
سێهەمین کۆبوونەوەی بەرینی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٤ کە لە ڕۆژی شەممە ١٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ بەڕێوەچوو، لە درێژەی باسە سیاسییەکاندا تیشکی خستە سەر دوایین ئاڵوڕگوڕەکانی تورکیە. لە تورکیە بەتایبەت لە ساڵی ٢٠١٨ەوە قەیرانی ئابووری توندتر بووەتەوە. بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و داڕمانی لیرە، دابەزینی وەبەرهێنانی دەرەکی، سیاسەتە جیاوازەکانی “ئاکپارتی” و ئەردۆغان، گرژیی سیاسیی ناوخۆیی و دەرەکی و هەروەها قەرزی دراوی بیانیی کەرتی تایبەت، ئەم قەیرانەی پەرەپێداوە. وە سیاسەتە دراوییەکان، وەک بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوود تا لەسەدا ٥٠ بۆ کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان، گەشەی ئابووری خاوکردووەتەوە و بووەتە هۆی داخرانی زۆرێک لە کۆمپانیاکان، بەتایبەتی لە پیشەسازییەکانی جلوبەرگ و قوماشدا و بە گشتی تورکیە ڕووبەڕووی ئاستەنگی ئابووریی جۆراوجۆر بووەتەوە. لەسەر بەستێنی ئەم ئاستەنگی و قەیرانە ئابوورییەدا، کە بووەتە هۆی پەرەسەندنی گرانی و هەژاری و بێکاری لە کۆمەڵگای تورکیەدا. ئەردۆغان بۆ درێژەدان بە حوکمڕانی و مانەوەی خۆی تیشکی خستۆتە سەر دوو بابەت. یەکیان نەهێشتنی ڕکابەرە سەرەکییەکەی، ئەکرێم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵە. ئەردۆغان دەیهەوێ بە پەراوێزخستنی سیستماتیکی پارتی کۆماریخوازی گەل بە سەرۆکایەتی ئیمامئۆغڵو و چڕکردنەوەی شەپۆلی سەرکوتکردن، ئاواتی ئیمپراتووریی ئیسلامیی یەکپارچەی ئەردۆغانی وەدی بێنێت. وە دووهەم پێشخستنی پڕۆژەی فریوکارانەی “ئاشتی” لەگەڵ “پەکەکە”یە. ئەوەش لە کاتێکدایە کە “ئۆجەلان” ڕێبەری ئەم حیزبە و “سەلاحەدین دەمیرتاش” ڕێبەری “پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان” و هەزاران ئەندامی ئەم دوو حیزبە هەروا زیندانی کراون.
سەبارەت بە پرۆژەی “ئاشتی”، لە چەند مانگ لەمەوبەرەوە لەگەڵ پێشنیاری “باغچەلی” و نێوەندگیریی “دەم پارتی”، وە دواجار بانگەوازەکەی “ئۆجەلان” بۆ دانانی چەک و هەڵوەشاندنەوەی “پەکەکە” بەبێ ئەوەی هیچ ئیمتیازێک لە حکوومەتی تورکیە وەربگرێت، بەرەوڕوو بووینەوە. ئەم هەڵوێستە تەسلیمخوازانەیەی ئۆجەلان لەناکاو و بەڕێکەوت نەبوو. بەڵکوو لەلایەکەوە ئاکامی گۆڕانی سیاسەتەکانی پەکەکە بوو کە ساڵەهایە لەلایەن ئەوەوە تێئۆریزە دەکرێت. وە لەلایەکی دیکەوە ئاکامی گۆڕانی کۆمەڵگای کوردستان لەماوەی سێ دەیەی ڕابردوویە کە لەسەر بەستێنی گەشەی سەرمایەداری لە کوردستانی تورکیە، بورژوازیی کورد بنکەیەکی کۆمەڵایەتیی متمانەپێکراوی بەدەست هێناوە و چینێکی مامناوەندی بەرین شکڵی گرتووە. پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ئەم ئاراستە کۆمەڵایەتییە نوێنەرایەتی دەکات و بەشێک لە بزووتنەوەی جەماوەری لە کوردستانی تورکیە ساڵانێکە لە ژێر هەژموونی ئەم پارتەدایە. ئەم حیزبە لە کاتی هەڵبژاردنەکانی پارلەمان، هەڵبژاردنەکانی شارەوانییەکان، ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز و هیتر خەڵک لە ئاستی جەماوەریدا دێنێتە مەیدان. پێ بە پێی پەرەسەندنی نفووزی دەم پارتی، بۆشایی نێوان پەکەکە و ڕێبەرییەکەی لە قەندیل لەگەڵ ئەم بزووتنەوە جەماوەرییە لە شارەکانی کوردستانی تورکیە کە لەژێر هەژمۆنی ئەم حیزبە ناسیۆنالیست و ڕێفۆرمیستەدایە، قووڵتر بووەتەوە و سیاسەتی ئۆجەلان لەڕاستیدا پەیوەست بوونی پەکەکە بەم ستراتێژییە سیاسییەی دەم پارتییە. ئەوەیکە ئاکامی ئەم پڕۆسەیە چی دەبێت بە فاکتۆری جۆراوجۆر لەوانە بە ئاڵوگۆڕەکانی سووریە و چارەنووسی هەسەدە و ڕۆژاوا لە پەیوەند لەگەڵ حکوومەتی ئەحمەد شەرع و بە بارودۆخی ناوخۆیی تورکیەوە گرێ دراوە.
پێشهاتەکانی ئەم دواییەی کوردستانی تورکیە جارێکی دیکە دەریانخست کە هێزە ناسیۆنالیستەکان ڕێگاچارەیەکیان بۆ چارەسەرکردنی پرسی نەتەوەیی نییە و بە ئەزموون نیشانیان داوە کە ئیدیعای ئەوان لەم بوارەدا تەنیا بۆ بەشداریکردنیان لە پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسیدایە. لە کوردستانی تورکیەش تەنیا بە هێنانە مەیدانی سۆسیالیستیی چینی کرێکار و بە وڵامدانەوە بە داخوازییە دیموکراتیکەکان لەوانە لابردنی ستەمی نەتەوایەتی لە ڕوانگەی بەرژەندی کرێکارانەوە دەکرێت سیاسەتی فاشیستیی ئاکپارتی و حیزبی بزووتنەوەی ناسیۆنالیست و هەروەها ستراتێژی ڕێفۆرمیستیی دەم پارتی بخرێتە ژێر پرسیارەوە.
سێهەمین کۆبوونەوەی بەرینی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب لە درێژەدا دوایین ڕووداوەکانی سووریەی تاوتوێ کرد. لەگەڵ ڕووخانی حکوومەتی بەشار ئەسەد، دەسەڵاتی دیکتاتۆری ٥٣ ساڵەی بنەماڵەی ئەسەد کۆتایی هات و تاقمی ئیسلامی “هەیئەتی تەحریری شام” بەبێ موقاومەتی سوپای سووریە هاتە سەر دەسەڵات. لەگەڵ ڕووخانی بەشار ئەسەد، یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی “میحوەری موقاومەت “ی ڕژێمی کۆماری ئیسلامیش داڕما. بەڵام بەداخەوە ڕووخانی ئەم دیکتاتۆرە دەرئەنجامی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی نەبوو، بەڵکوو بە پێی پلان و بەرنامەیەکی پێشوەختە داڕێژراوی ئەمریکا و ڕژیمی فاشیستی تورکیە و بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی ئیسرائیل بوو. ئەحمەد شەرع، سەرۆکی هەیئەتی تەحریری شام، لە کۆبوونەوەی سەرەتاییدا بۆ پێکهێنانی دەوڵەت ١٥ گرووپی بانگهێشت کرد. بەڵام هێزەکانی سووریەی دیموکرات (هەسەدە)ی بانگ نەکرد. تا سەرەنجام لە کۆنفڕانسی وڵاتانی ناوچەکەدا قەناعەتیان پێ هێنا کە بە بێ بەشداریی هێزە کوردەکانی سووریە حکوومەتی سنووری سەقامگیر ناکرێت. لەم ڕووەوە ڕێککەوتنامەیەکی ٨ مادەیی لەگەڵ “مەزلووم عەبدی” واژۆ کرد کە بێجگەلە یەک مادەی، هەموو ئەوانی دیکەی بە قازانجی حکوومەتی ناوەند بوو. کەمتر لە دوو ڕۆژ دوای ئەم ڕێککەوتنە، حکوومەتی ناوەند جاڕنامەی “دەستووری کاتی”ی دەرکرد، کە تێیدا هەمان بڕگەی ناڕوونی ڕێککەوتننامەی ٨ مادەییش پێشێل کرابوو. لەوەش واوەتر، ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری کاتی سووریە، ڕۆژی ٩ی مانگی خاکەلێوە لە دیمەشق، ئەندامانی “دەوڵەتی ئینتقالی” نوێ لە وڵاتەکەی ناساند، بەڵام وەک چاوەڕوان دەکرا، سەرجەم پۆستە سەرەکییەکانی حکوومەت لەلایەن کەسانی نزیک بە ئەحمەد شەرع و تەحریری شامەوە قۆرخ کران.
هەڵوێستی ڕێبەریی “هەسەدە” و هیوا و خۆشباوەڕییەکانی بە دەسەڵاتە ئیمپریالیستەکان نیشانی دا کە بەداخەوە ڕێبەریی “ڕۆژاوا”ش بە کەمێک جیاوازییەوە بەهۆی پێگەی لەناو خەڵکدا، بەسەر هەمان ڕێگادا دەڕۆن کە ڕێبەری پەکەکە و ئۆجەلان لە کوردستانی تورکیە گرتوویانەتەبەر. ئەم ڕەوتە بۆ “ڕۆژاوا” کە کارنامەیەکی درەوشاوەی لە خەبات دژبە داعش، جێخستنی سوننەتی پێشکەوتووی خۆبەڕێوەبەری، ڕۆڵی بەرچاوی ژنان و بەڕەسمی ناسینی مافی کەمینەکان هەیە، دەتوانێ ببێتە هۆی لاوازبوونی بەرژەوەندی جەماوەری ستەملێکراو لە کوردستانی سووریە.
بێگومان حکوومەتی ئیسلامیی تەحریری شام ناتوانێ وڵامدەرەوەی داخوازیی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێشی سووریە بێت و لەگەڵ خۆڕاگریی و ئیعتڕازاتی کرێکاران و خەڵکی بێبەشی سووریە بەرەوڕوو دەبێتەوە. خەڵکی کوردستانی سووریە ناچار نین لە بەرامبەر حکوومەتی کۆنەپەرستی ئیسلامیی دیمەشق و میلیتاریزیم و فشارەکانی دەوڵەتی تورکیەدا بە بەڵێنی پشیتیوانیی فاشیستەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل یان بە هاوپەیمانیی ئەمریکا ئومێد ببەستن. خەڵکی کوردستان دەتوانن بە پشت بەستن بە دەستکەوتە بەنرخەکانی هەتا ئێستایان، بە پشت بەستن بە هێزی چەکداری جەماوەری، بە بەشداریی چالاکی خۆیان لە گۆڕەپانی سیاسیی کۆمەڵگا و بە بەرزکردنەوەی ئاڵای داخوازیی ئازادیخوازانە و بەرابەری تەڵەبانە، ببنە بنکەی ئازادیخوازی لە سەرتاسەری سووریە و پشتیوانی و هاوپشتیی بیروڕای گشتیی پێشڕەو لە سەرتاسەری سووریە و ناوچەکە و جیهان بەرەو خۆیان ڕاکێشن.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە
www.facebook.com/Peshrawcpiran