لە کۆبوونەوەی بەرینی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٤ کە لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە ٣ و ٤ی مانگی سەرماوەزی ١٤٠٣ی هەتاوی بەرابەر بە ٢٣ و ٢٤ی نوامبری ٢٠٢٤ی زایینی بەڕێوەچوو، لە بەشی پەیوەندیدار بە بارودۆخی سیاسی و دوایین ئاڵوگۆڕەکانی جیهان و ناوچەکە و ئێراندا، سیاسەتی دووڕوویانەی دەوڵەتی فاشیستی تورکییە بەرانبەر مەسەلەی کورد لەم وڵاتە درایە بەر باس.
لە تورکییە و لە حەفتەکانی ڕابردوودا بۆ جارێکی تر ئەگەری دەستپێکردنەوەی وتووێژ لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە بووەتە باسێکی گەرم. ئەم باسە کاتێک دەستیپێکرد کە ڕێبەری حیزبی ڕەگەزپەرست و فاشیستی “بزووتنەوەی ناسیۆنالیست”ی باخچەلی خوازیاری ئەوە بوو کە ئیمکانی بەشداریی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە پارلەمانی تورکییە دابین بکرێت بۆ ئەوەی بتوانێ لەم تریبوونەوە داوا لە پەکەکە بکات کە چەک دابنێن. لە دوای وتەکانی باخچەلی کاربەدەستانی جۆراوجۆر باسیان لە چارەسەرکردنی ئاشتییانەی مەسەلەی کوردەکان لە تورکییە کرد و تەنانەت بەشێوەی ناڕاستەوخۆ بژاردەی پێکهێنانی دەسەڵاتێکی سیاسیی خودموختار هاوشێوەی هەرێمی کوردستان لە عێراقیان هێنایە گۆڕێ. بەڵام بۆچی ئەردۆغان کە هەتا ئێستا لە هیچ جەنایەتێک بۆ سەرکوتی خەباتی مافخوازانەی خەڵک لە کوردستانی تورکییە، سووریە و کوردستانی عێراق دەریغی نەکردووە، کوردستانی تورکییەی میلیتاریزە کردووە، بەشێک لە کوردستانی عێراق و کوردستانی سووریەی داگیر کردووە و گەلێک جار ژێرخانی ئابووری، بەرهەمهێنانی وزە و تەندروستی و ناوەندەکانی دیکەی لە کوردستانی سووریە بۆمباران کردووە و هەزاران کەسی خەڵتانی خوێن کردووە، ئێستا باس لە چارەسەرکردنی ئاشتییانەی پرسی کورد دەکات.
گومان لەوەدا نییە کە یەکێک لە ئامانجەکانی ئەردۆغان ڕاکێشانی پشتیوانیی کوردەکان و دەم پارتییە کە ئێستا نزیکەی ٦٠ کورسی پارلەمانیان لە ئیخیاردایە و فراکسیۆنێکی بەهێز لە پارلەماندا پێکدەهێنن. بەپێی یاسای بنەڕەتیی تورکییە ئەردۆغان ناتوانێ بۆ سێهەمین جار ببێتەوە سەرۆک کۆمار و بۆ گۆڕینی یاسای بنەڕەتی پێویستی بە پشتیوانیی سەرووی ٦٠%ی پارلەمانە. کەوابوو ڕاکێشانی پشیتوانی کوردەکان دەتوانێ یەکێک لە ئامانجەکانی ئەردۆغان بێت لە هێنانە گۆڕی مەسەلەی وتووێژ و دانوستان لەگەڵ کوردەکان. ئەگەرێکی تر جێبەجێ کردنی نەخشەیەکی پێشگرانەیە. دەوڵەتی تورکییە دەزانێ کە بە شەڕ و میلیتاریزم ناتوانێ پەکەکە لەناوبەرێت. لە ئیدێئۆلۆگەکانی ئاکپارتی شاراوە نییە کە ژێنێڕاڵەکانی ئەرتەش نایانهەوێ بارودۆخی شەڕ لە تورکییە کۆتایی پێبێت چونکە هەتا کاتێک کە لە شەڕ لەگەڵ پەکەکە دان، بوودجەی تایبەتی قۆناغی شەڕ وەردەگرن و بۆ کاریگەری دانان لەسەر سیاسەتی دەوڵەت دەستیان ئاواڵەترە. ئەردۆغان نیگەرانی ئەوەیە کە لەگەڵ درێژە و پەرەسەندن و قووڵبوونەوەی قەیرانی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەست و باڵی پەکەکە بۆ پەرەپێدانی چالاکییەکانی ئاواڵەتر بێت. لەم ڕووەوە هاوسەنگیی هێزی ئێستا بۆ “دانوستان و وتووێژ” و بۆ کۆنتڕۆڵکردنی پەکەکە بە گونجاوتر دەزانێت. هەڵبەت هێندێک لە ئیدێئۆلۆگەکانی بورژوازی لە تورکییەش هەن کە بانتر لە سیاسەتی حیزبەکان، لە ڕوانگەی بەرژوەندی درێژخایەنی سەرمایەداریی تورکییە و لەپێناو بەدەستهێنانی پێگەی بەهێزتری ئابووری لە هاوکێشە ناوچەییەکان و بۆ هەموارکردنی ڕێگای تورکییە بۆ چوونە ناو یەکیەتیی ئورووپا، باس لە چارەسەرکردنی مەسەلەی کورد لە چوارچێوەی یاساکانی مافی مرۆڤ دەکەن. بەڵام کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لەسەر ئەم باسانەی ئێستا نییە.
ئەوەیکە ڕوون و ئاشکرایە ئەوەیە کە هەم ئامانجی سیاسەتی ئەردۆغان و باخچەلی لە هێنانەگۆڕی مەسەلەی وتووێژ لەگەڵ کوردەکان و هەم شێوەکار و پڕۆسەیەک کە بۆ ئەم ئامانجە گرتوویانەتە بەر فریوکارانە و دووڕوویانەـ ئەگەر تۆزێک نیازپاکی لە ئیدیعای ئاکپارتی و حیزبی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستدا هەبووایە بۆ چارەسەرکردنی ئاشتییانەی پرسی کورد، دەبووایە هەنگاوگەلێکیان هەڵگرتبا کە هیچ پێویستییەکی بە دانوستان و ڕێککەوتن لەگەڵ پەکەکە و دەم پارتی نەبووایە. بۆ نموونە دەبوو بۆ نیشان دانی نیازپاکی و ڕاستگۆیی دەستبەجێ سەلاحەدین دیمیرتاشیان ئازاد کردبا، عەبدوڵڵا ئۆجەڵانیان وەک یەکێک لە ڕێبەرانی ئەم بزووتنەوەیە بێ مەرج ئازاد کردبا، دەبوو ئەو شارەدارانەی کە بە دەنگی خەڵک هەڵبژێردراون و لەسەر کار لابراون بگەڕێننەوە سەر پۆستەکانیان، دەبوو زمانی کوردی وەک زمانی فەرمی ڕاگەیەنن و سەرجەم بەندکراوانی سیاسی ئازاد بکەن، کۆتایی بە داگیرکاری و تاوانی شەڕ لە کوردستانی سووریە و عێراق بێنن. کەوابوو هەتا کاتێک کە دوڵەتی ئەردۆغان بەم هەنگاوانە ڕاستگۆیی خۆی بە خەڵکی کوردستان نیشان نەداوە دەتوانێ ڕاگەیاندنی ئامادەیی بۆ وتووێژ و دیالۆگ لەگەڵ کوردەکانیش بەشێک لە ستراتێژی سەرکوت و فریو بێت. دەوڵەتی ئەردۆغان لەم بوارەدا نەتەنیا هیچ هەوڵێکی نەداوە، بەڵکوو لەماوەی حەفتەکانی ڕابردوودا چەندین جار کوردستانی سووریەی بۆمباران کردووە، مووچە و مەزراکانی لێ ئاگر داون، لە کوشتنی خەڵک بەردەوام بووە و سەدان چالاکی سیاسیی لە کوردستانی تورکییە دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندان کردووە.