فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاپۆرتی بەڕێوەچوونی پلێنۆمی شەشەمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران (بەشی چوارەم)
چوارشەممە ۲۳-۱۲-۱۴۰۲   |  13-03-2024

پلێنۆمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٣ کە لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە ٥ و ٦ی مانگی ڕەشەممەی ١٤٠٢ بەرابەر لەگەڵ ٢٤ و ٢٥ی مانگی فێوریەی ٢٠٢٤ بەڕێوەچوو، بەشێکی گرینگ لە باسە سیاسییەکانی خۆی بە پێویستیی پەرەپێدانی ستراتێژی و ئاسۆی شۆڕشگێڕانە و سۆسیالیستی و ڕۆشنگەری سەبارەت بە سرووشتی ڕاستەقینەی ستراتێژی و بەرنامەکانی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی بورژوایی تەرخانکرد.

لە کۆبوونەوەی بەرینی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە چارەسەر و بەدیلێکی کرێکاری و سۆسیالیستی بخرێتە بەردەم موناسباتی سەرمایەداریی زاڵ و حکوومەتی سەرمایەی ئیسلامی، تەبلیغ و بانگەشەی بۆ بکرێت و بکرێتە گوتارێکی بەهێز لەناو کۆمەڵگادا. پێویستە نیشان بدرێت کە سۆسیالیزم تەنها بەدیلێکە کە دەتوانێ ئاسۆی ڕزگاری بەرەوڕووی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی ئێراندا بکاتەوە و کۆتایی بە هەموو ئەو کێشە و قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتییانە بێنێ کە هەموو کۆمەڵگای داگرتووە. پێویستە بەپێچەوانەی تەسەورێک کە ئیدێئۆلۆگەکانی چینەکانی سەرەوە پەرەی پێدەدەن، نیشان بدرێت کە بەدیلی سۆسیالیستی لەسەر بنەمای بابەتی و واقعی دامەزراوە. پێویستە نیشان بدرێت کە هێزی کۆمەڵایەیی وەدیهێنانی سۆسیالیزم، واتە چینی کرێکار کە بە مانگرتن و ناڕەزایەتیی خۆی لە گۆڕەپانی کۆمەڵگادا بەشدارە، لە ڕەوتی خەبات و ڕێکخستنی ڕیزەکانی خۆیدا زۆربەی بێبەشان و ستەملێکراوان و ئازادیخوازانی کۆمەڵگا و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵ خۆی هاوڕێ دەکات، لە حیزب و ڕێکخراوی سیاسی و کۆمۆنیستیدا خۆی ڕێک دەخات و ئامادەیی ئەنجامدانی ئەم ئەرکە مێژووییە پەیدا دەکات. ئەڵتێرناتیڤی سۆسیالیستی لە یەکەم هەنگاوی پێشڕەویی خۆیدا رژیمی کۆماری ئیسلامی دەڕووخێنێت. ماشێنی دەوڵەتی بەهەموو دام و دەزگای سەرکوتیەوە تێکدەشکێنێت و دەسەڵاتی شۆڕاکانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش دادەمەزرێنێت. دەسەڵاتی شۆرایی بەرینترین ئازادییە بێ شەرت و مەرجە سیاسییەکان دابین و زەمانەت دەکات. له‌ ڕێگه‌ی گشتی كردنه‌وه‌ی خاوه‌نداریه‌تیی ئامرازی به‌رهه‌مهێنان، هه‌موو توانا ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی ئێستای كۆمه‌ڵگای ئێران به‌ به‌رنامه‌ و به‌ شێوه‌ی داڕێژراو ده‌خاته‌ كار. به‌ له‌ناوبردنی هه‌ستی نامۆیی ئینسان له‌گه‌ڵ به‌رهه‌می كاری خۆی داهێنان و توانای ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ی كه‌ ئازادن و به‌سه‌ر چاره‌نووسی خۆیاندا زاڵن، ده‌پشكوێنێ. هه‌ربۆیه‌ش پێشكه‌وتن و گه‌شه‌ی ئابووریی ڕاسته‌قینه‌ مه‌یسه‌ر ده‌بێت، به‌رهه‌می كار زۆر به‌خێرایی گه‌شه‌ ده‌كات و خزمه‌تگوزاری و پێداویستیه‌كانی خه‌ڵك له‌ ئاستێكی به‌ریندا به‌ ئامانجی دابین كردنی بواری پێداویستیه‌كانی مادی و مه‌عنه‌وی ئینسانه‌كان به‌رهه‌م دێت. خه‌ڵك له‌ ئیمكاناتی یه‌كسان و فراوان بۆ گه‌شه‌ی توانا كه‌سیه‌كانیان به‌هره‌مه‌ند ده‌بن و هێزی داهێنان و توانای تاكه‌كه‌سی ده‌پشكوێ. له‌ وه‌ها كۆمه‌ڵگایه‌كدا، ئازادی و خۆشبژێویی هه‌ر تاكێك مه‌رجی ئازادی و خۆشبژیویی هه‌موانه‌ و ته‌قالا بۆ مانه‌وه‌ی تاك كۆتایی پێدێت و ئینسانه‌كان به‌ره‌و قۆناخێكی به‌ڕاستی ئینسانی هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرن. له‌ نیزامی كۆمه‌ڵایه‌تیی سۆسیالیستی دا، كار له‌ جه‌بر بۆ په‌یدا كردنی پێداویستیه‌كانی ژیانه‌وه‌ ده‌بێته‌ چالاكیه‌كی خۆبه‌خشانه‌ كه‌ ته‌نیا له‌سه‌ر ئه‌ساسی تێگه‌یشتن له‌ ئه‌ركه‌كان و وڵامدانه‌وه‌ به‌ پێداویستیه‌كانی كۆمه‌ڵ ئه‌نجام ده‌درێت. تێكنۆلۆژی و پێشكه‌وتنه‌ زانستیه‌كیان وێڕای پێشكه‌وتنه‌ جیهانیه‌كانی زانست دەخرێنە خزمەت باشترکردنی ژیانی هاووڵاتییان و ئیمکانی هێنانەخواری سەعاتی کار و بردنەسەری سەعاتی فەراغەت و بێکاری فەراهەم دەبێت. کۆمەڵگای سۆسیالیستی شێوازە جۆراوجۆرەکانی نابەرابەری و هەڵاواردن لەوانە ستەم بەرانبەر ژنان ڕیشەکێش دەکات. هه‌ڵاواردنی ڕه‌گه‌زی و به‌رچاوته‌نگیی نه‌ته‌وه‌یی و نه‌ژادی، جێگای خۆی ده‌دا به‌ هاوپشتیی ڕاسته‌قینه‌ی ئینسانه‌كان. سۆسیالیزم بە وێرانکاری و کارەساتە ژینگەییەکان کە هەستی و ئەمنیەت و ڕەفاهی ئینسانەکانیان خستووەتە مەترسییەوە کۆتایی دێنێ و پاراستن و کەڵک وەرگرتنی عەقڵانی لە سرووشت دەکاتە پێوەری سەرەکیی پێشکەوتن و گەشەی خۆی. دامه‌زراندنی وه‌ها كۆمه‌ڵگایه‌ك، خه‌یاڵ په‌ردازی و هێنانه‌ به‌رچاوی شاری ئاوا‌ته‌كان نییه‌. به‌ڵكوو حه‌ره‌كه‌تێكه‌ له‌ ڕه‌و‌تی گۆڕانكاریه‌ مادیه‌كانی مێژووی مرۆڤایه‌تیدا. هێزە کۆمەڵایەتییەکەی لە قامەتی ناڕەزایەتی و مانگرتنی شکۆداری کرێکاران، ناڕەزایەتیی بێبەشانی شار لە مەیداندا حزووری هەیە و ئیمکاناتی مادیی وەدیهاتنی بوونی هەیە. بەڵام بۆ بەهێزکردنی بواری ڕێکخستنی ئەم هێزە کۆمەڵایەتییە، بۆ تەقویەت و یەکگرتوویی ئاراستەی سۆسیالیستیی ناو چینی کرێکار و بۆ بەرپاکردنی بزووتنەوەی شۆرایی و بۆ دامەزراندنی سۆسیالیسم پێویستە قۆڵ هەڵماڵین.

لە هەمان کاتدا کە پێویستە بەشێوەی ئیسباتی تەبلیغ و بانگەشەی سۆسیالیزم بکەین و هەوڵ بدەین بەدیلی سۆسیالیزم ببێتە گوتارێکی بەهێز لە کۆمەڵگادا، نابێ لەبیرمان بچێ کە حەریفی سەرەکیی بزووتنەوەی کرێکاری و سۆسیالیستی لە خەبات بۆ پێکهێنانی ئاڵتێرناتیڤی حکوومەتی، ڕەوتەکانی ئۆپۆزیسیۆنی نیۆلیبڕاڵی بورژوایی و کۆماریخوازن. ئەمانە لە هەموو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا بەشدارن. ڕیفۆرمیزم، بنەمای کۆمەڵایەتی ئەمانە لە بزووتنەوەی کرێکاریدا پێکدەهێنێت. فێمینیزمی لیبراڵ لە بزووتنەوەی ژنان و ئاراستەی لیبراڵ و ڕیفۆرمخوازی لە بزووتنەوەی خوێندکاریدا نوێنەرایەتی ئەم بەشەی ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوازی دەکەن. حیزبە ناسیۆنالیستەکان بنەمای کاریگەری ئەم بەشەی ئۆپۆزسیۆنن لە کوردستاندا. ئەگەر بزووتنەوەی سۆسیالیستی بۆ پێشخستنی ستراتیژی شۆڕشگێڕانەی خۆی پشت بە بزووتنەوەی دژەسەرمایەداری چینی کرێکار و هێزی مەزنی چەپی کۆمەڵایەتی و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە پێشکەوتنخوازەکان دەبەستێت، ئەم بەشەی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازیش پشت بە پشتیوانی زلهێزە سەرمایەدارییەکانی ڕۆژئاوا دەبەستێت. بزووتنەوەی سۆسیالیستی پێویستە بتوانێ ناتەبایی ستراتێژی و بەرنامە ئابوورییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی نیۆلیبڕاڵی بورژوایی و کۆماریخواز وێڕای پلاتفۆرمی داخوازی و ئیدیعاکانیان سەبارەت بە دابینکردنی خۆشبژێویی کۆمەڵایەتی، ئازادیی سیاسی و بەرابەری ژن و پیاو و …، بۆ کرێکاران و جەماوەری خەڵک ئاشکرا بکات.

درێژەی هەیە…

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە