
بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا کە زیاتر لە دوو ساڵ لە تەمەنی تێدەپەڕێ، سرووشتی سیاسی و چینایەتیی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی بورژوازیی زیاتر ئاشکرا کرد. ڕاستی توندڕەوی سەڵتەنەتخواز هەر لە سەرەتاوە بە ئامانجی بەلاڕێدابردنی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە بە بانگەشەی دروشمی پیاوسالارانە و ناسیۆنالیستیی “پیاو، نیشتمان، ئاوەدانی” بەرامبەر بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” هاتە مەیدان و لە درێژەدا بە ڕێکخستنی باندی لۆمپەن و فالانژیستی سەڵتەنەتخواز هەوڵی دا ئاڵای “شێر و خۆر”، ئەم هێمایەی کۆنەپەرستیی پەهلەوی، بەسەر ڕێپێوانەکانی دەرەوەی وڵاتدا بسەپێنێت. ئەم ڕەوتە دواتر بە هاوپەیمانی لەگەڵ سازمانی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و ژمارەیەک لە سێلێبریتییەکان، لەژێرناوی مەهسادا مەنشوور و نەخشەڕێگای خۆیان بۆ تێکشکاندنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا ڕاگەیاند. لە کاتێکدا کە هێزی بزوێنەری بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا لە شەقام و زانکۆ و قوتابخانەکان و لە پەراوێزی شارەکاندا وەحەرەکەت کەوتبوو، ئەم هاوپەیمانییە دژەشۆڕشە سەرنجی لەسەر بەدەستهێنانی پشتیوانی زلهێزە ئیمپریالیستەکانی ڕۆژئاوا بوو. ڕاستی توندئاژۆ لە هەمان کاتدا کە ببووە ئامرازی فشاری دەوڵەتانی سەرمایەداری بۆ داسەپاندنی فشاری کۆنتڕۆڵکراو بەسەر ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەپێناوی سات و سەودای پشتی پەردە، بە مانۆڕە سیاسییەکانیان بەکردەوە ببوونە گۆپاڵی دەستی ڕژیمی ئیسلامی لەدژی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی خەڵک. بەهۆی هێزی هوشیاری بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا کە لە دروشمی “مەرگ بۆ ستەمگەر، چ شا بێت و چ ڕێبەر” و لە مەنشووری داخوازیی بیست ڕێکخراوی کرێکاریدا خۆی نیشاندا، وە هەروەها لەئاکامی ڕۆشنگەریی هێزە چەپ و کۆمۆنیست و شۆڕشگێڕەکان، ئەم ڕەوتە ڕیسوا بوو و خرایە پەراوێزی ئاڵوگۆڕەگانی ئێستا و داهاتووەوە.
لە سەڵتەنەتخوازەکان کە بگوزەرێین، بەشی سەرەکیی ئۆپوزیسیۆنی بورژوازیی ئێران لە توێژێکی بەرین و ڕەنگاوڕەنگ لە کۆماریخوازانی لائیک و سێکۆلار، واتە لە سێکۆلار دێموکراتەکان و نێئۆلیبڕاڵەکانی لایەنگری ڕۆژئاوا پێکهاتووە. پێداگری لەسەر تێپەڕینی هێمنانە و بەدوور لە توندوتیژی لەلایەن ئەم بەشەی ئۆپۆزیسیۆن، ناوی ڕەمزی دژایەتییان لەگەڵ شۆڕشە. ئەمانە لە شۆڕش زیاتر لە کۆماری ئیسلامی دەترسێن. کاتێکیش باسی ڕووخاندن دەکەن، مەبەستیان ڕووخاندنی “نەرم و هێمنانە” و دەست بە دەست کردنی دەسەڵات لە سەر سەری خەڵکەوەیە. دوو بنەمای سیاسەتی ستراتێژیکی هەموو هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی بورژوازی، پاراستنی ئەرتەش و سپای پاسداران و پێکهاتەی بوروکراسیی دەوڵەتی و هەوڵ بۆ نەجاتدانی موناسباتی سەرمایەدارییە. پایەی کۆمەڵایەتیی ئەم هێزانە بەشێک لە بورژوازیی ئێران، توێژێکی بەرین لە ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی و توێژەکانی سەرەوەی وردەبورژوازی، پێکیدەهێنن. ئەم بەشە لە ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوازی بە پشت بەستن بە ئاراستەی ڕاستی ناو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان ستراتێژیی خۆی بەڕێوەدەبات و لە کوردستان حیزبە ناسیۆنالیستەکان پایەی نفووزی ئەوانن. ئەم بەشە لە ئۆپۆزیسیۆن بە ئیعتباری هەر ئەم پایە کۆمەڵایەتییەی کە هەیانە، ڕەقیبی سەرەکیی بزووتنەوەی چەپ و سۆسیالیستین لە خەبات بۆ دیاریکردنی چارەنووسی دەسەڵاتی سیاسی لە ئاڵوگۆڕەکانی داهاتوودا. خاڵی لاوازی ئەم بەشەی ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازی ئێران بەرنامە ئابوورییەکانیانە. ئەوان لە کاتکێدا دەیانهەوێ بە پەیڕەوکردنی مۆدێلی ئابووریی نێئۆلیبڕالیسم، موناسباتی سەرمایەداریی ئێران بپارێزن و بەڵێنی گەشەی ئابووری دەدەن، کە حکوومەتی ئیسلامی زیاتر لە چوار دەیەیە بە پشت بەستن بە هەمان موناسباتی چینایەتی و بە هەمان مۆدێلی دڵخوازی ئەوان هێزی کاری بەردەوام هەرزان کردووە و نان و کاری و ئازادی و ژیانی ئینسانەکانی زەوت کردووە. بەرنامەی ئەم بەشە لە ئۆپۆزیسیۆن بۆ گەشەی ئابووریی ئێران، پەرەپێدانی چەوساندنەوە و هەرزانکردنی هێزی کار و بێ مافیی کرێکاران و دەستڕاگەیشتن بە بازاڕی جیهانی بە پشتیوانیی دەسەڵاتەکانی ڕۆژئاوایە. ئەوان دەیانهەوێ حکوومەتێکی سەرمایەداری و دیکتاتۆری غەیرە دینی بخەنە جێگای حکوومەتی ئیسلامی. بەڵێنی درۆینەی ئەم بەشە لە ئۆپۆزیسیۆن سەبارەت بە ئازادیی سیاسی و خۆشبژێوی و یەکسانیی ژن و پیاو، لە بنەڕەتەوە ناتەبایە لەگەڵ بەرنامەی ئابووری و ستراتێژی ئەوان بۆ پاراستنی موناسباتی سەرمایەداری.
بەشێک لە هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان لە چەپ و کۆمۆنیستەکان پێکهاتوون. ئەمڕۆ بوونی ڕەوتێکی بەهێزی چەپی کۆمەڵایەتی بەشێک لە حەقیقەتی حاشاهەڵنەگری کۆمەڵگای ئێرانە. بەو ڕادەیەی کە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا کۆمەڵگای بەرەو چەپ بردووە، ئەم چەپە کۆمەڵایەتییەش دیارتر و ئاشکراتر بووە. چالاکان و ڕێبەرانی بزووتنەوەی کرێکاری کە ئاڵای داخوازیی کرێکارانیان هەڵکردووە و لە ڕێکخستن و ڕێبەریی ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاریدا دەورونەخش دەنوێنن، داهێنەری پێکهێنانی کۆمیتەی مانگرتن و بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی گشتی لە ناوەندە سەنعەتی و کرێکارییەکانن و ئیدەی ڕێکخستنی شۆرایی دەبەنە ناو کرێکارانەوە. ئەو بەشە لە چالاکانی بزووتنەوەی ژنان کە لە بەرامبەر فێمێنیسمی کۆنەپەرستی ئیسلامی و فێمێنیسمی نیۆلیبراڵدا ئاڵای ڕزگاریی ژنانیان بە ئاسۆی دژەسەرمایەدارییەوە بەرز کردووەتەوە. ئەو ژنە خەباتکارانەی کە بە بەشداریی خۆیان لە پێشەوەی خەباتی مامۆستایان، خانەنشینکراوان، خوێندکاران، پەرستاران و لەناو ڕیزی خەباتی کرێکاران و بە خۆڕاگریی بەرین لەبەرامبەر سیاسەت و یاسای دژی ژن، ئاسۆی ڕزگاریی ژن لە ستەم و چەوسانەوەی سەرمایەدارییان بەرەوڕووی کۆمەڵگا کردووەتەوە. هەموو ئەم چالاک و تێکۆشەرانە پێگەیەکی تایبەتیان لە پێکهێنانی ئەم چەپە کۆمەڵایەتییەدا هەیە.
ئەم ڕەوتە چەپە کۆمەڵاڵیەتییە هەروەها ئاراستەی سۆسیالیستیی ناو بزووتنەوەی خوێندکاری لەخۆدەگرێت کە لە بەرامبەر ئاراستەکانی نێئۆلیبڕاڵی ئێران و ڕەوتە کۆنەپەرستە ئیسلامییەکان ئاڵای یەکگرتن لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەیان بەرز کردەووتەوە. چالاکان و ڕێبەرانی بزووتنەوەی خانەنشینان کە بۆ وەدیهێنانی خواستەکانیان لەسەر شەقامەکان پێداگری دەکەن. ئەم چەپە کۆمەڵایەتییە ئەو بەشە لە نووسەران، هەواڵنێران، مامۆستایانی زانکۆ، سینەماران و هونەرمەندان لەخۆدەگرێت کە بەرەنگاری فەرهەنگ و سیاسەت و ئایدیۆلۆژیی چینی دەسەڵاتدار بوونەتەوە و لە بەرژوەند و خەباتی کرێکاران و زەحمەتکێشان دیفاع دەکەن. ئەو هێزانەی کە لە کوردستان ئاڵای خەبات و تەسلیم نەبوون بەرامبەر بە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ کۆنەپەرستانی ناوچەیی و هاوپشتی لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و باقیی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانیان لە سەرتاسەری ئێران بەرز کردووەتەوە. بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا سەرەڕای هەڵکشان و داکشانەکانی، بە دەورونەخش نواندنی هەر ئەم چەپە کۆمەڵایەتییە دەستیپێکرد و هەروا لەئارادایە. ناوەرۆکی داخوازیی بەشە جۆراوجۆرەکانی ئەم چەپە کۆمەڵایەتییە، درووشمی “نان، کار، ئازادی” پەیوەندی داوە.
بەشێکی حاشاهەڵنەگر لە بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستیی ئێران، حیزب و ڕێکخراوە جۆراوجۆرەکانی ئێستای بزووتنەوەی چەپ کۆمۆنیستیی ئێران پێکیدەهێنن. ئەگەرچی ڕەنگدانەوەی چالاکی و خەبات و پەیوەندیی حیزب و ڕێکخراوەکانی بزووتنەوەی کۆمۆنیستیی ئێران دەتوانین لە بردنەسەرەوەی ئاستی وشیاری و شەفافبوونی خواستی بەشە جۆراوجۆرەکانی ئەم چەپە کۆمەڵایەتییەدا ببینین، بەڵام حیزب و ڕێکخراوەکانی ئێستا سەرەڕای هەموو پێشکەوتنەکانیان هێشتا لەئاستی کۆمەڵایەتیدا پەیوەندییەکی زیندوو و ئۆرگانیکیان لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە نییە. بە واتایەکی تر هێشتا بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوەی ناڕەزایەتی لەئاستی کۆمەڵایەتیدا لەگەڵ بزووتنەوەی کۆمۆنیستیی موتەحەزیب و ڕێکخراو پێک نەگەیشتوون.
کەموکوڕییەکی جیدیی ئەم هێزە چەپە کۆمەڵایەتییە و ئەو ناڕەزایەتی و ئاخێزانەی کە بە هەوڵ و بەشداریی ئەم هێزە لەئارادایە، ئەو واقعیەتەیە کە ئەم حەرەکەتانە هێشتا لە بزووتنەوەیەکی واحیدی سیاسیدا بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی و بۆ گۆڕینی وشیارانەی نیزامی سەرمایەداری تێکهەڵنەکێشراون. ئەم هێزە چەپە کۆمەڵایەتییە خاوەنی شێوازێکی ڕێکخستن نییە کە شیاوی ئەم قۆناغە بێت و ڕێبەریی سیاسیی سەرتاسەریی نییە. هەربۆیە توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگە هێشتا ئاڵتێرناتیڤێکی بەهێز لە مەیداندا نابینن کە بۆ ڕزگاری خۆیان پێی هیوادار بن. لە هەلومەرجی ئێستادا درێژەی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاران و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە ئێستا دەرفەتێکی گونجاوی بۆ بزووتنەوەی کۆمۆنیستیی ڕێکخراو و موتەحەزیبی ئێران خوڵقاندووە تا بە وڵامدانەوە بە پێویستیی ئەم بزووتنەوانە و بە هەوڵ و یارمەتی بۆ لابردنی کۆسپ و بەربەستەکان، بتوانن بەسەر ئەم جیاییەدا زاڵ بن و پێشمەرجەکانی پێکهێنانی ڕێبەرییەکی سیاسیی سەرتاسەری بە ستراتێژی سۆسیالیستییەوە فەراهەم بکەن. وڵامدانەوەی هاوبەشی چالاکان و ڕێبەرانی ئەو هێزە چەپە کۆمەڵایەتییە و کۆمۆنیستە موتەحەزبەکان بە کۆسپ و بەربەستەکانی سەر ڕێگای بزووتنەوەی کرێکاری و شۆڕشگێڕانەی ئێستا، کلیلی پێکگەیشتنی ئەم دوو بەشە چەپە ڕادیکاڵ و سۆسیالیستییەیە.