فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاپۆرتی پلۆنۆمی ١١ی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران – بەشی پێنجەم، باروودۆخی سیاسیی ئێران
پێنجشەممە ۲۲-۰۷-۱۴۰۰   |  14-10-2021

لە باسەکانی کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٢ کە لە ڕۆژی شەممە ٢٧ی مانگی خەرمانان بەرابەر لەگەڵ ١٨ی سێپتامبر بەڕێوەچوو، بەشی سەرەکی باسە سیاسیەکانی پلۆنۆم بە لێکدانەوەی باروودۆخی سیاسیی ئێران تەرخان کرا.

لە لێکدانەوەی باروودۆخی سیاسیی ئێراندا، سێ تایبەتمەندیی سەرەکی بەدی دەکرێن کە هەبوونی وێنەیەکی واقع بینانە لە هەر کام لەم تایبەتمەندیانە و لەبەرچاوگرتنیان، تا ئاستێکی زۆر ئەرک و ئەولەویەتەکانی چالاکیی کۆمۆنیستەکان لەم قۆناغەدا ڕوون دەکەنەوە.

یەکێک لەم تایبەتمەندیانە، پەرەسەندنی هەژاری و فەلاکەتی ئابووریی بێوێنە و نائەمنیی گیانی ئینسانەکان لە ئێرانە، کە گەیشتووەتە ئاستێکی تاقەت پڕووکێن و درێژەدان بەم باروودۆخەی مەحاڵ کردووە. مەودای حەقدەستی چوار ملیۆن تمەنی لەگەڵ هێڵی هەژاری و هەزینەی ١٢ ملیۆن تمەنی دابینکردنی سەبەدی بژێوی بنەماڵەیەک، بە ئاشکراترین شێوە پانتایی ئەم هەژاری و فەلاکەتە ئابوورییە نیشان دەدات. لە لایەکی دیکەوە بە پێی ئیعترافی “وەزارەتی کار و ڕەفاهی ئیجتماعی”ی ڕژیم لە ماوەی ٩ ساڵی ڕابردوودا هێڵی هەژاری دە بەرابەر زیادی کردووە و بە وتەی سەرۆکی ژووری بازرگانیی کە دوایین ڕاپۆرتی بانکی جیهانیش تەئیدی دەکات، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا بەرهەمهێنانی ناوخۆیی ئێران کە یەکێک لە نیشانەکانی ئاستی خۆشبژێویی کۆمەڵگایە، ٥٧ لەسەد هاتووەتە خوارێ. هاوکات زیادبوونی ڕێژەی بێکاری بووەتە کارەسات. ئەم بێکارییە لە بەرزی و نزمی کردنی کاتیی بازاڕی کارەوە سەرچاوە ناگرێت، بەڵکوو ڕیشەکەی لە قەیرانی پێکهاتەیی سەرمایەداریی ئێران و دامرکانی بەرهەمهێنانەوەی بەرینی سەرمایە دایە. بەم باروودۆخە فەلاکەتبارە پێویستە دواهاتی کارەساتباری گشتگیریی ڤایرۆسی کۆرۆنا و سیاسەتی دژەمرۆیی و بێتوانایی ڕژیم بەرامبەر بەم نەخۆشیە، وەزعییەتی مەرگباری جادەکان، تەڵەفاتی نائەمن بوونی شوێنی کار و دیاردەی کۆڵبەر و سووختبەر و پەرەسەندنی ئازارە کۆمەڵایەتییەکان ئیزافە بکرێت تا مەحاڵ بوونی درێژەدانی ئەم باروودۆخە دەرکەوێت.

دووهەمین تایبەتمەندی، پێگەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییە. ئەم ڕژیمە وەک هێمای دەسەڵاتی چینی سەرمایەداری ئێران ناتوانێ وەک ڕابردوو درێژە بە دەسەڵاتی بدات. ئەم بێتواناییە کە ڕیشەی لە پێکهاتەی سیاسی و ئیدێئۆلۆژیک، یاسایی و ئیداریی حکوومەتی ئیسلامی دایە، پێویستە بەشێوازی گشتگیری خۆی ڕەچاو بکرێت. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی وەک دەسەڵاتێکی سەمایەداری ناتوانێ قەیرانی سەرمایەداریی ئێران کۆنتڕۆڵ بکات، بەڵکوو خۆی هۆکاری سەرەکی پەرەسەندن و قووڵ بوونەوەی ئەم قەیرانەیە. ئەم قەیرانە پێکهاتەییە بەمجۆرە خۆی نیشان داوە: بێتوانایی سەرمایەداریی ئێران لە بەرهەمهێنانەوەی بەرین و ڕکوودی بەرهەمهێنانی سەنعەتی، ئاستی لەسەرێی چوونەدەرەوەی سەرمایە و زۆر بوونی نەختینە، قەیرانی بەدیهێنانی بەها لە ئاکامی هاتنەخوارەوەی کارەساتباری توانای کڕینی کرێکاران و زۆربەی خەڵکی ئێران، ڕکوودی سەرمایەگوزاری لە بواری بەرهەمهێنانی کەشاوەرزی و خۆراک بەهۆی سیاسەتی وێرانکەری ژینگەیی و نابوودیی بانک و دامەزراوە ماڵییەکان. لە لایەکی دیکەوە سیاسەتە ناوچەییەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و دەخاڵەتگەریی لە ناوەندە قەیراناوییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەرزەفڕیە ئەتۆمیەکانی بەئامانجی وەدەستهێنانی پێگەی باشتر لە نوێ بوونەوەی ئارایشی ئیمپریالیستی ناوچەکە، هەم وەک بنەمای ستراتێژی “هێرشی بەرگرانە” و هەم وەک ڕێگایەک بۆ چوونەدەرەوە لە بنبەستی ئابووری لەگەڵ شکست بەرەوڕوو بووەتەوە و توندبوونەوەی گەمارۆ ئابوورییەکانی لێکەوتووەتەوە. بەهۆی بنبەستی ئەم ستراتێژیە، ئاسۆی چوونەدەرەوە لە قەیرانی ئابووری بۆ کۆماری ئیسلامی لێڵتر لە هەموو کاتێکە. دواهاتی ئەم قەیرانە ئابووریە و هەروەها بێبەشیی سیاسی و کۆمەڵایەتی، بووەتە بەستێنی گەشەی خەباتی کرێکاری و بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی. بەجۆرێک کە ڕۆژ نییە شایەدی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاران و بێبەشانی کۆمەڵگا نەبین. لە باروودۆخێکدا کە دەزگای ڕووحانیەت و ئیدێئۆلۆژیکی ڕژیمیش لە مەشرووعیەت بەخشین بەم وەزعیەتە بە بنبەست گەیشتووە، وڵامی ڕژیم بە ڕەوتی ڕوو لە گەشەی ئەم ناڕەزایەتیانە، تەنیا سەرکوتی بەرین بووە. ئەم بەربەستانەی ڕژیم و دەستنیشانکردنی ئیبراهیم ڕەئیسی وەک سەرۆک کۆمار و هەوڵەکانی ڕژیم بۆ یەکدەست کردنی سێ دەزگای دسەڵات و نوێ کردنەوەی کۆنتڕۆڵ بەسەر پێکهاتەی دسەڵاتی دەوڵەت، بەشێوەی ئاشکرا نیشانەی ئەم واقعیەتەیە کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ناتوانێ وەک ڕابردوو درێژە بە دەسەڵاتی بدات. ڕژیمی ئیسلامی بۆ مانەوەی خۆی لە ناوخۆی ئێران ستراتێژی سەرکوتی بەرینتری گرتووەتە بەر و لە دەرەوەی سنوورەکانیش بۆ قەرەبوو کردنەوەی شکست و ناکامیەکانی ڕووی کردووەتە نیزامیگەری.

سێهەمین تایبەتمەنی لە لێکدانەوەی باروودۆخی سیاسی ئێران، ئەم واقعیەتەیە کە کرێکاران و زۆربەی خەڵکی ئێرانیش نایانهەوێ وەک ڕابردوو درێژە بە ژیانیان بدەن، نایانهەوێ وەک ڕابردوو تاڵان بکرێن. دەستپێکی مانگرتنی سەرانسەریی کرێکارانی سەنعەتی نەوت و گاز و پێترۆشیمی، درووست یەک ڕۆژ پاش کۆتایی شانۆی هەڵبژاردنی ڕژیم، دەستپێکردنەوەی مانگرتنی کرێکارانی حەوت تەپە و ئاخێزی ئاو لە خووزستان و ئەو ناڕەزایەتیانەی کە بۆ پشتیوانی بەڕێوەچوو، نیشانەی ئەوەیە کە کرێکاران و خەڵکی ئێرانیش بە ستراتێژی سەرکوتی بەرینتری ڕژیم چاوترسێن نابن. ئەگەر لە ساڵی ٩٩دا نزیکەی دوو هەزار مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاری بەڕێوەچووە، ئەم ڕەوتە لە نیوەی یەکەمی ساڵی ١٤٠٠یشدا درێژەی بووە. مانگرتنی کرێکارانی نەوت بەدەر لە گرینگیی سیاسی سەردەمی بەڕێوەچوونی و بەدەر لە سەرانسەری بوون و خواستە ڕەواکانیان، بۆ جارێکی دیکە وتاری چینایەتیی لە ناو کۆمەڵگادا خستە بەرچاو و ڕۆڵی چینی کرێکاری لە گۆڕانکارییەکانی داهاتوودا بەرجەستە نیشان دا و ئەفسانەوێژی سەبارەت بە چینی مامناوەندی وەلانا و ڕێگاچارەی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازیی بۆ دەست بە دەست کردنی دەسەڵات لە سەرووی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێشەوە بێ ئیعتبار کرد. هەموو ئەم گۆڕانکاریانە نیشانی دەدەن کە چەپ و کۆمۆنیست خاوەن چ هێزێکی بەرینە لە کۆمەڵگادا.