
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران سەبارەت بە پێوەرەکانی ئاوسانی مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ، نرخی نان و دانەوێڵە و میوە سەتا سەد گران بووە و هەروەها سەوزەواتیش زیاتر لە ٧٧ لەسەد نرخەکەی چووەتەسەرەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە ١٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، ئاژانسی هەواڵی ئیلنا، لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی “ئاوسان هەموو سنوورە پێشبینی کراوەکانی تێپەڕاندووە و گرانبوونی قورسی کاڵا خۆراکییەکان، زەنگی ئاگادارکردنەوەی لێ داوە. نرخی نزیکەی هەموو کاڵا خۆراکییەکان لە ماوەی یەک ساڵدا، لانیکەم 100% زیادیان کردووە. تەنانەت ئامارە فەرمییەکانیش ئاماژە بە دوو یان سێ هێندە گرانبوونی نرخی سەبەتەی خۆراک لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا دەکەن. تێچووی ژەمێک خواردنی ئاسایی بۆ خێزانێکی کرێکاری مامناوەند، هەندێک جار سێ هێندەی کەمترین کرێی ڕۆژانەیە کە لە ئەنجومەنی باڵای کار پەسەند کراوە. بەڵام بەرپرسانی باڵا چاوەڕوانن کرێکاران بە کرێی بنەڕەتی ڕۆژانەی کەمتر لە 400 هەزار تمەن، ژیانی خۆیان بەڕێوە ببەن.
لە لایەکی دیکەوە، داتاکان باس لە گرانبوونی بێوێنەی نرخی گۆشتی سوور لە هەفتەی ڕابردوودا دەکەن. نرخی کیلۆیەک گۆشتی سوور لە خراپترین جۆری، لە یەک ملیۆن تمەن زیاترە و بە وتەی بەرپرسانی فەرمی، هێزی کڕینی خەڵک ئەوەندە دابەزیوە کە تەنانەت گۆشتی بازاڕی دەوڵەتیش کڕیاری نەماوە.