فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاپۆرتی کۆبوونەوەی نوێنەرانی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان
چوارشەممە ۱۶-۰۹-۱۴۰۱   |  07-12-2022

کۆبوونەوەی حزووریی نوێنەرانی “شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان” لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە ٥ و ٦ی مانگی سەرماوەز بەرابەر لەگەڵ ٢٦ و ٢٧ نوامبری ٢٠٢٢ لە شاری کۆڵنی ئاڵمان بەڕێوەچوو. کۆبوونەوەکە بە سروودی ئەنترناسیۆناڵ و دەقیقەیەک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادی گیان بەختکردووانی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ئەم دوایانە و دوو هاوڕێی چالاکی شۆرای هاوکاری “سەعید سوهرابی” و “مەسعوود دەقیقی ئەسڵ” کە لە ماوەی دوو کۆبوونوەی شۆرادا گیانیان بەخت کردووە دەستی بەکار کرد و پاشان بەپێی ئەو دەستووری جەلەسانەی کە پێشتر تەوافوقیان لەسەر کرابوو باسەکان دەستی پێکرد.

یەکەمین دەستووری ئەم کۆبوونەوەیە هەڵسەنگاندنی چالاکییەکان بەتایبەت لەماوەی ئاخێزی شۆرشگێڕانەی ئەم داویانەدا بوو. پڕسیار ئەوە بوو کە “شۆرای هاوکاری” لە بارودۆخی ئێستادا لە کوێ ڕاوەستاوە؟ کەموکوڕی و دەرفەتەکان بەشێوەی دیاریکراو کامانەن؟

لە وڵام بەم پرسیارانە هەموو لایەنەکانی “شۆرای هاوکاری” لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە چالاکییەکانی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان بەگشتی و هاوکاریی شەش هێزی شۆرا، ئەگەرچی پەرەی سەندووە و چالاکیی موسبەتی وەک وەڕێخستنی کەناڵی هاوبەشی تەلەڤیزیۆنی، حزووری بەرچاوتر لەبواری تەبلیغاتی و گەلێک کاری هاوبەشی تر ئەنجام دراوە بەڵام بەگشتی ئەم هاوکارییانە لە نەبزی بزووتنەوە و ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ئەم دوایانە لەدوایە و هێستا شۆرا نەیتوانیوە لە هەموو تواناکانی خۆی بەهرە وەربگرێت و نەیتوانیوە لەو جەمعەی ئێستا کە لە پێداویستییەکانی پێشڕەویی بەرەی چەپی کۆمەڵگەیە، زیاتر گەشە بکات. ئەم کەم و کاستیە هەم لە ڕووی چەندایەتی و هەم لەڕووی چۆنایەتییەوە لە بارودۆخێکدا کە زیاتر لە حەفتا ڕۆژ بەسەر ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ئێراندا تێدەپەڕێت و لە هەلومەرجێکدا کە زۆرێک لە ناڕەزایەتییەکانی کۆمەڵگە مۆری چەپ و ڕادیکاڵیان پێوەدیارە، زەعفێکی حاشاهەڵنگرە. هەروەها لە بارودۆخێکدا کە ڕەوتە ڕاستەکان لە دەرەوەی وڵات خەریکی بەدیلسازین و بەنیازی ڕاگرتنی شۆڕشن، ئەرکی “شۆرای هاوکاریی” وەک بەشێک لە هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کۆمەڵگە، لە هەموو کاتێک زیاترە.

بابەتی پەرەپێدانی چالاکیی مەیدانی و عەمەلی، لە پێوەند لەگەڵ پشتیوانی لە شۆرا و ناوەند و کۆمیتەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات، درایە بەر باس و لێکۆڵینەوە و بۆ هەر کام لەم دوو بەشە “شۆرای هاوکاری” سیاسەتی خۆی لە دوو بەڵگەدا پەسەند کرد.

جەمعبەندیی ئەم توافوقە لەسەر ئەو مەسەلەیە بوو کە پێویستە بەجیددی فورسەتەکان زیاتر گرینگیان پێ بدرێت و بۆ پەرەپێدانیان هەوڵ بدرێت و کەموکوڕییەکان لە حەدی ئیمکانات و توانادا چارەسەر بکرێن. هەڵبەت ئەم بابەتەش بێجگەلە پەرەپێدانی چالاکیی مەیدانی، بەکارهێنانی هێز و ئیمکانات و ئەولەوییەتدانی زیاتر بە چالاکی و هاوکاریی جەمعی و بەرقەرارکرنی دیالۆگی هاوڕێیانە بۆ هاوکاریی هاوبەش و زیاتر لەگەڵ باقیی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان، شۆراکان، ناوەند و کەسانی سەربەخۆ مومکین نییە.


هەر لەم پێوەندەدا بڕیار درا کە لە یەکەم هەنگاودا، ژمارەیەک لە هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان کە لەگەڵ چوارچێوەی بەیاننامەی ستۆکهۆڵم موافقن، دەعوەت بە هاوکاری بکرێن. لە درێژەدا لەڕێگەی دیالۆگی هاوڕێیانە بە کەڵک وەرگرتن لە مێکانیسمی سێمیناری گشتیی عەلەنی و کۆبوونەوەی تەلەڤیزیۆنی، نزیکی و هاوکاری لەگەڵ باقیی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان ئیدامەی پێ بدرێت. لەپێوەند لەگەڵ ناوەند و مەحافل و چالاکانی چەپ و کۆمۆنیست، بێجگەلە کەڵک وەرگرتن لەم شێوازەی کە لەسەرەوە ئاماژەی پێدرا، تەئکید کرا کە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەوان ڕێکاری کردەوەیی و تەگبیری هاوبەش ئەنجام بدرێت.

لە درێژەدا، بێجگەلە تەوافوق لەسەر قەرارەکان بۆ دیفاع و پشتیوانی لە ڕێکخراوە مەحەلییەکانی ناوەوە و دەرەوەی وڵات، تەقویەتی هێندێک بوار بۆ پەرەپێدان و دەخاڵەتگەریی زیاتر، دووهەمین دەستووری کۆبوونەوەکە بوو کە لە چەند بەشی جیادا بەڕێوەچوو و سەبارەت بە هەرکامیان بڕیارگەلێک دەرکران کە بە جیا ئاماژەیان پێ دەکرێت:

– تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان: ئەگەرچی شۆرای هاوکاری چالاکیی دیاریکراوی لە هێندێک پلاتفۆڕمی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەوانە “ئینستاگرام”، “تێلێگرام”، فەیسبوک” و “کڵاب هاوس” هەیە، بەڵام هێستا کار لەم بەشە گرینگە واتە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕەزایەت بەخش نییە. بڕیار درا کە بۆ ئەم بوارە هێزی زیاتر تەرخان بکرێت و هەواڵ و ڕاپۆرتی نەتەنیا شۆرای هاوکاری، بەڵکوو کار و چالاکیی ئەو ناوەند و ڕێکخراو و کەسانە کە لەگەڵ ئامانجی “شۆرا” هاوئاراستەن پۆشش بدرێت و ئەم بوارە لە کار چالاکتر بکرێت.

– تەلەڤیزیۆنی ئاڵتێرنایتڤی شۆرایی: چوار لایەن لە شەش لایەنی “شۆرای هاوکاری” کەناڵێکی ٢٤ سەعاتەیان لە ئیختیار دایە. ئەم کەناڵە ئەگەرچی تریبوونی هێزەکانی “شۆرای هاوکاری”یە بەڵام هێستا ئەمە بەمانای تەلەڤیزیۆنێکی هاوبەشی هەموو هێزەکانی شۆرا نییە. لەم کۆبوونەوەیەدا بۆ جارێکی دیکە پڕۆژەی بەرنامەی هاوبەشی تەلەڤیزیۆنی، لەژێرناوی “ئاڵتێرناتیڤی شۆرایی” تاوتوێ و پەسندکرا و کۆمیسۆنێک بۆ بەشداریی نوێنەرێک لە هەر کام لە لایەنەکان بۆ تەداروک و بەرێوەچوونی ئەم پڕۆژەیە دیاری کرا.

دوایین دەستووری کۆبوونەوەکە هەڵسەنگاندن و بەڕۆژ کردنەوەی پێکهاتە و ئایین نامەی ناوخۆیی هاوکاریی ئەم هێزانە بوو لە ڕاستای خێرایی بەخشین بە کار و بڕیارەکان، هەماهەنگیی ناوخۆیی و هێتر. ئەم گۆڕانکارییانە بەسەرنجدان بە شناخت و ئاشنایی زیاتری لایەنەکان لە یەکتر و بەپێی متمانەیەک کە بەرهەمی چەند ساڵ کاری هاوبەش بوو ئەنجام درا.

***

هەڵسەنگاندنی بەشداربووان لەم کۆبوونەوەیە کە بەربەستەکانی کۆرۆنا بۆ ماوەیەک وەدوای خستبوو، موسبەت بوو. ڕێکارە پێشنیارکراوەکان نیشانەی هەستی بەرپرسایەتی و هەوڵی کاریگەرتر بوو بۆ وڵامدانەوە بەو ئەرکانەی کە لەم بارودۆخە گرینگەدا وەئەستۆمانە.

بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی!

بژی ئازادی! بژی سۆسیالیزم!

شۆرایی هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان

١١ی سەرماوەزی ١٤٠١ – ٢ی دێسامبری ٢٠٢٢

واژۆکان: ئیتحادی فەداییانی کۆمۆنیست، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری – حێکمەتیست، سازمانی راهی کاریگەر، سازمانی فەداییان(ئەقەلییەت) و هەستەی ئەقەلییەت