پلێنۆمی دووهەمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٤ لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە ٣ و ٤ی مانگی سەرماوەزی ١٤٠٣ بەرابەر لەگەڵ ٢٣ و ٢٤ی نوامبری ٢٠٢٤ بەڕێوەچوو. کۆبوونەوەی بەرینی کۆمیتەی ناوەندی کە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە و کۆمیتەی ڕێکخراوی دەرەوەی وڵاتی حیزبیش وەکوو چاوەدێر تێیدا بەشداربوون، بە سروودی ئەنترناسیۆناڵ و یەک دەقیقە بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادی گیانبەختکردووانی ڕیزەکانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە و سەرجەم گیانبەختکردووانی ڕێگای ئازادی و سۆسیالیزم دەست بەکار بوو. ڕاپۆرتی سیاسیی کۆمیتەی ئیجرایی بە کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی، ڕاپۆرتی چالاکیی کۆمیتە و ئۆرگانە جۆراوجۆرەکانی تەشکیلات، پێگە و گرینگیی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە تەبلیغی هەڵوێست و سیاسەتەکانی حیزب و ئارایش و تەقسیمی کاری ناوخۆیی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب لە دەستووری جەلەساتی ئەم پلێنۆمە بوون. لە ڕاپۆرتی سیاسیی کۆمیتەی ئیجرایی و باسە پەیوەندیدارەکاندا هێندێک لە گرینگترین ئاڵوگۆڕە سیاسییەکانی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێران و هەڵوێستگیرییەکانی حیزب درایە بە باس و لێکۆڵنیەوە.
گۆڕانی هاوکێشەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، شکستی ستراتێژی شەڕی پێشگرانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە، سەرکەوتنی ترامپ لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا و ئاسۆی پەرەسەندنی گەمارۆ ئابوورییەکان و فشارە نێونەتەوەییەکان، لە جەرگەی قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری و درێژە و گەشەکردنی مانگرتنی کرێکاری و بزووتنەوەی ناڕەزایەتیدا، قەیرانی حکوومەتی زیاتر پەرەپێداوە و ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی لەگەڵ گەلێک کێشە و ئاستەنگی نوێ بەرەوڕوو کردووەتەوە. هەڵبژاردنی ترامپ وەک سەرۆک کۆماری ئەمریکا نوێترینی ئەم ئاڵوگۆڕانە بوو کە هۆکار و ئاکامەکانی تاوتوێکران.
سەرکەوتنی ترامپ لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا و هێندێک لە ئاکامەکان
سەرکەوتنی ترامپ لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا لە بنەڕەتیترین ئاستی لێکدانەوەدا، ئاکامی شکستی نێئۆلیبڕالیسمە. نێئۆلیبڕالیسم کە وەک بەدیلێک بۆ دەربازبوون لە قەیرانی جیهانیی سەرمایەداری لە کۆتاییەکانی دەیەی ٧٠ی سەدەی ڕابردوودا سەرەتا لە بریتانیا و ئەمریکا و بەرەبەرە لە سەرتاسەری جیهان ڕەواجی پەیدا کرد، دوای چەند دەیە هێرشی بەردەوام بۆسەر کار و ژیانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش، بڕینی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، سنووردارکردنی مافی یەکیەتییە کرێکارییەکان و کۆنتڕۆڵکردنی قەیران بە بەهای پەرەپێدانی هەژاری و بێکاری و قووڵکردنەوەی زیاتر لە ڕابردووی بۆشایی چینایەتی، لەئێستادا دەمێکە تەمەنی کۆتایی هاتووە. دوای ڕکوودی ئابووریی دەیەی حەفتا و چوونەسەری ڕێژەی تەورەۆم و بێکاری لە ئەمریکا، هەر دوو حیزبی سەرەکیی یەک لە دوای یەک سیاسەتە وێرانگەرە نێئۆلیبڕالییەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ڕکوود و کۆنتڕۆڵکردنی قەیران بەڕێوەبرد و درێژەیان دا. بەڵام قەیرانی جیهانیی سەرمایەداری لە ساڵی ٢٠٠٨ نیشانی دا کە نێئۆلیبڕالیسم ناتوانێ بەدیلێک بۆ نەجاتی کاپیتالیسم لە قەیران بێت. هەروەها ئەم باوەڕەی ئیدێئۆلۆگەکانی بورژوازی کە دەیانکوت سەرمایەداری کۆتایی مێژوویە، لەژێر وێرانییەکانی نێئۆلیبڕالیسمدا نێژرا. بەهۆی ئەم قەیرانە ئاستی ژیان و ڕەفاهی چینی کرێکار و توێژە هەژارەکان و تەنانەت چینی مامناوەند زیاتر لە ڕابردوو دابەزی. خەون و خەیاڵی ژیانی ئەمریکایی پووچەڵ بووەوە و ئەو ڕەونەقە ئابوورییەش کە حکوومەتە سەرمایەدارییەکان ئارەزوویان دەکرد ڕووی نەدا. ئاکامی سیاسیی ئەم ڕەوتە بووە هۆی دوورکەوتنەوە و هەڵگەڕانەوەی خەڵک لە حیزبە دەسەڵاتدارەکان و هەر ئەم بارودۆخەش هاتنە سەرکاری ترامپی وەک ڕەوتێکی ئۆڵترا ڕاستی پۆپۆلیست فەراهەم کرد.
سەرکەوتنی ترامپ بەجۆرێک ڕەنگدانەوەی تووڕەیی و ناڕەزایەتیی بەشێک لە کۆمەڵگای ئەمریکا دژبەم بارودۆخە کارەساتبارە لە نەبوونی ئاسۆیەکی ڕوون بۆ ڕزگاری بوو. لەژێر دەسەڵاتی سیستەمی سەرمایەداری و مۆدێلی نێئۆلیبڕالدا، ١% لە دانیشتووانی دەوڵەمەندی جیهان زیاتر لە ٤٦% سەروەتی هەموو جیهانیان لە ئیختیار دایە. ئەوەش لە کاتێکدایە کە ٥٠%ی دانیشتووانی هەژاری کۆمەڵگا کەمتر لە ١%ی سەروەتی جیهانیان لە ئیختیار دایە. ناڕەزایەتیی دەنگدەران دژبەم یەک لەسەدییانە بوو. بەڵام لە نەبوونی ئاڵترناتیڤێکی ڕادیکاڵ و سۆسیالیستیدا کە هۆگرایەتیی کۆمەڵایەتیی پەیدا کردبێ، بۆ جارێکی تر بە نوێنەرانی هەر ئەم یەک لەسەدییانە دەنگ درایەوە. ترامپ کە لایەن سەرمایەدارانی گەورە، کۆمپانیاکانی نەوت، غوولەکانی مڵک و خانوبەرە و ملیاردێرەکانی وەک ئیلان ماسکەوە پشتیوانیی لێ دەکرێ، بە وادە و دروشمی ناسیۆنالیستی و دژەژن و بە بەڵێنی دەرکردنی زیاتر لە ١١ ملیۆن کۆچبەری بەناو نایاسایی و کەمکردنەوەی ماڵیات و پشتیوانی لە بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و تەنانەت سیاسەتی دژی ژینگە توانیویەتی تووڕەیی و ناڕەزایەتی پەنگخواردووی بەشێکی بەرین لە کۆمەڵگای ئەمریکا کە بە باری قورسی قەرزی بانکەکانەوە خراونەتە پەراوێزەوە، لەئاست ئاکامەکانی بەرنامەی ڕیازەتی ئابووری بەلاڕێدا بەرێت و دژبە پەنابەران و باڵی چەپی کۆمەڵگا کاناڵیزەی بکات. بەڵام ترامپ بەدیلی ڕزگاریی ئەمریکا نییە و ناتوانێ بەربە قووڵبوونەوەی بۆشایی نێوان هەژاری و سەروەت بگرێت.
ترامپ وەک نوێنەری بەشێک لە بورژوازی و چینی سەرمایەداری دەسەڵاتدار لە ئەمریکا، لەژێرناوی گەڕاندنەوەی دەورانی عەزەمەتی ئەمریکا، پەرەپێدانی شەڕی تجاری لەگەڵ چین وەک بەهێزترین ڕەقیبی جیهانی لە ئەولەویەتی سیاسەتەکانی دایە و سەپاندنی ماڵیاتی ٦٠%ی بەسەر کاڵای هاوردەکراوی چینی و ماڵیاتی ١٠ تا ٢٠ لەسەدیی بەسەر زۆرێک لە کاڵاکانی دەرەوە بۆ نموونە ئەو کاڵایانەی لە ئورووپا و شوێنەکانی دیکەوە ڕەوانەی بازاڕی ئەمریکا دەکرێن، خستووەتە دەستووری کارەوە. ترامپ بە پەرەپێدانی شەڕی تجاری لەگەڵ ڕەقیبەکانی لەئاستی نێونەتەوەییدا، وە لەناوەوە بە هێنانەخواری ماڵیاتی خاوەنانی سەنعەتەکان بە بەهای بردنەسەری نرخی پێداویستییەکانی خەڵک و پەرەپێدانی چەوساندنەوەی چینی کرێکار، لە کۆمپانیا و ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و لە چینی سەرمایەداری ئەمریکا پشیتوانی دەکات.
بە فەرمانی ترامپ، ئیلان ماسک وەک سەرۆکی ناوەندێکی تازەدامەزراو ئەرکی ئەوەی پێ سپێردراوە کە دەوڵەت چالاکتر بکات. وە هەزینەکانی دەوڵەت لە ٦.٢ تریلیۆن دۆلار لە ساڵدا بۆ ٤ تریلیۆن دۆلار کەم بکاتەوە. ئەوەش لە کاتکێدایە کە نزیکەی ٥٠%ی ئەم هەزینانە بۆ بیمە کۆمەڵایەتییەکان، خزمەتگوزاریی تەندروستی، پەروەردە و ژێرخانەکانەکانی کۆمەڵگا تەرخان دەکرێت. لە بارودۆخێکدا کە هیچ باسێک لە کەم کردنەوەی هەزینەی “دیفاعی” و کۆکردنەوەی زیاتر لە ٧٠٠ پایەگای نیزامیی گەورە و چکۆلەی زەمینی، دەریایی و ئاسمانی لە دەرەوەی وڵات ناکرێت، ئاشکرایە کە لەژێرناوی هێنانەخواری هەزینەکانی دەوڵەتدا، ڕاستەوخۆ کار و ژیانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش هێرشی دەکرێتە سەر. کاراتر کردنی دەوڵەت و کەم کردنەوەی بوروکراسی لەڕێگەی بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد و تێکنۆلۆژیی پێشکەوتوو لە مەنتقی ئەواندا مانایەکی نییە بێجگەلە دەرکردنی زیاتری کرێکاران و پەرەپێدانی بێکاری. ترامپ ئەگەرچی بەرهەمی شکستی نێئۆلیبڕالیسمە و وەک بەدیلی سەرمایەداری بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ قەیران هاتووە مەیدان، بەڵام بەلەبەرچاوگرتنی هەڵوێست و بەرنامە ئابوورییەکانی بۆ پشتیوانی کردنی لە سەرمایەدارانی ئەمریکا، نوسخەیەکی هارتر و توندوتیژتر لە نێئۆلیبڕالیسم لەدژی چینی کرێکار و هەژارانی کۆمەڵگا بەڕێوە دەبات.
لەم ڕووەوە، ئەو دەنگدەرانەی کە لە دژایەتی لەگەڵ سیاسەتەکانی بایدن و بە هیوای گۆڕانکاری لە بارودۆخی ئێستای کۆمەڵگادا دەنگیان بە ترامپ داوە، زۆر ناخایەنێ کە ناهومێد و دڵسارد دەبنەوە. چینی کرێکار، ڕەنگین پێستەکان، کۆچبەران، ژنان، و جەماوەری ملیۆنیی پەراوێزخراوەکان بۆ ڕزگاریی ڕاستەقینە لە چنگ بێکاری و هەژاری و ئەو بێمافییانەی بەسەریاندا سەپاوە، ڕێگایەکیان بێجگەلە خەبات دژبە نیزامی سەرمایەداری نییە. هێزی چالاکی دژەسەرمایەداری ڕێگایەکی لەپێش نییە جگە لەوەیکە بۆ کاریگەری دانان لەسەر ڕەوتی ڕووداوەکان ڕیزەکانی خۆی لە حیزبێکی ڕەزمەندەی کۆمۆنیستیدا ڕێک بخات. جموجۆڵ و ئاراستەی ڕادیکاڵی بزووتنەوەی کرێکاری لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو، گەشەی ڕەوتێکی چەپی کۆمەڵایەتی لە جەریانی خەباتی جەماوەری لەدژی ڕەگەزپەرستی، بەرگری لە مافی ژنان، لەدژی کۆمەڵکوژیی دەوڵەتی ئیسرائیل لە غەززە، بەستێنێکی گونجاوی بۆ ڕێکخراوبوون و دەربازکردنی سیاسەتی ئەمریکا لەژێر کۆنتڕۆڵی دوو حیزبی بورژوازیی دەسەڵاتدار پێکهێناوە. بردنەسەری ئاستی لانیکەمی حەقدەست، هێنانەخواری ڕێژەی بێکاری لەڕێگەی کەمکردنەوەی سەعاتی کاری ڕۆژانە و زیادکردنی کاتی ئازاد، ئەولەویەت پێدان بە دابینکردنی تەندروستی و دەرمان و ئەمنیەتی گیانیی هاووڵاتییان، کۆتایی هێنان بە ڕەگەزپەرستیی سیستماتیک، پاراستنی ژینگە و کۆتایی هێنان بە کۆمەڵکوژیی دەوڵەتی ئیسرائیل لە غەززە و کۆتایی هێنان بە شەڕی ئیمپریالیستی لە ئۆکراین نەک بە دڵخوش کردن بە وادە و بەڵێنەکانی کامالا هەریس و دۆناڵد ترامپ، بەڵکوو تەنیا بە خەباتی ڕێکخراوی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و بە هێرش بۆسەر سەرمایە دەستەبەر دەبێت.