فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاپۆرتی پلۆنۆمی یازدەهەمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران – بەشی چوارەم
چوارشەممە ۲۱-۰۷-۱۴۰۰   |  13-10-2021

لە باس و لێکدانەوەکانی کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، هەڵبژێردراوی کۆنگرەی دوازدە کە لە ڕۆژی شەممە ٢٧ی  مانگی خەرمانان بەرابەر لەگەڵ ١٨ی سێپتامبر بەڕێوەچوو، یەکێک لە میحوەری باسەکان بە هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی دژبە هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی نیشتەجێ لە کوردستانی عێراق تەرخان کرا.

گۆڕانکارییەکانی یەک مانگ و نیوی ڕابردوو و بەتایبەت پاش چوونەدەرەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان، پێمان دەڵێ کە لە دەوڵەتی عێراقەوە بگرە تا حکوومەتی هەرێمی کوردستان و گشت هێزە کاریگەرەکان لەسەر باروودۆخی عێراق و زیاتر لە هەمووان ڕژیمی ئیسلامی، خۆیان بۆ سێناریۆی پاش چوونەدەرەوەی ئەمریکا ئامادە دەکەن. ئەمریکا لە ڕێکەوتنی ڕەسمیی خۆی لەگەڵ عێراق قەرارە تا کۆتایی ساڵی زایینی هێزە نیزامییەکانی خۆی لە عێراق بەرێتە دەرێ. ئەم پڕۆسەیە بە چوونەدەرەوەی هێزە نیزامییەکانی ئەمریکا لە پایەگای عەینولئەسەدی هەولێر دەستیپێکردووە. هەربۆیە هێرش و هەڕەشەکانی ئەم دوایانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دژبە هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی جێگیر لە کوردستانی عێراق و نیزامیگەری لە دەرەوەی سنوورەکان، نەتەنیا پێویستە وەکوو بەشێکی جیانەکراوە لە ستراتێژی پەرەپێدانی سەرکوت لە ناوخۆی ئێران لەقەڵەم بدرێت بەڵکوو دەبێ لە جەرگەی باروودۆخی تازەشدا هەڵسەنگێدرێت. کۆماری ئیسلامی بە دەستدرێژی بۆسەر خاکی کوردستانی عێراق و چالاک کردنی کەیسی پێوەندیدار بە هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان بەنیازە لە ڕەقابەت لەگەڵ دەوڵەتانی عەرەبی ناوچەکە لەوانە قەتەر و ئۆردۆن و عەرەبستان و هەروەها بەرامبەر بە دەخاڵەتگەرییەکانی تورکییە، پێگەی خۆی لە عێراقی پاش چوونەدەرەوەی ئەمریکا بەهێز بکات.

ڕژیمی ئیسلامی لە حاڵێکدا کە دەوڵەتی تورکییه بە بیانووی حزووری هێزەکانی پەکەکە بەشێک لە کورستانی عێراقی داگیر کردووە و فڕۆکە شەڕکەرەکانی قووڵایی ٣٠٠ کیلۆمیتریی خاکی کوردستانی عێراق بۆمباران دەکەن، دەیهەوێ نیشانی بدات کە ئەویش بە بیانووی حزووری هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان دەتوانێ بەشێک لە خاکی کوردستان داگیر بکات. ڕژیم بەتەمایە نیشانی بدات کە لە عێراقی پاش چوونەدەرەوەی ئەمریکا حزووری هێزە چەکدارە ئۆپۆزیسیۆنەکان لە خاکی کوردستانی عێراق تەحەمول ناکات. کۆماری ئیسلامی بۆ گەیشتن بەم ئامانجانەی نەتەنیا هەوڵ دەدات کە لە ئامرازی گوشاری ئابووری، نیزامی و دیپلۆماتیکی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق دژبە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کەڵک وەربگرێت، بەڵکوو ڕاستەوخۆش گوشار دەخاتە سەر حیزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستانی عێراق. ڕژیمی کۆماری ئیسلامیش هەروەک دەوڵەتی تورکییه لە ڕوانگەیەکی شۆوێنیستیەوە، ئەزموونی حکوومەتی هەرێمی کورستان سەرەڕای هەموو ناکامیەکان و نامۆ بوونی لەگەڵ بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان، بە زیانی بەرژەوەندییەکانی خۆی دەزانێت و لاواز و بێ ئیتعبار کردنی ئەوانی کردووەتەوە ئامانج. ڕژیمی ئیسلامی دەیهەوێ نیشانی بدات کە پاش چوونەدەرەوەی سەرشۆڕانەی ئەمریکا لە ئەفغانستان، دەوڵەتی عێراق ناتوانێ لەژێر گوشارەکانی ئەمریکادا دەیان ملیارد دۆلار پارەی ئەم ڕژیمە، لە بانکەکانیدا هەروا بلۆکە بکات.

کۆماری ئیسلامی بە داسەپاندنی ئەم گوشارانە لەسەر بەستێنی ئەم باروودۆخە، بەنیازە تەسلیم خوازی لەناو بەشێک لە هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی کوردی ئێرانیدا پەرەپێبدات. لەخۆڕا نییە کە هاوکات لەگەڵ هێرش و هەڕەشەکانی ڕژیمی ئیسلامی، “بەرەی یەکگرتووی کورد” کە لە ڕابردوودا وەک باسکی ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی لە کوردستان چالاکیان کردووە و هەروەها بەشێک لە هەڵسووڕاوانی سەر بە میللی مەزهەبییەکان، لە شارەکانی کوردستان تەپڵی دانوستانی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان لەگەڵ ڕژیم دەکوتن.

بە دانوستان لەسەرەوە و بە باج دان بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ناکرێ بەرەنگاری ئەم هاوسەنگی و دۆخە تازەیە بینەوە. ئەگەر ئەم گۆڕانکارییانە لەسەرەوە لەئارا دان و هێرشی ڕژیم و هەڕەشە بەردەوامەکانی تەکمیلی دەکات، تەنیا پێویستە بە گوشار لە خوارەوە بەرپەرچ بدرێنەوە.

لە وەها باروودۆخێکدا خراپترین کار لێدانی تەپڵی دانوستان لەگەڵ ڕژیمی کۆماری ئیسلامییە. کە بەداخەوە ناوەرۆکی وتەی هێندێک لە ڕێبەرانی حیزبە ناسیۆنالیستەکان دەرخەری ڕازی بوونیانە. لە باروودۆخێکدا کە ڕژیم لەئاستی سەراسەریدا لەژێر گوشاری مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاری و جەماوەری دایە و خەبات بۆ ڕووخاندنی ئەم دەسەڵاتە چووەتە قۆناغێکی نوێوە، کوتانی تەپڵی دانوستان لەگەڵ ڕژیم، بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان لە هاوپەیمانانی خۆی لە ئاستی سەراسەریدا دوور دەخاتەوە و گۆشەگیری دەکات. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە لەماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا گەلێک جار سەلمێندراوە کە ڕژیم لە ئامرازی دانوستان و وتووێژ تەنیا بۆ زەربە لێدان لە ڕێبەریی حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکان، پەرەپێدانی حاڵەتی چاوەڕوانی لەناو خەڵکی کورستان، کەڵکی وەرگرتووە.

بەڵام پێویستە چ بکرێت؟ یەکێک لە هەوڵە خێراکان ئەوەیە کە بەر لە هەموو شتێک، بەلەبەرچاوگرتنی کارنامەی جەنایەتباری ڕژیمی ئیسلامی، هەڕەشەکانی بەجیددی وەربگیرێت و لە ئۆردووگاکاندا ئامادەکاری پێویست ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەیکە هێرش و بۆمبارانە ئیحتمالییەکانی ڕژیم، کەمترین تەڵەفاتی لێبکەوێتەوە.

پێویستە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی کوردستانی ئێران لە هاوکاری و هاوئاهەنگی لەگەڵ حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی کوردستانی تورکییه، هاوپشتی خەڵکی کوردستانی عێراق و هێزە چەپ و پێشکەوتنخوارەکان لە بزووتنەوی مافخوازانەی خەڵکی کوردستانی ئێران و کوردستانی تورکییه بەرەو خۆیان ڕابکێشن و هەوڵ بدرێت کە نەفرەت و ناڕەزایەتی خەڵکی کوردستانی عێراق دژبە دەخاڵەتگەریی کۆماری ئیسلامی و دەوڵەتی تورکییه ببێتە حەرەکەتێکی ماددی. بەجۆرێک کە بە حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان نیشان بدەین کە ئێمە ئەو هێزە نین کە بە ئاسانی لەسەر چارەنووسمان موعامەلە بکەن. ئەم ناڕەزایەتییانە پێویستە لە دەرەوەی وڵات درێژەی بێت و هەزینەی دەخاڵەتگەریی نیزامیی کۆماری ئیسلامی بچێتە سەرێ. هێزە سیاسیە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئێران لە دەرەوەی وڵات و بەتایبەت هێز ە چەپ و کۆمۆنیستەکان نابێ نیسبەت بەم ئاڵوگۆڕانە لە ناوچەکە و دەخاڵەتگەریی نیزامیی کۆماری ئیسلامی کەمتەرخەم بن.

پێویستە متمانە بە خەڵکی کوردستان بدەین کە ڕژیم بەم هەڕەشە و هێرشانە و بە داسەپاندنی بەربەستی ئیحتمالیی زیاتر بەسەر هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی کوردستان ناتوانێ بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان شکست بدات. ئەم بزووتنەوەیە ڕیشەی لە واقعییاتی ئەم کۆمەڵگایە و ڕیشەی لە دواهاتی پتر لە چوار دەیە داسەپاندنی سیاسەتی شۆوێنیستیی ڕژیم دژبە خەڵکی کوردستان دایە. ئەزموونی ئاخێزی مانگی خەزەڵوەر نیشانی دا کە بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان تا چ ڕادەیەک خۆی بە هاوچارەنووسی خەباتی کرێکاری و جەماوەری ئاخێزی هەژارانی شار لە سەرتاسەری ئێران دەزانێت. پێویستە بۆ جارێکی دیکە نیشان بدرێت کە مەیدانی خۆدەرخستنی ڕەوتی سۆسیالیستی و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان تەنیا ئۆردووگا و چالاکیی چەکدارانە نییە. بەڵکوو حزووری جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و تینووی ئازادی لە گۆڕەپانی سیاسی کۆمەڵگا، گرینگترین مەیدانی خۆنیشاندانی ئەم بزووتنەوەیە بەئەژمار دێت و هەر لەوێشە کە دەتوانێ کۆماری ئیسلامی بەچۆک دابێنێت.