ڕادەستکرانەوەی چالاکێکی سیاسی بە کۆماری ئیسلامی
هەینی ۱۶-۰۶-۱۴۰۳   |  06-09-2024
هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان لە شاری سلێمانی، هەفتەی ڕابردوو چالاکێکی سیاسی خەڵکی شاری سەقز کە خاوەن پێداویستی تایبەت و ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە، بە ناوی بێهزاد خەسرەوی، دەستبەسەر و دوای ئەشکەنجەدان ڕادەستی ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانیان کردوتەوە.
بەگوێرەی هەواڵەکان، هەفتەی ڕابردوو هێزەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە سلێمانی، بێهزاد خەسرەویی تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی شاری سەقزیان دەستبەسەر و دوای ئەشکەنجەی زۆر ڕادەستی کۆماری ئیسلامییان کردووەتەوە. بەگوێرەی زانیارییەکان، ڕۆژی یەکشەممە ١١ی خەرمانان ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە پەیوەندییان بە برای بێهزاد خەسرەوی کردووە و پێیان ڕاگەیاندووە کە براکەی لەو ناوەندە دەستبەسەرە.