
بەدوای کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا و مووشەک هاویشتنی کۆماری ئیسلامی بەرەو ئیسرائیل لە ڕۆژی سێشەممە ١٠ی مانگی ڕەزبەر، ڕۆژی چوارشەممە ١١ی ڕەزبەر نرخی دۆلار لە ئێران ٦٢ هەزار تمەنی تێپەڕاند کە بەرزترین ئاستی ئەمساڵە . ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا نرخی دۆلار لە کەناڵی ٥٩ هەزار تمەندا بووە. ئەگەرچی ڕژیم ئیدیعای ئەوەی کرد کە “هێرشی مووشەکی هیچ کاریگەرییەکی لەسەر بازاڕ نەبووە” و بۆ سەلماندنی ئەم ئیدیعایەی دۆلاری ڕەوانەی بازاڕ کرد، بەڵام نرخی کاڵاکان دەستبەجێ بەرز بوونەوە و تەنانەت پێوەری بازاڕی بوورسیش هاتە خوارێ. هەواڵنێریی ڕوویتێرز ڕۆژی چوارشەممە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە هێرشی مووشەکیی کۆماری ئیسلامی بۆسەر ئیسرائیل لەماوەی دوو ڕۆژدا بوو بە هۆی بەرزبوونەوەی ٥%ی نرخی نەوت لەئاستی جیهاندا.
بەڵام ئاکامی ئەم کێشمەکێشە نیزامییە لە ئێران، بە سەرەنجدان بە ئابووریی لاواز و قەیراناویی کۆماری ئیسلامی، بۆ ژیان و گوزەرانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش بەهایەکی قورسی دەبێت. ڕیاڵ کە یەکێک لە بێ بەهاترین دراوەکانی جیهانە، لەگەڵ سەرهەڵدانی هەر گرژییەکی سیاسیی ڕژیمی ئیسلامی دەستبەجێ بەهاکەی دێتە خوارتر و بێ ئەرزشتر دەبێت. هەروەک بینیمان دوای تیرۆری ئیسماعیل هەنییە لە تارانیش بەهای ڕیاڵ لە بەرامبەر دۆلاردا هاتە خوارێ. ئاشکرایە کە لەگەڵ چوونەسەری بەهای دۆلار، نرخی پێداویستییەکانی خەڵکیش دەچێتە سەرێ. ڕۆژی چوارشەممە ١١ی ڕەزبەر یەک ڕۆژ دوای مووشەک هاویشتنەکەی ڕژیم بەرەو ئیسرائیل، جێگری وەزیری سەنعەتی دەوڵەتی پزیشکیان دانی بەوە دانا کە: ”ئەگەر ئەم بارودۆخە درێژەی بێت سەرهەڵدانی قەیران لە بازاڕی برنجدا چاوەڕوان دەکرێت. سەرەڕای هەموو ڕێوشوێنەکانی چاوەدێری شایەدی چوونەسەری ٥٠%ی نرخی برنجی هاوردەکراو لە بازاڕین”. سەبارەت بە ماددە خۆراکییەکانی دیکەش بە بڕێک جیاوازییەوە دۆخەکە هەر بەم شێوەیە. بۆ نموونە لەماوەی یەک هەفتەی ڕابردوودا نرخی شانەیەک هێلکە لە ٩٩ هەزارەوە بۆ ١١٠ هەزار تمەن و سەتڵێکی بچووکی ماست لە ٤٠ هەزارەوە بۆ ٥٠ هەزار تمەن بەزر بووەتەوە. بێگومان گرانتر بوونی پێداویستییەکان گوشاری زیاتر دەخاتە سەر ژیانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش کە حەقدەستیان چوار بەرابەر ژێر هێڵی هەژارییە. وە بۆ لەشکری گەورەی بێکارانیش بەمانای نەمانی ئەم خۆراکانە لەسەر سفرەکانیانە.
بەم شێوەیە ئاکامی سیاسەتی دەستێوەردان و شەڕخوازی کۆماری ئیسلامی و تەنانەت گرژیی کورتماوەی نیزامیش ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئابووری وەرشکستەی کۆماری ئیسلامی دەبێت و توانای کڕینی توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەکاتەوە. ئەوەش لەکاتێکدایە کە لەماوەی ئەمساڵدا ڕەوتی قوڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری و بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان لەبازاڕدا بەردەوام بووە. تەنانەت بەگوێرەی ئامارەکانی بانکی ناوەندی کۆماری ئیسلامی لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا ڕێژەی هەڵئاوسان لە بواری خۆراکدا گەیشتووەتە نزیکەی ٣٥٪. بێگومان بەردەوامی گرژییەکان و ئەگەری شەڕ نرخی کەلوپەلی بەکاربەر زیاتر بەرز دەکاتەوە. وە بەمجۆرە شکستی سیاسەتی وێرانگەری “ستراتێژی هێرشی بەرگرانە”ی کۆماری ئیسلامی بەر لە هەمووان لەسەر ژیانی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کۆمەڵگا کاریگەریی دەبێت.
ئاشکرایە کە زیادبوونی کێشمەکێشە نیزامییەکان و خوڵقاندنی کەش و هەوای شەڕ، بەتایبەت خودی هەڵگیرسانی شەڕ لە کاتێکدا کە هەم کۆماری ئیسلامی و هەم حکوومەتی فاشیست و ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل بەرەوڕووی قەیرانی قووڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورین، نەتەنیا بۆ جەماوەری چەوساوە لە ئێران و ئیسرائیل بەڵکوو بۆ هەموو ناوچەکە مەترسیدار و وێرانکەر دەبێت. دەوڵەتی ئیسرائیل بۆ دەرباز کردنی خۆی لە ئاکامەکانی شەڕی درێژخایەنی یەک ساڵی ڕابردوو کە بەهیچ کام لە ئامانجە ڕاگەیەندراوەکانی نەگەیشتووە، چەندین مانگە هەوڵ دەدات بە پەرەپێدانی شەڕ لەگەڵ حیزبوڵڵا و بە ڕاکێشانی کۆماری ئیسلامی بۆ ناو شەڕی ڕاستەوخۆ، لەڕێگەی پشتیوانیی ئەمریکا و دەسەڵاتەکانی ڕۆژئاوا، خۆی لە شەڕی فەرسایشی و نیابەتیی کۆماری ئیسلامی ڕزگار بکات. کۆماری ئیسلامیش کە لەماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا بۆ مانەوەی دەسەڵاتەکەی سیاسەتی جینایەتکارانە و پڕ هەزینەی “هێرشی پێشگرانە”ی بەسەر ژیانی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی ئێراندا سەپاندووە، هەوڵ دەدات لە نابوودیی هێزە نیابەتییەکانی ناسراو بە “میحوەری موقاومەت” ڕێگری بکات. لەم ڕووەوە حکوومەتی ئیسلامی سەرەڕای ئەوەیکە دەزانێ توانای ماڵی و نیزامیی داگیرساندنی شەڕی ڕاستەوخۆی نییە و لەلایەن خەڵکی ئێرانیشەوە پشتیوانیی لێناکرێ، هەوڵ دەدات بە کردەوەی کەم تەئسیری وەک هاوپشتنی مووشەک بەرەو ئیسرائیل شکستی سەرشۆڕانەی سیاسەتە ناوچەییەکانی داپۆشێت. وە لەلایەکی تریشەوە دەیهەوێ لە شەرمەزاری و لەدەستدانی زیاتری هێزەکانی ڕێگری بکات. نیگەرانییەکی دیکە ئەوەیە کە ئەم حکوومەتە تاوانکارە وەک ڕابردوو لە کاتی شکستی پڕۆژە و بەرنامە سەرەکییەکانیدا بۆ ڕێگری لە سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی جەماوەری و بۆ پێکهێنانی کەشوهەوای ترس لە ناو کۆمەڵگادا، ڕوو بکاتە ئێعدام و کوشتنی بەندکراوان. پێویستە بوترێ کە کۆماری ئیسلامی لەماوەی یەک مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٧٨ کەسی لە زیندانەکاندا ئێعدام کردووە و ژمارەیەکی زیاتریش مەترسیی ئێعدامکرانیان لەسەرە.
بەڵام لە بارودۆخێکدا کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ڕۆژانە لەگەڵ مانگرتن و ناڕەزایەتی کرێکاران، ژنانی ئازادیخواز، خوێندکارانی خەباتکار، خانەنشینان، مامۆستایان و پەرستاران بەرەوڕوویە؛ لە کاتکێدا کە بەهۆی ئابووریی داڕماوی توانای وڵامدانەوەی بە هیچ کام لەم داخوازییانە نییه؛ لە کاتێکدا کە بەرەوڕووی تووڕەیی و بێزاریی جەماوەری خەڵک لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات بووەتەوە، بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە نابێ ڕێگە بەم ڕژیمە دژەئینسانە بدەن کە بە ماجەراجوویی نیزامی و بە درێژەی شەڕی فەرسایشی و درێژخایەن لەگەڵ ئیسرائیل بەکردەوە ببێتە داگیرسێنەری شەڕێکی ماڵوێرانکەر لە ناوچەکەدا. کۆماری ئیسلامی و دەوڵەتە سەرمایەدارییەکانی دیکە تێچووی شەڕەکانیان بە گیان و ژیانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش دەدەن. لەم بارودۆخەدا پێویستە بە گەشەپێدانی ناڕەزایەتی و هێرش بۆسەر دامودەزگا و ناوەندەکانی سەرکوتی حکوومەت و بە وەڕێخستنی مانگرتنی سەرتاسەریی کرێکاران لە ناوەندە سەرەکییەکانی سەنعەت و خزمەتگوزاری، ماشێنی شەڕی ڕژیم زەمینگیر بکرێت و ناڕەزایەتی دژبە سیاسەتی شەڕخوازیی ڕژیم بکرێتە دەرفەتێک بۆ گەشەپێدانی خەبات لەپێناوی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی حکوومەتی ئیسلامی.