
پلێنۆمی شەشەمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٣ لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە ٥ و ٦ی مانگی ڕەشەممەی ١٤٠٢ی هەتاوی بەرابەر لەگەڵ ٢٤ و ٢٥ی فێوریەی ٢٠٢٤ی زایینی بەڕێوەچوو. کۆبوونەوەی بەرینی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی بە سروودی ئەنترناسیۆناڵ و دەقیقەیەک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادی گیانبەختکردووانی ڕێزەکانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە و سەرجەم گیانبەختکردووانی ڕێگای ئازادی و سۆسیالیزم و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا، کاری خۆی دەستپێکرد. لەم پلێنۆمەدا ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە و کۆمیتەی ڕێکخراوی دەرەوەی وڵاتی حیزبیش وەک چاوەدێر بەشدار بوون. ڕاپۆرتی سیاسیی کۆمیتەی ئیجرایی بە کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی، ڕاپۆرتی چالاکیی کۆمیتەکان و ئۆرگانە جۆراوجۆرە تەشکیلاتییەکان، ئامادەکاریی بۆ بەڕێوەبردنی کۆنگرەی ١٤ی حیزب و ئارایش و دابەشکردنی کاری ناوخۆیی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب، دەستووری جەلەساتی ئەم پلێنۆمە بوون. لە ڕاپۆرتی سیاسیی کۆمیتەی ئیجرایی و باسە پەیوەندیدارەکاندا، جەخت لەسەر ئەم سیاسەت و هەڵوێستانەی خوارەوە کرا.
پلێنۆمی شەشەمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب لە بارودۆخێکدا بەڕێوەدەچێت کە زیاتر لە چوار مانگ لە جینۆساید و تاوانی شەڕی دەوڵەتی ئیسرائیل بەدژی خەڵکی فەلەستین لە کەرتی غەززە تێدەپەڕێت. لەم ماوەیەدا دەوڵەتی داگیرکەری ئیسرائیل بە پاساوی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ مەترسیی تیرۆریسمی ڕێکخراوی حەماس، بە مووشەکباران و بۆمباران و ڕەوانەکردنی هێزی ئەرتەش، بێپسانەوە کوشتاری خەڵکی فەلەستین و وێرانکاریی لە کەرتی غەززە درێژە داوە. لە ئەنجامی ئەم کوشتن و وێرانکارییەدا زیاتر لە ٣٠ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە، دەیان هەزار کەس بریندار بوون و زیاتر لە ٦٠%ی ژێرخان و خانووی نیشتەجێبوون وێران بوون یان زیانیان پێگەیشتووە. دەوڵەتی ئەمریکا و هاوپەیمانە ئورووپاییەکانی لە ناتۆ کە لە یەکەم ڕۆژی ئەم شەڕەوە بێ مەرج پشتیوانی تاوانەکانی حکوومەتی ئیسرائیلیان کردووە، لەم تاوانە دژەئینسانییەدا بەرپرسیار و هاوبەشن. خەڵکی فەلەستین لە کەرتی غەززە بە خۆڕاگری لەژێر ئاگری بۆمبارانی بەردەوام و وێرانکاری، بە قیمەتی لەدەستدانی دەیان هەزار کەس لە ئازیزانیان و بە تەحەمولی بارودۆخێکی کارەساتبار، سرووشتی ڕاستەقینەی دەوڵەتی دەستی ڕاستی ئیسرائیل و ناوەرۆکی درۆینە و ڕیاکارانەی دیموکراسییەکانی بورژوایی لە ئەمریکا و ئورووپا لە دیفاع لە مافی مرۆڤیان زیاتر لە هەموو کاتێک ئاشکرا و ڕیسوا کردووە و شکستێکی ئەخلاقیی و سیاسیی گەورەیان بەسەردا سەپاندوون.
ئەمڕۆ لە حاڵێکدا کە دەوڵەتانی ئەمریکا، ئاڵمان، بریتانیا و … بە پشتیوانی لە سیاسەتی ڕەگەزپەرستانەی نەیتانیاهۆ دەستی ئەویان بۆ جەنایەتی جەنگی دژبە خەڵکی غەززە ئاواڵە هێشتووەتەوە، لە بەرامبەردا بزووتنەوەیەکی مەزنی جەماوەری بۆ پشتیوانی و دیفاع لە ئازادیی فەلەستین بە خواستی کۆتایی دەستبەجێی شەڕ، ڕاگرتنی دەستبەجێ بۆمباران و ناردنی خێرای یارمەتی مرۆیی بۆ کەرتی غەززە هاتووەتە مەیدان. جەماوەری ناڕازی بێسەبرانە خوازیاری کۆتاییهێنان بە تاوانی جەنگیی دەوڵەتی داگیرکەری ئیسرائیلن. ئەم بزووتنەوە هاوپشتییە جیهانییە، گۆڕینی هاوسەنگیی هێز بە قازانجی خەباتی مافخوازانە و ئازادیبەخشی کرێکاران و نەتەوەی ستەمدیدەی فەلەستین و لاوازکردنی هێژمۆنیی نیزامیی دەوڵەتی ئیسرائیلی خستووەتە ئاسۆوە. کۆبوونەوەی بەرینی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب لەم پێوەندەدا لەسەر گرینگیی سیاسیی بەهێزکردنی ئەم بزووتنەوە هاوپشتییە و پەیوەستبوونی کرێکارن و خەڵکی خەباتکاری ئێران بەم بزووتنەوە جیهانی و ئازادیخوازانەیە تەئکیدی کرد. جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش لە هەر شوێنێک بن، لە فەلەستین، ئیسرائیل و ئێران و شوێنەکانی تر، قوربانیی نیزامی سەرمایەدارین. کرێکاران و خەڵکی ئازادیخوازی ئێران بە ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دەتوانن یەکێک لە گرینگترین پێگەکانی ئیسلامی سیاسی و تیرۆریسم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان ڕیشەکێش بکەن و زەمینە بۆ گەشە و بەهێزبوونی بزووتنەوەی ڕادیکاڵ و ڕزگاریبەخش لە فەلەستین و گشت ناوچەکە ئامادە بکەن. خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی فەلەستین بۆ تێپەڕین لەم بارودۆخە کارەساتبارە بێجگەلە ڕێکخستنی خەباتی جەماوەری و هاوپشتی لەگەڵ کرێکاران و هێزە ئازادیخواز و ڕەوتە شۆڕشگێڕەکان لە ئیسرائیل و ڕاکێشانی پشتیوانیی هێزە پێشکەوتنخوازەکان لەئاستی جیهان لەپێناو خەبات بەرامبەربە ڕژیمی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل و ڕەوتە کۆنەپەرستە ئیسلامییەکان، ڕێگایەکی تریان لەپێش نییە.
شەپۆلی جینۆسایدی ئەم دواییانەی حکوومەتی ئیسرائیل لە دژی خەڵکی فەلەستین و ڕەهەندە کارەساتبارەکانی لە قۆناغێکی نوێدا کەوتووەتە ڕێ. لە قۆناغێکدا کە ڕۆڵی سەرکردایەتی ئەمریکا لەئاستی جیهان و لە ئەنجامدا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لاواز بووە و هێشتا جیهانی فرە جەمسەری سەقامگیر نەبووە. لەڕاستیدا لە ماوەی دوو سێ دەیەی ڕابردوودا بارودۆخی جیهان و پەیوەندیی زلهێزەکانی سەرمایەداری لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان گۆڕانکاریی زۆری بەسەردا هاتووە. دوای کۆتایی هاتنی شەڕی سارد و داڕمانی وڵاتانی بلۆکی ڕۆژهەڵات کە هاوکات بوو لەگەڵ لاوازبوونی دەسەڵاتی ئابووری ئەمریکا لە ڕەئسی بلۆکی سەرکەوتوو، ئەمریکا، کە چیتر نەیدەتوانی پشت بە دەسەڵاتی ئابووری باڵای خۆی ببەستێت بۆ پاراستنی هێژمۆنیی خۆی بەسەر جیهاندا، هەوڵیدا پشت بە هێزی سەربازی و میلیتاریزم ببەستێت بۆ دەستەبەرکردنی سەرکردایەتی خۆی بەسەر جیهاندا. شەڕی کەنداو، لەشکرکێشی بۆ سەر ئەفغانستان و عێراق، دەستێوەردانی سەربازی لە لیبی و سووریە، بوارە جۆراوجۆرەکانی ئەم قودرەت نماییە نیزامییە بوون. ئەمریکا لە هەموو ئەم شەڕانەدا دۆڕا. لە ئەفغانستان هەرچەندە توانی حکوومەتی تاڵیبان بڕوخێنێت، بەڵام نەیتوانی ئەو ئاسایش و ئارامییە دابین بکات کە خۆی دەیەویست. دەوڵەتی ئەمریکا دوای دوو دەیە، دەسەڵاتی سیاسیی لەگەڵ ئەرتەشێکی تەیارکراو بە چەکی ئەمریکایی ڕادەستی تاڵیبان کرد. لە عێراق ڕژیمی سەدام حسێنی ڕووخاند، بەڵام نەیتوانی ئەمنیەت و ئاو و بەرقی خەڵک دابین بکات و ئەم وڵاتەی بۆ چەندین ساڵ بەرەوڕووی شەڕی ناوخۆیی کردەوە. لەئێستادا لەگەڵ کشانەوەی زۆربەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق، کاریگەریی سیاسیی لەسەر دەوڵەتی ئیسلامی عێراق کەم بووەتەوە و ئەو سیستمە سیاسی فیدراڵییەی کە لەسەر بنەمای ئایین و نەتەوە پێکیهێنابوو، داڕماوە. لە قەیرانی سووریەدا بە ڕووسیەی دۆڕاند. لە لیبی حکوومەتی قەزافیی ڕووخاند و دوای ماوەیەکی زۆر شەڕی ناوخۆیی و لەناوچوونی تانوپۆی ئەم کۆمەڵگایە، هێستاش نەیتوانیوە ئەم وڵاتە بەشێوەی دڵخوازی خۆی لە بواری سیاسییەوە سەقامگیر بکات. دەوڵەتی ئەمریکا بەهۆکاری ئەم شکستە بەردەوامانەی ناچار بوو پڕۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە کۆبکاتەوە. جگە لەم شکستانە، ڕاپەڕینە جەماوەرییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ نموونە لە میسر و توونێس و وڵاتانی تر نیشانی دا کە دەوڵەتی ئەمریکا ناتوانێ بە پشت بەستن بە باڵادەست بوونی لەبواری نیزامییەوە هیچکام لە حکوومەتەکان و دیکتاتۆرییەکانی هاوپەیمانی خۆی لەم ناوچەیە لە مەترسیی ڕووخان دەرباز بکات. لەگەڵ ڕووخانی حکوومەتی بن عەلی لە تونس و حوسنی موبارەک لە میسر، حکوومەتە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ زەمانەتکردنی مانەوەی دەسەڵاتی خۆیان ستراتیژێکی دیکەیان گرتەبەر بەر. ئەم زنجیرە ئاڵوگۆڕانەش زیاتر لە ڕابردوو ڕۆڵی هێژمۆنیکی ئەمریکایان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بردە ژێر پرسیارەوە. لەگەڵ لاوازبوونی پێگەی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەسەڵاتەکانی ناوچەکە لەوانە تورکییە، عەرەبستانی سعوودی و وڵاتانی شۆرای هاوکاریی کەنداوی فارس هەوڵیان داوە لە قۆناغی ئێستادا و لەو ڕەقابەتانەی کە لە نێوان ئەمریکا و هاوپەیمانی ئورووپایی لەلایەکەوە و دەسەڵاتەکانی وەک چین و ڕووسیە لە لایەکی دیکەوە لەئارادایە، زۆرترین کەڵک وەربگرن. لەگەڵ لاوازبوونی هێژمۆنیی دەوڵەتی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هاوپەیمانانی سوننەتیی ئەمریکا بە بەراورد لەگەڵ ڕابردوو سەربەخۆییەکی زیاتر لە خۆیان نیشان دەدەن. لەم بوارەدا پێکهاتنی پەیوەندی ستراتێژیکی ئابووریی ئەم دەوڵەتانە لەگەڵ چین و تەنانەت زەمینەکانی پێکهاتنی پەیمانی نیزامی و هاوشێوەکانی دەبیندرێت. لەم قۆناغە گوزارەدا، بەلەبەرچاوگرتنی لاوازبوونی پێگەی ڕێبەریی ئەمریکا لەئاستی جیهان و ناوچەکە، دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل تەنها هاوپەیمانی ستراتێژیک و متمانەپێکراوی ئەمریکا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شەپۆلێکی تازەی لە کۆمەڵکوژی لە غەززە دەسپێکردووە. ئەگەرچی ئەمریکا و هاوپەیمانانی ئورووپایی لە ناتۆ درێژە و پەرەسەندنی ئەم شەڕە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەڕاستای بەرژوەندی خۆیاندا نابینن، بەڵام بەکردەوە لە سیاسەتی ڕەگەزپەرستانەی دەوڵەتی دەستی ڕاستیی نەتانیاهۆ پەیڕەوی دەکەن و لەم جینۆسایدە ئاشکرایەدا هاودەست و هاوبەشن. هەروەها بورژوازیی دەسەڵاتدار لە ئاڵمان بە لایەنگری کردنی لە نەتانیاهۆ زەرفیەتە فاشیستییەکانی لە سەدەی بیست و یەکدا نیشان داوە.
لەحاڵێکدا کە جەنایاتی جەنگی دژبە خەڵکی فەلەستین و ئەو کۆمەڵکوژییەی لە غەززە کەوتووەتە ڕێ، بیروڕای گشتیی مرۆڤایەتیی ئازادیخواز و بەرابەری تەڵەبی لە سەرتاسەری جیهان بەدژی دەوڵەتی داگیرکەر و ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل هانداوە، حکوومەتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە لەوانە ئۆردۆن، میسر، عەرەبستان، قەتەر و عێراق و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دووڕوویانە باس لە دیفاع لە خەڵکی فەلەستین دەکەن. لەو نێوەدا ئەردۆغانی فاشیست و دەوڵەتی تورکییە کە لەم ماوەیەدا لە سایەی بێدەنگیی میدیاکان و بە چرای سەوزی ئەمریکا چەندین جار ژێرخانە ئابووری و خزمەتگوزارییەکانی لە کوردستانی سووریە بۆمباران کردووە و سەدان کەس لە خەڵکی کوردستانی کوشتووە، بریندار و ئاوارەی کردوون، بۆ خەڵکی فەلەستین فرمێسکی درۆینە دەڕێژێ. دەوڵەتی ئەردۆغان لە حاڵێکدا کە هاوئاراستە لەگەڵ دەوڵەتی ئەمریکا ڕووی کردووەتە تاوانی شەڕ و هێرشی کردووەتە سەر مافی ژیان و دەسەڵاتی خەڵک لە کوردستانی سووریە، دەرسی ئەخلاقی “شەڕی قانوونمەند” بۆ نەتانیاهۆ دیکتە دەکات. ئەم حکوومەتە سەرمایەدارییە کە دەستی بەسەر دەریایەک لە سەروەت و سامانی ئەم کۆمەڵگایەدا گرتووە و هۆکاری هەژاری و بێبەشی و بێمافیی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشە، لەماوەی ئەم ساڵانەدا هیچ دەرفەتێکی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل و سات و سەودا لەگەڵ ئەمریکا لەپێناو بەرژوەندی خۆی و لەدژی بەرژەوەندی خەڵکی ستەمدیدەی فەلەستین لەدەست نەداوە.
لەگەڵ تێپەڕینی زیاتر لە دوو ساڵ لە هێرشی ئەرتەشی ڕووسیە بۆسەر ئۆکراین بەرانبەر بە ڕیزەکانی ناتۆ، هێژمۆنیی ئەمریکا لە ئورووپاش بەئاشکرا کەوتووەتە ژێر پرسیارەوە. شەڕی ئیمپریالیستی لە ئۆکراین بەدوای قەیرانی پەتای کۆرۆنا بەدەر لە کاریگەرییەکانی لەسەر ژیان و گوزەرانی سەدان ملیۆن کەس لە خەڵکی جیهان، ڕەوتی پێکهاتن و سەقامگیربوونی جەمسەرە تازەکانی خێراتر کردووەتەوە. لەئێستادا لە ئەمریکای لاتین، لە ئەفریقا، لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و ئورووپا، لە هەموو شوێنێک ڕۆڵی ڕێبەری و هێژمۆنیکی ئەمریکا چووەتە ژێر پرسیارەوە. ئەم بارودۆخە کە بەرهەمی قەیرانی پێکهاتەیی نیزامی سەرمایەدارییە لە هەمووی ئەم ناوەندانەدا ڕەقابەتی ژێئۆپۆلەتیکی پەرەپێداوە. بەپێچەوانەی تەسەوری دەوڵەتی ئەمریکا و باقیی دەسەڵاتەکانی ڕۆژئاوا کە خۆیان لە ناوەندی گۆڕانکارییەکانی جیهاندا دەبینن و لەو باوەڕەدان کە وڵاتانی باشوور دەبێ خۆیان لەگەڵ سیاسەتی ستراتێژیکی ئەوان هاوئاراستە بکەن، جیهان دەمێکە بەرەو پێکهاتنی جەمسەرە نوێیەکان لە حەرەکەتدایە و وڵاتانی باشوور ئیتر خۆیان لە قامەتی کۆلۆنییەکانی جیهانی ڕۆژئاوادا نابینن. گرووپی بریکس، پەیمانی شانگهای، یەکیەتیی وڵاتانی ئەفریقا و یەکیەتیی وڵاتانی ئەمریکای باشوور و کارائیب بەشێک لەم جەمسەرە نوێیانەن کە هاتوونە ناو مەیدانی هاوکێشە جیهانییەکانەوە. لە بواری ئابوورییەوە بەڕوونی دەبیندرێ کە ئەم جەمسەرە نوێیانە سەرەڕای ئەو بەربەستە گەورانەی کە لەسەر ڕێگەیانە بەرەو ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێژمۆنیی ئەمریکا لەپێناو پێکهێنانی مێکانیزمی جێنشین حەرەکەت دەکەن. چین وەک پێشەنگی ئەندامانی گرووپی بریکس لە هەوڵی ئەوەدایە دەورونەخشێکی چارەنووسسازی لە بواری ئابووری و پەیوەندیی نێونەتەوەییدا هەبێت. ئەوەیکە ڕوونە، جیهان قۆناغێکی گوزاری پڕ لە جموجۆڵ و هەستیار تێدەپەڕێنێت. پەیوەندیی دەسەڵاتە جیهانی و ناوچەییەکان و نەزمی ژێئۆپۆلەتیکی جیهان لە گۆڕاندایە. دەسەڵاتی ئەمریکا ڕۆڵی هێژمۆنیکی خۆی لەدەستداوە. جیهان لە جەرگەی قەیرانی پێکهاتەیی نیزامی سەرمایەداری و کێشمەکێشە ناوچەیی و نێونەتەوەییەکاندا بەرەو سەقامگیریی جیهانێکی چەندجەمسەری دەڕوات. سەقامگیریی جیهانی چەندجەمسەری لەگەڵ باڵادەستیی چینی سەرمایەداری، چ تایبەتمەندییەکی دەبێت؟ وڵامی ئەم پرسیارە هێستا ڕوون نییە. ئایا بزووتنەوەی سۆسیالیستی و ئەنترناسیۆنالیستی چینی کرێکار دەتوانێت ببێتە جەمسەرێکی سیاسیی بەهێز؟ پێویستە هەوڵی بۆ بدرێت. پێکهێنانی ئەحزابی کۆمۆنیستی شۆڕشگێڕ کە بتوانن خەباتی ئێستای کرێکاران ئاوێتەی ستراتیژێ شۆڕشی کۆمەڵایەتی بکەن، لە پێشمەرجەکانی بەرەوپێشچوونی بزووتنەوەی سۆسیالیستی چینی کرێکارە لەم ئاراستەیەدا. درێژەی هەیە…
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە
www.facebook.com/Peshrawcpiran