
بەدوای شەڕەکانی دوو ساڵی ڕابردووی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نێوان ئیسرائیل لە لایەک و کۆماری ئیسلامی و گرووپە چەکدارە کۆنەپەرستەکانی سەر بە ڕژیمی ئیسلامی لە لایەکی دیکەوە، لە ماوەی حەوتووی ڕابردوودا هەواڵگەلێک سەبارەت بە کۆبوونەوە و گفتوگۆکان لەمەڕ جێبەجێکردنی پڕۆسەی چەککردنی ئەم گرووپانە، لەوانە حەماس لە غەززە، حیزبوڵڵای لوبنان و حەشدی شەعبی عێراق بڵاو بووەوە. لە پەیوەندی لەگەڵ حەماسدا، ڕۆژی هەینی ٢٨ی سەرماوەز کۆبوونەوەیەک بە بەشداریی وەزیرانی دەرەوەی میسر، تورکیا، قەتەر و “ستیڤ ویتکاف” نوێنەری تایبەتی ترامپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ئەمریکا بەڕێوەچوو.
ڕۆژێک دوای ئەو کۆبوونەوەیە، “ویتکاف” بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی هاوبەش کە جێگای ڕەزامەندیی هەر چوار دەوڵەتی بەشداربووی کۆبوونەوەکە بوو، ڕایگەیاند کە جێبەجێکردنی قۆناغی یەکەمی گەڵاڵەکەی ترامپ لە غەززە، کە بریتییە لە ئاگربەست، یارمەتیی بەناو “مرۆڤدۆستانە”، کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە بەشێک لە غەززە و گەڕاندنەوەی تەرمی بارمتە کوژراوەکان، بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینیوە. لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە: لە پەیوەندی لەگەڵ قۆناغی دووەمی ئەو گەڵاڵەیە، لەوانە پێکهێنانی دامەزراوەیەکی حوکمڕانی بەبێ بەشداریی حەماس، چەککردنی ئەم گرووپە و ئاوەدانکردنەوەی ئەم ناوچە وێرانبووە، لە حەوتووەکانی داهاتوودا گفتوگۆی زیاتر ئەنجام دەدرێت. لەو بەیاننامەیەدا ئاماژە بەوە کراوە کە حەماس دەبێت هەرچی زووتر خۆی بۆ چەکدامالین و لەکارخستنی تونێل و دامەزراوە سەربازییەکانی و ڕادەستکردنی ئیدارەی غەززە بە دامەزراوەی کاتیی “ئەنجومەنی ئاشتی” و لە کۆتاییدا چوونەدەر لە غەززە ئامادە بکات. ئەم چوار دەوڵەتە وێڕای پێداگریکردن لەسەر پابەندبوونی خۆیان بە گەڵاڵە ٢٠ مادەییەکەی ترامپ، داوایان لە هەموو لایەنەکان کردووە کە پابەندی بەڵێنەکانیان بن، دانبەخۆداگری (خۆپارێزی) نیشان بدەن و لەگەڵ میکانیزمەکانی چاودێریدا هاوکاری بکەن.
هەڵبەت تا ئەو جێیەی پەیوەندیی بە پابەندبوونی لایەنەکانی ئاگربەست لە غەززە هەیە، ڕژیمی نەسلکوژی ئیسرائیل لەم ماوەیەدا بە بیانووی ڕادەستنەکردنەوەی تەنیا یەک تەرمی بەجێماوی بارمتە کوژراوەکان لەلایەن حەماسەوە، چەندین جار ناوچە جیاجیاکانی کەرتی غەززەی کردۆتە ئامانجی پەلامارە سەربازییەکانی و بەردەوام ئاگربەستی پێشێل کردووە. لە ماوەی ئاگربەستەکەدا سەدان کەسی دیکە لە خەڵکی بێدەرەتانی غەززەی کوشتووە و هەزاران کەسی دیکەی بریندار کردووە. سەرباری ئەوەش، لە بەردەم گەیشتنی خۆراک و یارمەتییە مرۆییەکانی دیکە بۆ خەڵکی غەززە کۆسپ و بەربەستی زۆری دروست کردووە.
لە هەنگاوێکی دیکەدا و لەم ئاراستەیەدا، ڕۆژی شەممە ٢٩ی سەرماوەز هەواڵدەریی ڕۆیتەرز ڕاپۆرتی دا کە ئیبراهیم کالین، سەرۆکی “میت” لەگەڵ شاندێکی حەماس بە بەرپرسایەتیی “خەلیل ئەلحەیە”، سەرۆکی شاندی دانوستانکاری حەماس، لە ئانکارا گفتوگۆی کردووە. لەم دیدارەدا بە حەماس ڕاگەیەندراوە کە دەبێت خۆی بۆ ئەنجامدانی ڕێکارەکانی پەیوەست بە جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی گەڵاڵەکەی ترامپ لە کەرتی غەززە، کە بەمزووانە دەست پێدەکات، ئامادە بکات. جێگای ئاماژەیە سەرجەم ئەم هەوڵانە بەر لە سەفەری نەتانیاهوو بۆ ئەمریکا و دیدار لەگەڵ ترامپ لە حەوتووی داهاتوودا، ئەنجام دراون.
بەڵام لە پەیوەندی لەگەڵ چەککردنی حیزبوڵڵای لوبنان و مەسەلەی قۆرخکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، سەرەڕای هەڕەشە و هەڵیت و پڵیتەکانی خامنەیی، نەعیم قاسم ڕێبەری حیزبوڵڵا و فەرماندەکانی سپای پاسداران بەوەی کە گوایە کەس ناتوانێت حیزبوڵڵا چەک بکات، هۆشداری بە کۆماری ئیسلامی دراوە کە چەککردنی حیزبوڵڵا بابەتێکی حەتمییە و نابێت دەستێوەردانی تێدا بکات. سەبارەت بە پێشێلکردنی ئاگربەست لە لوبنانیش، دەوڵەتی ئیسرائیل لە حەوتووەکانی ڕابردوودا مەودای هێرشە ئاسمانییەکانی خۆی بۆ سەر باشووری لوبنان و بەیروت بەرفراوانتر کردووە و چەندین کەسی حیزبوڵڵا، لەوانە هەیسەم عەلی تەباتەبایی کەسی دووەمی حەماسی کوشتووە.
ڕۆژی شەممە ٢٩ی سەرماوەز، نووسینگەی نەواف سەلام، سەرۆک وەزیرانی لوبنان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند کە قۆناغی یەکەم لە گەڵاڵەی پێنج قۆناغیی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان ئەرتەش لوبنان و ئیسرائیل، کە بریتییە لە چەککردنی حیزبوڵڵا لە باشووری ڕووباری “لیتانی”، تا چەند ڕۆژی دیکە تەکمیل دەبێت. هەڵبەت حیزبوڵڵاش ڕادەستکردنی چەک بە ئەرتەشی لوبنانی لەم ناوچەیەدا پشتڕاست کردۆتەوە. قۆناغی دووەمی گەڵاڵەی چەککردنی حیزبوڵڵا لە ناوچەی باکووری ئەم ڕووبارە و قۆناغەکانی دواتر لە دەوروبەری باشووری بەیروت، ناوچەی بەقاع و ناوچەکانی دیکەی لوبنان دەبێت.
لە پەیوەندی لەگەڵ چەککردنی حەشدی شەعبی عێراق وەک یەکێکی دیکە لە هێزەکانی “میحوەری موقاوەمەت”ی ڕژیمی ئیسلامی، ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی سەرماوەز، عەبدولڕەحمان جەزائیری فەرماندەی حەشدی شەعبی لە وەزارەتی بەرگریی عێراق ڕایگەیاند کە: “گرووپە چەکدارەکانی عێراق گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی کە بەرژەوەندییەکانی عێراق وا دەخوازێت کە ئەوان بچنە نێو پڕۆسەی سیاسییەوە تاکوو هەلومەرج و دۆخی ناوخۆیی هێمن بێتەوە”. ئەمە لە کاتێکدایە کە دەوڵەتی عێراق لە چەند مانگی ڕابردوودا لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بە توندی کەوتۆتە ژێر گوشار و هەڕەشەوە و بە ڕاشکاوی ڕایانگەیاندووە کە لە ئەگەری چەکنەکردنی گرووپە تیرۆریستەکانی حەشدی شەعبی، عێراق دەخەنە بەر گەمارۆ و هێرشی سەربازی. جێگای ئاماژەیە کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی دەست و پێوەندەکانی خۆی لە حکوومەتی عێراق و بە کەڵکوەرگرتن لەم گرووپە چەکدارانە، لە بواری ئابووری و سیاسیدا عێراقی بە بارمتە گرتووە و بۆتە هۆی پەرەسەندنی قەیرانی ئابووری و توندترکردنەوەی گەندەڵی و نائەمنی لەم وڵاتەدا. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە ڕێگەی دروستکردنی بانکە وابەستەکان لە عێراق و دزی و تاڵانکردنی بەشێکی زۆر لە دراوی ئەم وڵاتە، گەمارۆکانی دەور لێداوەتەوە و کەڵکی لێوەرگرتووە.
بەمجۆرە، هەوڵ و تەقەلای زیاتر لە چوار دەیەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە خەرجکردنی سەدان ملیارد دۆلار لە بەرهەمی ڕەنج و کاری کرێکاران و سەروەت و سامانی کۆمەڵگا بۆ ڕێکخستن و پڕچەککردنی هێزەکانی بەناو “میحوەری موقاوەمەت” لە وڵاتانی دیکە و بەکوشتدانی سەدان هەزار کەس، هیچ ئەنجامێکی بۆ بەدەست نەهێنا. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە خۆی لە ئەندازیارانی پێکهێنانی هێزەکانی بەناو میحوەری موقاوەمەت و پڕچەککردنی ئەم هێزانە بوو، ئێستا خۆی لە گێژاوی قەیرانە قوڵە ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و قەیرانی شەرعییەتدا تووشی بنبەست و مایەپووچی بووە. بەداخەوە ئاکامە کارەساتبارەکانی ستراتیژیی گەمژانەی “شەڕی پێشگرانە”ی حکوومەتی ئیسلامی، بەرۆکی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی ئێران و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشی گرتووە و ژیان و گوزەرانی سەدان ملیۆن مرۆڤ لە بنەماڵەی کرێکاران و زەحمەتکێشانی ڕووبەڕووی هەژاری و نەهامەتی و برسێتی کردووە. لەم ڕوانگەیەشەوە ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی بۆ ئەوان پێویستییەکی سیاسی و چینایەتییە. تەنیا بە پەلەکردن و چڕکردنەوەی خەبات و تێکۆشان بۆ ئامادەکردنی پێداویستییەکانی ڕووخانی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی دەتوانرێت خەڵکی ئێران و ناوچەکە لە چنگ ئەم ڕژیمە جنایەتکارە ڕزگار بکرێت و لە بەرامبەر نەزمی ناوچەیی ئیمپریالیستی و کۆنەپەرستانەی ئەمریکا و ئیسرائیلدا، ئاسۆیەکی ڕوون لە بەردەم کرێکاران و خەڵکی ستەمدیدەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بکرێتەوە.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە