
سەرۆکی گرووپی “لێکۆڵینەوەی دیمەنی تاوانی سازمانی پزیشکی قانوونی”، دوو حەفتە لەمەوبەر دانی بەوە دانا کە: ”لە ساڵی ڕابردوو لە ئێران ٢ هەزار و ١١٥ کرێکار بەهۆی ڕووداوەکانی شوێنی کار گیانیان لەدەست داوە و ٢٧ هەزار کرێکاری دیکەش برینداربوون و ڕەوانەی ناوەندەکانی پزیشکی قانوونی کراون”. هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێژەی مردنی کرێکاران لە شوێنی کار بە بەراورد بە ساڵی پێشوو بە ڕێژەی ١١.٣% زیادیکردووە. سەرۆکی گرووپی پزیشکی قانوونی ڕوونیشیکردەوە کە: ”بەسەرەنجدان بەوەیکە لە ساڵی ڕابردوو بەهۆی کەمبوونەوەی کاری بیناسازی زیاتر لە نیوەی کرێکارانی ئەم بوارە نێوەی ساڵ بێکار بوون، ڕێژەی چوونەسەری ڕووداوەکان لەچاو ساڵانی ڕابردوو زۆر لە ١١.٣% زیاتر بووە. چونکە سەرەڕای ئەوەیکە ژمارەیەکی کەمتر لە کرێکاران لە چاو ساڵانی ڕابردوو چوونەسەر کار، بەڵام ژمارەی قوربانییان زیادی کردووە. بێگومان ئەگەر ئاماری گیانبەختکردنی کۆڵبەران لە کوردستان و سووختبەران لە سیستان و بەلووچستانیش بەحیساب بێنین، ڕێژەی چوونەسەری قوربانییانی ژێر دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامیی سەرمایەداران زیاتریش دەبێت. و دەتوانین بڵێین کە ڕۆژانە بەشێوەی مامناوەند زیاتر لە ٧ کرێکار بەهۆی نەبوونی ئیمکاناتی ئیمەنیی شوێنی کار دەبنە قوربانی و بنەماڵەکانیان ناندەرهێنەری خۆیان لەدەست دەدەن. ئەم ژمارە زۆرەی گیانلەدەستدان و برینداربوونی کرێکاران بە هۆی نەبوونی ئیمکاناتی سەلامەتی لە شوێنی کار، لە مێژووی بزووتنەوەی کرێکاری ئێراندا بێ وێنەیە. بەداخەوە ڕۆژی ١١ی مانگی گوڵانیش دوو کرێکاری دیکە لە ناوچەی تایبەتی ئابووریی بەندەری خومەینی (شاپوور) بەهۆی بەربوونەوە لە بەرزایی گیانیان لەدەستدا. بەگوێرەی هەواڵنێریی هرانا لەماوەی حەفتەی ڕابردوو لانیکەم سێ کرێکار لە ئەشکدز و ئێرانشار بەهۆی نەبوونی ئیمکاناتی ئیمەنی شوێنی کار گیانیان لەدەست داوە. ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی مانگی گوڵانیش کرێکارێکی ڕێگەی ئاسن لە کەرەج بەهۆی ئاگرکەوتنەوە برینداربوو.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی وەزارەتی کاری ڕژیم هەتا ئێستا ئاماری کرێکارانی قوربانیی شوێنی کاریان سێ تا چوار هێندە کەمتر ڕاگەیاندووە. ڕۆژی ١٠ی گوڵان و دوو ڕۆژ بەر لە ڕۆژی جیهانیی کرێکار، حسێن ڕەعیەتی جێگری درۆزنی پەیوەندییەکانی کاری وەزیری”تەعاون، کار و ڕەفاهی ئیجتماعی”ی دەوڵەتی ڕەئیسی ڕایگەیاند کە: “لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا ژمارەی کرێکارانی گیانبەختکردوو بەهۆکاری ڕووداوی شوێنی کار، لە ٧١٢ کەس لە ساڵی ١٤٠٠ەوە بۆ ٦٨٠ کەس لە ساڵی ١٤٠١ کەم بووەتەوە و ئەمەش هاتنە خواری ٩.٧ لەسەدیی ڕووداوەکانی شوێنی کار نیشان دەدات”. شەرمەزاریی ئاماری ساختە و ناتەبای ڕژیمی ئیسلامی لەبواری تەڵەفاتی کرێکاران لە شوێنی کار هێندە ئاشکرایە کە بەڕێوەبەری گشتیی لێکۆڵینەوەی کاری ئەم وەزارەتە ناچار بوو بۆ پاساوکردنی، ئاماری دژبە یەک ڕاگەیەنێت. ئەو ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی مانگی گوڵان لەم پەیوەندییەدا وتی: “هۆکاری جیاوازیی نێوان ئاماری پزیشکی قانوونی لەگەڵ ئاماری لێکۆڵەرانی وەزارەتی کار ئەوەیە کە سەرجەم ئەو کرێکارانەی کە یاسای کار نایانگرێتەوە، لە ئامارەکانی ئێمەدا نین”. بە پێی ڕاپۆرتی ئیلنا، ئاژانسی هەواڵی کاری کۆماری ئیسلامی، پێداگری وەزارەتی کار لەسەر کەمکردنەوەی ئامار و ژمارەی ڕووداوەکانی کار، هەوڵێکە لە لایەن حکوومەتەوە بۆ پیشاندانی باشتربوونی پێوەرە ئابوورییەکان و کەمبوونەوەی ڕێژەی بێکاری. هەروەها بەرپرسانی باڵای وەزارەتی کار بە لابردنی بەشێکی بەرچاو لە ئاماری مەرگی کرێکاران بەهۆی نەبوونی ئیمکاناتی ئیمەنیی شوێنی کار، ئامارە فەرمییەکانی پزیشکی قانوونییان چوار بەرابەر کەم کردووەتەوە. هەڵبەت ئەمە بۆ خەڵک جێی سەرسووڕمان نییه و بەهۆی ناسینی سروشتی ڕژیم، متمانه به هیچ ئامار و هەواڵێک ناکەن که له لایەن میدیاکانی کۆماری ئیسلامییەوه بڵاو دەکرێتەوە.
لە حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران تەنانەت ئاماری گیانلەدەستدان و برینداربوون لە شوێنی کاریش ئەمنیەتی پێناسە دەکرێت. ڕژیمی ئیسلامی کە لەناو گەلێک قەیراندا گرفتارە، لە ترسی سەرهەڵدانی مانگرتنی کرێکاران، ناوێرێ ئامار و ئەرقامی واقعی سەبارەت بە قوربانی بوونی کرێکاران بڵاوبکاتەوە. دەزگا ئەمنییەکانی ڕژیم خۆیان بەپێی تێبینییە ئەمنییەکانیان دیاری دەکەن کە ژمارە و ئەرقامێک وەک ئامار بڵاوبکرێتەوە. یەکێک لە “چالاکانی کرێکار”ی سەر بە ڕژیم دەڵێ: ”حکوومەت نایهەوێ لەمبارەوە واقعییەت قەبووڵ بکات. چونکە نایهەوێ دان بەوە دابنێ کە هەموو ڕۆژێ لە ئێران ژمارەیەکی زۆر لە کرێکاران بەهۆی نەبوونی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ئیمەنی شوێنی کار گیانیان لەدەست دەدەن و ژمارەی قوربانییان یەکجار چووەتە سەرێ”. ژمارەیەکی زۆر لە کرێکارانی قوربانی بەهۆی بەربوونەوە لە بەرزایی گیان لەدەست دەدەن و باقییەکەیان بە ڕووداوەکانی دیکە لەوانە ئاگرکەوتنەوە، بەرکەوتی ئەشیای سەخت، خنکان لەناو چاڵاو، تەزووی کارەبا، نوقم بوون، ڕووداوی هاتوچۆ، تەقینەوەی مەعدەن، گەرما و سەرمای توند و ڕووداوەکانی دیکە گیانیان لەدەست دەدەن. کەمتەرخەمی و بێ ئەخلاقیی ڕێبەرانی ڕژیمی دژەکرێکاری ئیسلامی لەئاست پاراستنی گیانی کرێکاران لە حاڵێکدایە کە کۆماری ئیسلامی پەیماننامەی ١٥٥ی ڕێکخراوی جیهانیی کار”ی واژۆ کردووە و بۆ فریودانی بیروڕای گشتی لەم بوارەدا گەلێک تەبلیغاتی درۆینەی کردووە. لەسەر بنەمای ئەم ڕێککەوتنە، وڵاتانی واژۆکار پابەندن بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ سەلامەتی ژینگەی کار و نوێکردنەوەی. بەڵام ڕێبەران و کاربەدەستانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی چەوساندنەوەی زیاتر لەم بوارەدا هیچ هەنگاوێک ناگرنەبەر و بە کردەوە دەستی سەرمایەدارانی کەرتی تایبەت و حکوومەت وەک گەورەترین خاوەنکاریان ئاواڵە هێشتووەتەوە بۆ ئەوەی بەبێ تەرخانکردنی هیچ تێچوویەک بۆ پاراستنی گیانی کرێکاران هەرچی زیاتر بیانچەوسێننەوە. هەر بەم هۆیەشەوە کۆماری ئیسلامی بە هۆی پابەندنەبوون بە پێوەرە ستانداردەکان لە بواری سەلامەتی شوێنی کار، لە نێو وڵاتانی جیهاندا پلەی ١٠٢ی گرتووە کە پلەیەکی زۆر نزمە.
ڕووداو و مهترسیهكانی كار، نهبوونی ئیمهنی شوێنی كار، مهرگی بهڕواڵهت لهناكاو و بێ ئهژمار، پهككهوتن و پیریی پێش وهخت، كهم ئهندام بوون، نهخۆشیه مهترسیدارهكانی سهرچاوهگرتوو له شوێنی ناسالمی كار، ههمووی ئهوانه تهنیا گۆشهیهكن لهو ههڵسووكهوتهی كه بهرههمهێنانی سهرمایهداری له حهق كرێكاردا ئهنجامی دهدا. ئاشکرایە کە بۆ کۆتایی هێنان بەم نەهامەتییانەی سەرمایەداری پێویستە خودی ئەم نیزامە ڕیشەکێش بکرێت. بۆ ئەوەی ئینسانەکان نەبنە قوربانیی کار و بەرهەمی سەرمایەداری، دەبێ دەسەڵاتی سەرمایەداری بەسەر کار و بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی کۆتایی پێ بێت. پێویستە حکوومەتی کرێکاران هەموو ئامرازەکانی بەرهەمهێنان لە دەستی سەرمایەدارەکان دەربێنێت. تا پڕۆسەی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی، بەڕاستی ببێتە پڕۆسەیەکی ئینسانی و وشیارانە کە نەتەنیا ئینسانەکان تێیدا نەبنە قوربانی، بەڵکوو بەتەواوی بخرێتە خزمەت خۆشبژێوی، پەروەردەکردنی تواناکان و بینای ژیانی ئینسانە ئازاد و یەکسانەکان. ئەمە وەڵامی کۆتایی و تاکە وەڵامی یەکلاکەرەوەیە کە چینی کرێکار دەبێت بیداتەوە بە هەژاری و نەهامەتی ئابووری و ئەو ئازارانەی کە بەهۆی حوکمی سەرمایەدارییەوە دروست بووە، کە یەکێک لەوانە نائەمن بوونی شوێنی کار و بەرهەمهێنان لەم سیستەمەدایە.
بەڵام هەتا کاتێک کە سەرمایەداری دەسەڵاتدارە و هەتا کاتێک کە لۆژیکی سەرمایەداری حوکم دەکات، ڕێگای بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ نائەمنیی شوێنی کار لە هەموو شوێنێک هەمان یەکگرتوویی و هێزی چینایەتیی ڕێکخراو و وشیاری چینی کرێکارە. ئەو چینە کە دەیهەوێ ئەم نیزامە دژەئینسانە لەگۆڕ بنێ. کەوابوو ئهوه كرێكاران خۆیاننن كه دهبێ به خهباتی ڕێكخراو و بهبهرنامهی خۆیان پشت ببهستن و خاوهنكاران و دهوڵهت ناچار به دابین كردنی ئیمهنی شوێنی كارهكانیان بكهن. یهكگرتوویی و هێزی چینایهتی كرێكاران تهنیا ئامرازی بهرهنگاربوونهوه له بهرامبهر باروودۆخی دژه مرۆیی سهرمایهداران و دهوڵهتهكانیانه. به مهبهستی كهم كردنهوهی مهترسی و قوربانی كار و بهرههمی سهرمایهداری و دهستهبهركردنی ئیمهنی و سڵامهتی شوێنی كار و ههروهها بۆ گهڕانهوهی ههزینه و خهساری ڕووداوهكانی شوێنی كار بۆ كرێكاران، پێویسته هێزی یهكگرتوو و ڕێكخراوی كرێكاران بكهوێته گهڕ و دهستبهجێ خواستی چینی كرێكار بهسهر خاوهنكار ودهوڵهتی پشتیوانیدا بسهپێندرێت. بێ گۆمان، دابین كردنی ئیمهنی شوێنی كار وهك ههر خواستێكی ڕهوای دیكه، تهنیا به زهبری خهبات و هاوپشتی چینی كرێكار بهسهر سهرمایهداران و دهوڵهتی پشتیوانیاندا دهسهپێت!