چەند مانگ دوای ئاشکرابوونی گەندەڵی و دزی لەناو حکوومەتی ئیسلامی لە بواری سەنعەتی چا، ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی سەرماوەز، موحسێنی ئێژەیی جەلادی دەزگای قەزایی ڕژیم ناچار بوو دان بە گەندەڵی و دزیی سێ ملیارد و ٣٧٠ ملیۆن دۆلارییەکی دیکە دابنێت کە لە ناوەندەکانی سەربە حکوومەتدا ئەنجام دراوە. ئەو وتی: “سەرجەم ئەو کەسانەی لە گەندەڵی دارایی ناوەندەکانی ئاژەڵداری و چادا دەستیان بووە، لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت و دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری جەهادی کەشاوەرزی و دوورخستنەوەی جێگرەکەی بەم هۆکارە بووە”. گەندەڵی و دزیی گەورەی ئەم جارە لەژێرناوی “هاوردەکردنی چا” لەلایەن بەرپرسانی پلە بەرزی ناوەندەکانی حکوومەت و دەست و پێوەندەکانیانەوە ئەنجام دراوە.
ڕۆژنامەی ئێعتماد ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی سەرماوەز نووسیی: ”دابینکردنی بڕی سێ ملیارد و ٣٧٠ ملیۆن دۆلار لەلایەن بانکی مەرکەزییەوە بۆ هاوردەکردنی چا و پێداویستییەکانی ئەم شیرکەتە خسووسییە، گەندەڵی و دزییەکی بەرینە کە بێگومان بە ئاگاداریی بەرپرسانی باڵای حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئەنجام دراوە”. تەرخانکردنی ئەم بڕە زۆرە لە پارە لەژێرناوی هاوردەکردنی چا لە حاڵێکدایە کە خەڵکی ئێران موحتاجی کەمترین دراون بۆ هاوردەکردنی دەرمان و خۆراکە ئەساسییەکان. ئەم دزی و گەندەڵییە و هاودەستیی بەرپرسانی پلەبەرزی دەسەڵاتی ئیسلامی لەگەڵیان لە سەرەتای ساڵی ١٣٩٨ەوە دەستیپێکرد و هەتا ساڵی ڕابردوو درێژەی بووە. ماجەراکە بەمجۆرە بووە کە ٨٠ لەسەدی گشت دراوی “نیمایی” بۆ هاوردەکردنی چا بە بەرپرسانی شیرکەتێکی خسووسی بەناوی “کێشت و سەنعەتی دێبش” دراوە. بەرپرسانی ئەم شیرکەتە لە نزیکانی کاربەدەستانی ڕژیمن. ئەمەش لە حاڵێکدایە کە بەپێی ڕاپۆرتی سایتی “ئێقتساد نیوز” زیاتر لە ١٠٠ شیرکەتی بەرهەمهێنان و بازرگانیی دیکە لە بواری هاوردەکردنی چا لە ئێراندا هەن. لە ساڵی ١٤٠١دا سەد لە سەدی دراوی هاوردەکردنی چا بەم شیرکەتە دراوە”. تەرخانکردنی ئەم بڕە پارە زۆرە بۆ بواری هاوردەکردنی چا کە بەرابەرە لەگەڵ سەرجەم دراوی پێویست بۆ هاوردەکردنی دەرمان و شیری وشک بۆ یەک ساڵی ئێران، بێوێنەیە و یەکجار لە ئاستی پێویست زیاتر بووە.
بێجگەلە ئەمە بە ئیعترافی مەقاماتی قەزایی، پەرپرسانی گرووپی “کێشت و سەنعەتی دێپش” قەرار بووە چای دەرەجە یەکی هێندی بە نرخی هەر کیلۆ ١٤ دۆلار هاوردە بکەن، بەڵام لەجیاتی، چای هەناردەی دەرەجە دووی ئێران بە نرخی دوو دۆلار کە گۆیا “هەناردەیان کردبوو” دووبارە ڕەوانەی ئێرانیان کردووەتەوە. هەروەها لەحاڵێکدا کە قەرار بووە ئاستی هاوردەکردنی چا بۆ ٢٥ هەزار تۆن لە ساڵدا بێتە خوارێ، بەڕێوەبەری دزی شیرکەت لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵنێریی تەسنیمی سەربە سپای پاسداران ئاستی هاوردەکردنی چای ٣٠٠ هەزار تۆن ڕاگەیاند و لە تەبانی لەگەڵ ناوەندە حکوومەتییەکان بەم میزانە دراوی وەرگرتووە. بە بەرئاوردی مودیرانی کارخانەکانی چا، ڕێژەی چای پێویست بۆ وڵاتی ئێران لە ساڵی ٩٠دا هەزار تۆن بووە کە بەشێکی زۆری لە ناوەوە بەرهەم دێت. ڕۆژی شەممە١١ی سەرماوەز سەرۆکی بەناو “سازمانی بازڕەسیی کولی کشوەر” دانی بەوە دانا کە ئەو شیرکەتەی هاوردەکاری سەرەکیی چای ئێران بووە و زیاتر لە ٣ ملیارد دۆلاری دراوی تەرجیحی وەرگرتووە، یەک ملیارد و ٤٠٠ ملیۆن دۆلاری بە نەغد لە بازاڕی ئازاددا فرۆشتووە.
لە دۆسیەی ئەم گەندەڵی و دزییە گەورەیەدا، تێوەگلانی بەرپرسانی سپای پاسداران، یان (برادەرانی قاچاخچی)ش ئاشکرا بووە. بەڕێوەبەری شیرکەتی “دێبش” ئاشکرای کرد کە هەناردە و هاوردەکردنی چای شیرکەتەکەیان لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی “پەیام”ەوە بووە، کە سەر بە سپای پاسدارانە. بەڵام دەرکەوتووە کە ئەوەی لەم فڕۆکەخانەیەدا ئەنجام دراوە، هاوردە و هەناردەکردنی چای کوالێتی بەرز نەبووە. بەڵکوو لەوێ چای کۆن و ماوە بەسەرچوو کۆکراوەتەوە کە قەرار بووە بۆ خۆراکی ئاژەڵان بکرتێە کۆمپۆست. بەڵام لەجیاتی ئەم کارە لەگەڵ کەمێک چای وارداتی تێکەڵ کراوە و دەرخواردی خەڵکی ئێران دراوە کە سڵامەتیی خەڵکی فەقیر و هەژاری خستووەتە مەترسییەوە.
لەوەتەی ڕۆڵ و بەشداریی بەرپرسانی باڵای حکوومەت و سپای پاسداران لەم دزی و گەندەڵییەدا ئاشکرا بووە، دەزگای قەزایی و دامودەزگاکانی دیکەی حکوومەتی ئیسلامی لە هەوڵی ئەوەدان بە تۆمەتبار کردنی کەسانێک لە ئاستی خوارەوە، دزی و گەندەڵی و کردەوەی دژەئینسانیی خۆیان ئینکار بکەن. مێهدی نەسیری مودیری مەسئوولی پێشووی ڕۆژنامەی کەیهان و یاری پێشینی خامنەیی، ئەم دزی و گەندەڵییە گەورەیەی “چا گەیت” ناو لێناو و وتی کە ئەم گەندەڵییە بەرینە بەبێ دەخاڵەت و هاودەستیی دەزگای ئیجرایی و ئیتلاعاتی و قەزایی سەربە ناوەندی ڕەهبەری و شەخسی خامنەیی ئیمکانی نییە و ناکرێت.
هەڵبەت دزی و ئیختلاسی بەرینی کاربەدەستانی حکوومەتی ئیسلامی بابەتێکی تازە نییە. بەڵام ئەم نموونەیە کە بەهۆی ناکۆکیی باڵەکانی حکوومەتی ئیسلامییەوە ئاشکرا بووە، هێندە بەرینە کە بەوتەی مودیری ئیجرایی سەندیکای کارخانەاکنی چای شوماڵ، تەعادولی بازاڕی تێکداوە و ئەم سەنعەتەی بەرەوڕووی قەیران کردووە. ئەم گەندەڵی و دزییە ماهیرانەیە کە بە ڕواەڵەت لەلایەن شیرکەتێکی خسووسیی غەیری دەوڵەتییەوە ئەنجام دراوە، بێگومان پێویستی بە هاودەستیی زۆرێک لە ناوەندە ئیداری و حکوومەتییەکان لەئاستێکی باڵادایە. ئێژەیی دانی بەوە دانا کە ٦٠ کەس لە مودیرانی باڵای دەوڵەت لەم گەندەڵییەدا دەستیان بووە. بە ئیعترافی سازمانی بازرەسی، ئەم شیرکەتە بۆ ئەنجامدانی ئەم دزی و گەندەڵییە لەگەڵ هەموو دەزگا ئیجراییەکان لەوانە لەگەڵ گومرک بۆ تەرخیسی خێرا و بەدەر لە نۆرەی کاڵای تەقەلوبی، لەگەڵ وەزارەتی سەنعەت و مەعدەن و تەجارەت، وەزارەتی جەهادی کەشاوەرزی بۆ تەئید و تۆمارکردنی خێرا، لەگەڵ بانکی مەرکەزی بۆ دانی ئەم بڕە پارەیە بە بێ تێپەڕاندنی قۆناغە ئاساییەکان، پەیوەندیی بووە. هەڵبەت وەها دزییەکی گەورە بەبێ بەشداریی ناوەندەکانی ڕووحانیەت و مافیای سپای پاسداران کە زیاتر لە ٨٠ لەسەدی ئابووریی ئێرانیان لە کۆنتڕۆڵدایە، مومکین نییە.
هەموو ئەم ئیختلاس و گەندڵی و دزییە گەورانەی کاربەدەستان و دەست و پێوەندەکانی ڕژیمی ئیسلامی لە بەرهەمی ڕەنج و کاری جەماوری کرێکار و زەحمەتکێشەوە لە بارودۆخێکدا ئەنجام دەدرێت کە حکوومەتی گەندەڵ و وەرشکستە ئیسلامیی سەرمایەداران لە قەیرانێکی قووڵی ئابووریدا دەست و پێ لێدەدات و بە زەبری سەرکوت و کوشتار بارودۆخێکی کارەساتباری بەسەر ژیان و گوزەرانیاندا سەپاندووە.
حهسهن ڕووحانی سەردەمانێک له یهكێك له وتهكانیدا سهبارهت به ڕیشهكانی گهندهڵیی ناو ڕژیمی ئیسلامی وتی: ” ئهگهر چهك، پاره، ڕۆژنامه، سایت، ههواڵنێری، ههموو ئهوانه یهك جێگا كۆبكهینهوه، حهتمهن گهندهڵی درووست دهبێت. ئهبووزهر و سهلمانیش بن، گهندهڵ دهبن. كهوابوو دونیا عهقڵی بهوه شكاوه كه ئهم دهسهڵاتانهی لهیهكتر جیا كردووهتهوه”. ههڵبهت ڕووحانی له جهرگهی شهڕی دهسهڵاتدا و بهخاتری بهشخوازیی خۆی لە چەک و پارە و ڕۆژنامه و ههواڵنێری كه زۆربهیان لهژێر ناوی خسووسی سازیدا لهدهست سپای پاسداران و ناوەندەکانی سەربە وەلایەتی فەقیه دان، گۆشەیەک لە حەقیقەتی بەیان کرد. بهڵام له ڕاستیدا، له پێكهاتهی چینایهتی و سیاسیی كۆماری ئیسلامیدا، ئهگهر سهرچاوهكانی دهسهڵات لهوانه پارە و چهك و میدیا له نێوان سێ دهزگای قهزایی و موقهنهنه و مۆجریهدا، به شێوهی یهكسان دابهش بكرێن، یان وهك دێمۆكراسیی بۆرژوازی ههر كام لهم دهزگایانه جێگه و پێگهی خۆیان له دهسهڵاتدا ببیننهوه، دیسانیش ناكرێ گهندهڵی لهناو كۆماری ئیسلامیدا ڕیشه كێش بكرێ. بە ئیعترافی ئەحمەد تەوەکولی، ئەندامی مەجمەعەلی تەشخیسی مەسلەحەتی نیزام، “حکوومەتی کۆماری ئیسلامی گەیشتووەتە قۆناغی گەندەڵیی سیستماتیک”. بێگومان تەمەنی ئەم ڕژیمە گەندەڵە بەسەرچووە. کرێکاران و بەرەی مەزنی کار و زەحمەت بە مانگرتن و ناڕەزایەتیی یەکگرتووانە و سەرانسەری و بە سازماندانی خۆیان لەسەر بەستێنی ئەم بزووتنەوە ناڕەزایەتییە و لەڕێگەی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتییەوە ئەم دەسەڵاتە گەندەڵ و جەنایەتکارە ئیسلامییەی سەرمایەداران دەڕووخێنن.
٩ی دێسامبری ٢٠٢٣
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە