فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

چوونەسەرەوەی ژمارەی ئێعدام کراوان لە زیندانی ناوەندی کەرەج و مانگرتنی سەرجەم بەندکراوانی ئەم زیندانە
شەممە ۳۰-۰۲-۱۴۰۲   |  20-05-2023

بە جێبەجێکردنی سزای سێدارەی بەندکراوێکی دیکە بە ناوی “شەهرام شەرقی”، ژمارەی لە سێدارە دراوان لە زیندانی قزڵحیساری کەرەج بۆ چوار کەس بەرزبووەوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، بەرەبەیانیی ڕۆژی شەممە ٣٠ی گوڵان، شەهرام شەرقی، بە تۆمەتی “پەیوەندیدارە بە بازرگانیکردنی ماددە هۆشبەرەکان” لە زیندانی قزڵحیساری کەرەج ئێعدام کرا. هاوکاتیش تێکڕای بەندکراوانی ئەو زیندانە بە نیشانەی دەربڕینی ناڕەزایەتی، مانیان لە خواردن گرت. لەم پەیوەندییەدا سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاندووە، بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەسەر لەسێدارەدانی ئەو چوار بەندکراوە و بێڕێزی بە بنەماڵەی ئەو بەندکراوانەی کە سزای سێدارەیان هەبووە، سەرجەم بەندکراوانی ئەم زیندانە مانیان لە خواردن گرتووە. جێگەی ئاماژەیە، ڕۆژی هەینی ٢٩ی گوڵان، بنەماڵەی ئەو بەندکراوانە و ژمارەیەک هاووڵاتییەکی دیکە لە پێش دەرکی ئەو زیندانە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد کە لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە هێرش کراوەتە سەریان و بە چەکی ساچمەیی تەقەیان لەو خەڵکە ناڕازییە کردووە.