
پلێنۆمی شەشەمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٣ کە لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە ٥ و ٦ی ڕەشەممەی ١٤٠٢دا بەڕێوەچوو، بەشێک لە باسە سیاسییەکانی خۆی بە گرینگیی ستراتێژیکی ڕێکخستنی بزووتنەوەی کرێکاری و باقی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان و پێکهێنانی ڕێبەریی سیاسیی سەرتاسەری تەرخانکرد و پاشان بە چوونە ناو تەوەری پەیوەندیدار بە ئامادەکاری بۆ کۆنگرەی ١٤ی حیزب و پێداچوونەوە بە ڕاپۆرتە تەشکیلاتیەکان و دابەشکردنی کار و پێکهاتەی کۆمیتەی ناوەندی، دوای دوو ڕۆژ کۆبوونەوەی چڕوپڕ کۆتایی بە کاری خۆی هێنا.
پلێنۆم جەختی لەوە کردەوە کە ئاڵقەی سەرەکی لە پێشخستنی ستراتیژی سۆسیالیستیدا، ڕێکخستنی چینی کرێکار و یەکگرتوویی ئاراستەی سۆسیالیستییە لەناو ئەم چینەدا. هەروەک پێشتر ئاماژەی پێکرا چینی کرێکاری ئێران بۆ ڕێکخستنی ڕیزەکانی خۆی و بۆ ئامادەبوون لەپێناو بەجێگەیاندنی ئەرکەکانی خۆی بەربەستی گەورەی لەسەر ڕێیە، بەڵام لە هەمان حاڵدا گەلێک زەرفیەت و توانای بەرچاویشی بۆ زاڵبوون بەسەر ئەم بەربەستانەدا پەیدا کردووە. بزووتنەوی کرێکاریی ئێران یەکێک لە چالاکترین بزووتنەوە کرێکارییەکانی جیهانە. ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاری کاریگەرترین مێکانیسم و بەستێنی بابەتیی گونجاوە بۆ ڕێکخستنی چینی کرێکار. لەم ڕووەوە پەرەپێدانی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاری گرینگییەکی درێژخایەن و ستراتێژیکی هەیە. ڕێگایەکی کاریگەر بۆ پەرەپێدانی ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان، ئەوەیە کە یارمەتییان بدرێ سەرکەون. کەوابوو بۆ بەسەرکەوتن گەیاندنی هەر تاکە مانگرتن و ناڕەزایەتییەکی کرێکاری پێویستە هێزی بۆ تەرخان بکرێت. بێگومان مانگرتنە کرێکارییەکان لە کارخانە و ناوەندە گەورەکانی وەک زەوبی ئاهەنی ئیسفەهان، فوولادی ئەهواز، سەنعەتی نەوت و گاز و پێترۆشیمی و … بە بێ دەورونەخشی کۆمیتەکانی کارخانە، کۆمیتەکانی مانگرتن و یان بە بێ پشت بەستنی چالاکان و پێشڕەوانی کرێکاری بە کۆبوونەوەی گشتیی کرێکاری و دەخاڵەتدانی جەماوەری کرێکار لە چارەنووسی ئەم ناڕەزایەتییانە مومکین نییە. ئەم کۆمیتانەی کارخانە و کۆمیتەکانی مانگرتن و کۆبوونەوە گشتییەکان دەتوانن ببنە چرۆی شۆرا کرێکارییەکان لە داهاتوودا. سیاسەتی سەرەکیی حیزب دەبێ بەهێزکردنی ئەم پڕۆسەیە و یارمەتیدانی بزووتنەوەی کرێکاری بە ڕوانگەیەکی شۆراییەوە بێت.
لەپێناو پێشخستنی ستراتێژی سۆسیالیستی و بەسەرەنجدان بە پێگەیەک کە ژنان لە ئاڵوگۆڕە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا هەیانە بزووتنەوەی ڕزگاریی ژن پێویستە پێگەی کۆمەڵایەتیی خۆی لەناو جەماوەری ملیۆنیی ژنانی کرێکار و زەحمەتکێشدا بەهێزتر بکات و ڕێکخراوتر بێتە مەیدانی نەبەردەوە. بەشداریی بەرچاوی ژنان لە بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی خانەنشینان و مامۆستایان وەک بەشێک لە بزووتنەوەی کرێکاری و لە بزووتنەوەی خوێندکاری و هەروەها دەورونەخشی ئەوان لە ڕێکخستنی سەرتاسەری و ڕێبەریی ئەم بزووتنەوانە، توانای بزووتنەوەی ژنانی لە بواری ڕێکخستن و ڕێبەریشدا نیشان داوە. بزووتنەوەی ڕزگاریی ژن لە گەڕەکە هەژارنشینەکانی پەراوێزی شارەکان بە ڕێکخستنی ژنانی کرێکار و زەحمەتکێشی ئەم گەڕەکانە لەناو ئەنجومەن و شۆراکانی ژنان دەتوانێ بەشێکی تر لە هێزی مەزنی خۆی بێنێتە مەیدان. بزووتنەوەی ڕزگاریی ژن پێویستە ئەم بەشە لە هێزی کار لەگەڵ هێزی ڕێکخراوتری چینی کرێکار لە کارخانەکان و ناوەندە سەنعەتییەکان، لەگەڵ ئیعتڕازاتی خانەنشینان و مامۆستایان و لەگەڵ باقیی بزووتنەوە ناڕەزایەتییە پێشڕەوەکان هاوڕێ بکات. زەمانەت کردنی پێشڕەویی بزووتنەوەی ڕزگاریی ژن، هێنانە مەیدانی جەماوەری ملیۆنیی ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش زەروورییە. بزووتنەوەی خوێندکاری بە درێژایی یەک دەیە و نیوی ڕابردوو، بەتایبەت لەماوەی یەک ساڵ و نیوی ڕابردوودا گەلێک زەرفیەتی بەرچاوی لەبواری ڕێکخستن و هاوپشتی لەگەڵ بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە لە خۆی نیشان داوە. بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان بە بەشداریی بەچاوی خۆی لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی سەرتاسەری بوو بە چاو و چرای خەڵکی ئێران و بۆ جارێکی تر نیشانی دا کە پایەکی سەرەکی هەر ئاڵوگۆڕێکی سیاسی و شۆڕشگێڕانە لە ئێرانە. ئەم بزووتنەوەیە توانای ئەوەی هەیە کە هێزی بزوێنەری خۆی ڕێکخراوتر بێنێتە مەیدان. بۆ پێشڕەویی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە، ئەم ڕووبارانە پێویستە یەک یەکبگرن. گەشەپێدان و بەهێزکردنی پەیوەندیی ئەم بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییانە دەتوانێ بەستێنەکانی مانگرتنە سیاسییە جەماوەرییەکان لە سەرتاسەری ئێران ئامادە بکات. ئەو مانگرتنانەی کە ئاوێتەی ڕێپێوانی سەر شەقام و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتین دەتوانن دەزگای سیاسی، ئیداری و ئابووریی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی زەمینگیر بکەن. مانگرتنی سیاسیی جەماوەری کە مانگرتنی کرێکاری بڕبڕەی پشتیەتی، دەتوانێ ڕیزی هێزە چەکدارەکان و سپای پاسداران بشێوێنێ. ناکۆکیی ناو ئەم هێزانە قووڵتر بکاتەوە و هێزی سەرکوتیان زەمینگیر بکات و بەستێنەکانی ڕێکخستنی ڕاپەڕین و ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئامادە بکات.
بۆ پێشڕەویی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا و لەپێناو هەوڵ بۆ پێکهێنانی بەدیلی سۆسیالیستی، بابەتی ڕێبەریی سیاسیی سەرتاسەری یەکجار گرینگ بووەتەوە. ئەوەیکە ڕوونە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا وشیاریی لەئاست ڕێکخستن و پێکهێنانی ڕێبەریی سیاسیی لەناو بزووتنەوەی کرێکاری و لەناو هەموو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا بەهێزتر کردووە. هەر لەم قۆناغەی دواییدا بەیاننامەکانی دەیان ڕێکخراوی کرێکاری و خوێندکاری و ناوەندی نووسەرانی ئێران بۆ مەحکوومکردنی سزای ئێعدام، بۆ مەحکوومکردنی جینۆسایدی دەوەڵەتی ئیسرائیل لە غەززە، بەیاننامەکانی شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوەکانی مامۆستایان سەبارەت بە گەڵاڵەی بوودجەی ساڵی ١٤٠٣ و شانۆی هەڵبژاردنەکان، هەر هەموویان هەوڵ و تێکۆشانن لەپێناو پێکهێنانی ڕێبەریی سەرتاسەریدا. پێویستە ڕێز لەم هەوڵانە بگیرێت و بەهێزتر بکرێن.
پێکهێنانی ئاڵتێرناتیڤی سۆسیالیستی بەم مەسیرەی سەرەوەدا تێدەپەڕێ. بزووتنەوەی کۆمۆنیستیی موتەحەزب و ڕێکخراو و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بەتایبەتی، لە ڕێگەی وڵامدانەوە بە پێویستیی ئەم بزووتنەوە واقعییانەی ناو کۆمەڵگا دەتوانن لەگەڵ بزووتنەوەی چەپی کۆمەڵایەتی بە یەک بگەن. ئەم بزووتنەوە چەپە کۆمەڵایەتییە بزووتنەوەی ئێمەیە. پایەی کۆمەڵایەتیی ئاڵتێرناتیڤی سۆسیالیستییە. ئەحزاب و ڕێکخراوەکانی بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستیی ئێران پەیوەندییەکی سیاسی و مەعنەویی قووڵیان لەگەڵ چەپی ناو کۆمەڵگا هەیە. کەوابوو نابێ لایان وابێ کە لە تەبعید دان و دوور خراونەتەوە. مێکانیسمی قایمتر کردنی پەیوەندی هێزە موتەحزبەکانی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی لەگەڵ ئەم چەپە کۆمەڵایەتییە، وڵامدانەوەی هاوبەش بە کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەم بزووتنەوە ڕاستەقینەکانی ناو کۆمەڵگایە. پێویستە لەم ڕێگەوە هەوڵ بدرێت کە پەیوەندییە سیاسی و مەعنەوییەکانی ئێستا بکرێنە پەیوەندییەکی زیندوو و ئۆرگانیک.
کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب دوای پەسندکردنی کولیاتی ڕاپۆرتی سیاسی کە بەنووسراوە خرابووە ئیختیار پلێنۆمەوە، بەسەرەنجدان بەو باسانەی کە لەم پێوەندەدا هاتنە ئاراوە لەسەر تەکمیل و پێداچوونەی تەئکیدی کرد. پاشان ئامادەکاری بۆ بەڕێوەبردنی پلێنۆمی ١٤ی حیزبی دایە بەر باس و وێڕای تەئکید لەسەر بەڕێوەبردنی گۆنگرە لە هاوینی ئەمساڵدا، کۆمیسیۆنێکی حەوت کەسیی لەناو ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب بۆ ئامادەکاریی سیاسی و تەشکیلاتیی کۆنگرە هەڵبژارد. لە بەشی ڕاپۆرتە تەشکیلاتییەکاندا ڕاپۆرتی کاری ئۆرگانە جۆراوجۆرەکانی حیزب کە بریتین لە کۆمیتەی تەشکیلاتی شارەکان، کۆمیتەی ڕێبەریی کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)، کۆمیتەی ڕێکخراوی دەرەوەی وڵات، شۆرای تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە، کۆمیتەی ئیدارەی سایت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی حیزب، هەیئەتی نوێنەرایەتیی حیزب لە شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان، گۆڤاری جەهانی ئێمرووز، کۆمیتەی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان، کۆمیسیۆنی ماڵی، کۆمیسیۆنی پەروەردە و کۆمیتەی ئیجرایی حیزب بیسترا و درایە بەر ڕەخنە و لێکۆڵینەوە. پلێنۆمی کۆمیتەی ناوەندی لە درێژەدا ئۆرگانە جۆراوجۆرەکانی چالاکیی حیزبی تەقویەتکرد و دووبارە سازمانی دانەوە.
پلێنۆمی شەشەمی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی سێزدەی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە بەشی کۆتایی کاری خۆیدا، بە مەبەستی هیدایەتی چالاکیی سیاسی و ڕێکخراوەیی حیزب لەماوەی دوو پلێنۆمدا لەناو هاوڕێیانی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب کە لە لیستی کاندیدەکاندا بوون، یازدە کەس لە هاوڕێیان: هەڵمەت ئەحمەدیان، ڕەئووف پەرستار، نوسرەت تەیموورزادە، شەمسی خوڕەمی، ناسر زەمانی، حەسەن شەمسی، ڕەحیم عەزیزپوور، ئارام فەرەجوڵڵاهی، سەلاح مازوجی، جەلال محەممەدنەژاد و سەدیقە محەممەدیی وەک ئەندامی کۆمیتەی ئیجرایی حیزب هەڵبژارد.
کۆمیتەی ئیجرایی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
ڕەشەممەی ١٤٠٢ی هەتاوی
مارسی ٢٠٢٤ی زایینی
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە
www.facebook.com/Peshrawcpiran