پلێنۆمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٤ کە لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە ٣ و ٤ی مانگی سەرماوەزی ١٤٠٣ بەرابەر بە ٢٣ و ٢٤ی نوامبری ٢٠٢٤ بەڕێوەچوو، لە باسی پەیوەندیدار بە هەلومەرجی سیاسیدا، بەلەبەرچاوگرتنی دوایین ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەکە و جیهان پێگەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی دایە بەر باس و لێکۆڵینەوە. پلێنۆم لەسەر ئەو واقعیەتە تەئکیدی کرد کە گۆڕانی هاوکێشە سیاسییەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، شکستی ستراتێژی شەڕی پێشگرانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە، سەرکەوتنی ترامپ لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا و ئاسۆی پەرەسەندنی سزا ئابوورییەکان و فشاری نێونەتەوەیی، لە جەرگەی قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری و درێژە و گەشەی مانگرتنە کرێکارییەکان و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان، قەیرانی حکوومەتی توندتر کردووەتەوە و سەرانی ڕژیمی لەگەڵ کێشە و ئاستەنگی نوێ بەرەوڕوو کردووە.
ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بەهۆی چاوپۆشیی ئەمریکا توانیبووی بە بردنەسەری ڕێژەی بەرهەمهێنان و هەرزان فرۆش کردنی نەوت و بە سات و سەودای پشتی پەردە لەگەڵ دەوڵەتانی ڕۆژئاوا بۆ گواستنەوەی دۆلاری نەوت و بە تاڵانکردنی سندووقی خانەنشینان، دەوڵەت لە وەرشکستەیی ماڵی نەجات بدات، لەئێستادا ئاسۆیەکی ڕوونیشی بۆ درێژەی ئەم بارودۆخە نییە. کۆماری ئیسلامی بەهۆی بەرینایی ئەم قەیرانە ئابوورییە و بەهۆی سرووشتی چینایەتی سیاسەت و ئەولەوییەتەکانی، ناتوانێ وڵامی داخوازیی بەپەلەی چینی کرێکار، خانەنشینان و پەرستاران و خەڵکی زەحمەتکێشی کۆمەڵگا بداتەوە. هەر ئەم ڕاستییەش پەرەسەندنی ناڕەزایەتیی کرێکاری و جەماوەریی خستووەتە ئاسۆوە. سەرانی ڕژیم و کادری ڕێبەریی سپای پاسداران لەم قۆناغە شۆڕشگێڕانەیەدا یەکجار لەوە دەترسێن کە چکۆلەترین پاشەکشە لە سیاسەتەکانی هەتا ئێستایان، ڕووحیەی تەعەڕوزی لەناو بزووتنەوەی کرێکاری و باقی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان پەرەپێبدات و ببێتە هۆی لێکهەڵوەشانی یەکجاریی نیزامە سیاسییەکەیان. لەم ڕووەوە لە دەورەی سەرۆک کۆماری پزیشکیانیشدا کە ئەساسەن بۆ ڕاکێشانی سەرەنجی دەسەڵاتە ئیمپریالیستەکانی ڕۆژئاوا و بەخاتری ڕەزایەتی ئیسلاح تەڵەبە حکوومەتییەکان ناوی لە سندووقی دەنگدان هاتە دەر، پەرەپێدانی سەرکوت تاکتیکێکی سەرەکیی ڕژیم بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی ئێستایە و یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی ستراتێژی مانەوەی ڕژیم بەحیساب دێت. بردنەسەری ٢٠٠ لەسەدیی بوودجەی هێزی نیزامی و ئۆرگانەکانی سەرکوت لەژێرناوی زیادکردنی بوودجەی دیفاعیی وڵات، تەرخانکردنی ٢٢٥ ملیارد تمەن بە تەرحی کۆنەپەرستانە و دژەژنی کلینیکەکانی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ بێحیجابی، پەرەپێدانی شەپۆلی ئێعدام بەتایبەت ئێعدامی زیندانیانی سیاسی، دەرکردنی حوکمی ئێعدام بۆ شەریفە محەممەدی، وریشە مورادی، پەخشان عەزیزی و لاوانی ناڕازیی ئێکباتان و درێژەی دەستبەسەرکردنی چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بەڕوونی پێگەی سەرکوت لە ستراتێژی مانەوەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا نیشان دەدات. بەڵام تاکتیکی پەرەپێدانی سەرکوت کاریگەریی ڕابردووی خۆی لەدەستداوە و ناتوانێ کۆمەڵگا چاوترسێن بکات. هەڵمەتی خەبات دژی سزای ئێعدام کە لە پشت میلەکانی زیندانەوە ئاڵای ناڕەزایەتی دژبەم تاوانە ڕێکخراوەی دەوڵەتی بەرزکردووەتەوە و ڕەنگدانەوەی جیهانیی بووە. درێژەی مانگرتنی کرێکاران، خەباتی پڕگڕوتینی پەرستاران و خانەنشینان و خوێندکاران، مانگرتنی گشتی و شکۆمەندی خەڵکی کوردستان لە ساڵڕۆژی دەستپێکی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا، ناڕەزایەتیی هێمایینی ئاهوو دەریایی کە بوێرانە قەلبی کۆماری ئیسلامیی کردە نیشانە و دیمەنێک لە داماویی کۆماری ئیسلامیی بەرانبەر بەدحیجابیی نیشان دا، سەلمێنەری ئەم حەقیقەتە سادەیە.
لە کاتکێدا کە جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگا چاوترسێن نەبوون و هێوا بۆ ئاڵوگۆڕیان لەدەست نەداوە و ژنان بوێرانە هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتییان کردووەتە مەیدانی خەبات لەدژی یاسا و حاکمانی دژەژن، بنبەست و شکست و ناکامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران زیاتر ئاشکرا دەبن، مۆتەکەی شۆڕش و هەڵچوونی تۆڕەیی و ناڕەزایەتیی جەماوەری سەرانی ڕژیم زیاتر لە ترس و خۆفدا نوقم دەکات و کێشمەکێش و ناکۆکی و قەیرانی نێوان باڵەکانی حکوومەت پەرەدەستێنن. لەقاودانەکانی “عەباس پالیزدار” ئەندامی هەیئەتی لێکۆڵینەوەی مەجلیسی حەوتەم لە دەزگای قەزایی، سەبارت بە گەندەڵیی سیستماتیک لەناو حکوومەتی ئیسلامی لەژێرناوی تەبلیغ بۆ جێنشینی موجتەبا خامنەیی و ڕەنگدانەوەی بەرینی لەناو میدیاکان و مەحافلی حکوومەت، تازەترین نموونەی ئەم کێشمەکێش و قەیرانە ناوخۆییانەی حکوومەتە. ئاشکراکردنی گەندەڵییەکانی یەکتر لە جەریانی کێشەمەکێش و تەبلیغ بۆ جێنشینی منداڵی وەلی فەقیە، دیاردەیەکی تازە نییە. ئەوەیکە تازەیە پێناسەکردنی دەورانی خامنەیی بە گەندەڵیی سیستماتیکە. پالیزدار نەتەنیا بەڵێنی ئەوە دەدات کە بە هاتنی موجتەبا کۆتایی بە گەندەڵیی سیتسماتیکی دەورانی خامنەیی دێت، بەڵکوو بەڵێنی ئیسلاحات لە بواری “ئازادییە کۆمەڵایەتییەکان”، “ئازادیی چالاکانی سیاسی لە زیندان” و “چالاکیی واقعی و دروستی میدیاکان”یش ئیزافە دەکات. ڕەنگە بۆ ڕازی کردنی ئیسلاح تەڵەبەکانی حکوومەتی و بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی لایەنگری ڕژیم، ئیسلاح تەڵەب بوونی سەرۆک کۆمار بەس نەبێت، بەڵکوو وەلی فەقیهیش دەبێ ئیسلاح تەڵەب بێت.
شایانی باسە کە هەواڵنێریی تەسنیمی سەر بە سپا، بە “پڕۆژە” پێناسەکردنی “لێدوانی گوماناویی عەباس پالیزدار سەبارەت بە ڕێبەریی داهاتووی نیزام” خوازیاری هەڵسووکەوتی خێرای دادستانی لەگەڵ ناوبراو بووە. بەڵام ئیعترافی پالیزدار بەوەیکە بەڵگەی پەیوەندیدار بە گەندەڵیی کاربەدەستانی حکوومەت بەتایبەت کاربەدەستانی حکوومەتیی نزیک بە عەلی خامنەیی لە ڕێگەی چەند سەرچاوەیەکی سپای پاسدارانەوە پێگەیشتووە، وە هەروەها ئەم واقعیەتە کە پالیزدار هەتا ئێستا سەبارەت بە گەندەڵیی سیستماتیکی ناو سپای پاسداران بێدەنگ بووە، وە بەتایبەت لە بارودۆخێکدا کە کۆماری ئیسلامی لە سەروبەندی نۆشینی جامی ژەهرێکی دیکەدایە، ئەم گومانە بەهێز دەکات کە خواستی سپای پاسداران لە دادستانی بۆ هەڵسووکەوتی خێرا لەگەڵ ناوبراو بۆ گومڕاکردنی خوێنەر بێت. لەوانەیە گشت ئەم سێناریۆیە لەژێر سەری سپای پاسداراندا بێت و لەڕێگەی وەڕێخستنی تەبلیغ بۆ جێنشینی موجتەبا خامنەیی، ئەم پەیامە بە عەلی خامنەیی بگەینن کە ئەگەر جامی ژەهر نەنۆشێ، چارەنووسی ڕەفسەنجانیی بەسەر دێت و “سەردەمی ئیسلاحاتی موجتەبا خامنەیی دەستپێدەکات”. بێگومان جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش دەبێ لەم گۆشەیە لە ئاوێنەی دوژمنیشدا هێزی خەبات، یەکگرتوویی و هاوپشتیی خۆیان ببینن و بزانن کە دوژمنیان خستووەتە چ حاڵ و ڕۆژێکەوە.