. گرێدران و پێکەوەنانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان پێویستی بە خۆڕێکخستن، تۆڕەکانی هاوپشتی و داڕشتنی ئاسۆیەکی هاوبەشی سیاسی هەیە. بەبێ بوونی پەیوەندیگەلێکی وا، تەنانەت بەرفراوانترین ناڕەزایەتییەکانیش لەوانەیە هەر لە چوارچێوەی خواستە جیاوازە پیشەییەکاندا بمێننەوە و نەتوانن ببنە هێزێکی یەکلاکەرەوە لە هاوکێشە سیاسییەکاندا.

پێویستە هەڵسووڕاوانی سۆسیالیست لە نێو قوتابیاندا، هاوکات لەگەڵ ئامادەبوونی چالاکانەیان لە ناڕەزایەتییەکاندا، یارمەتیدەری پرسی خۆڕێکخستنی قوتابیان بن بۆ وەدیهێنانی خواستە دیموکراتیکەکانیان و پاشەکشەپێکردن بە کەشی ئەمنی و سەرکوت. بەڵام ئەمە تەنیا خاڵی دەستپێکە. گرنگییە سەرەکییەکە لەوەدایە کە ڕەگ و ڕیشە پێکهاتەییەکانی نایەکسانی و پەروەردەی چینایەتی ڕوون بکرێتەوە و جەخت لەسەر گرێدراوییەکەی بە پەیوەندییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی ئێستاوە بکرێتەوە. خەبات دژی هەڵاواردن، نایەکسانی و پەروەردەی چینایەتی، تەنیا کاتێک دەتوانێت ئاسۆی بەرینتر پەیدا بکات، کە لەگەڵ خەبات و داواکارییەکانی کرێکاران، مامۆستایان و تەواوی توێژە چەوساوە و بێبەشەکانی تری کۆمەڵگادا گرێ بخوات.