فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاپۆرتێکی ئاماری لەسەر بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاری لە ئێران
پێنجشەممە ۰۸-۰۸-۱۴۰۴   |  30-10-2025

لەکاتێکدا کە هەزینەی بژێوی بنەماڵەیەکی تارانی گەیشتووەتە زیاتر لە ٤٠ میلیون تمەن، دیاری کردنی داهاتی ٣٠ میلیون تمەن وەک پێوەرێک بۆ سڕینەوەی یارانە، نیشانەی نەگونجاوی بڕیارە ئابوورییەکانی حکوومەتە لەگەڵ ڕاستی ژیان و گوزەرانی خەڵکدا.
ڕۆژی چوارشەممە ٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، ئاژانسی هەواڵی “تەسنیم” لە ڕاپۆرتێکدا، نووسیویەتی “لێدوانەکانی ئەم دواییەی ئەحمەد مەیدەری، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، دەربارەی ئەوەی “هەر خێزانێک لە تاران خاوەنی خانووی خۆی بێت و کۆی داهاتی مانگانەی 30 میلیون تومەن بێت، بە بەشێک لە چینی سەرەوەی کۆمەڵگە هەژمار دەکرێت” کاردانەوەی بەرفراوانی لەنێو ڕای گشتی و شارەزایانی ئابووریی کۆمەڵایەتیدا لێ کەوتووەتەوە.  وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، جەختی لەوە کردووەتەوە “سڕینەوەی یارانەی ئەم کەسانە، لەسەر بنەمای ژمێریاریی ورد کراوە.” بەڵام پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە: ئایا پێوەرێکی لەم شێوەیە بەڕاستی ڕەنگدانەوەی واقیعی ئابووریی ئێرانە؟ ئایا داهاتی 30 میلیون تمەن مانگانە، لەم بارودۆخەی ئێستای هەڵاوساندا، دەتوانێت وەک سنووری خۆشگوزەرانی هەژمار بکرێت یان تەنها ئاستی گوزەرانی “مەمرەومەژی”ی هاووڵاتیان نیشان دەدات؟
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی ناوەندی ئاماری ئێران، لە مانگەکانی ڕابردوودا هەڵاوسان لە کەرتی خۆراکدا گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی. بۆ نموونە، بەپێی وتەی سەرۆکی ناوەندی ئامار، لە کەرتی دانەوێڵەدا هەڵاوسان ٩٤ و ٣دەهۆمی لەسەد و لە کەرتی میوە و وشکەباردا ٧٧ و ٣ دەهۆمی لەسەد بووە. ئەم ڕێژانە، بە شێوەیەکی بەرچاو تێچووی خۆراکی خێزانەکانی زیاد کردووە، بە جۆرێک کە بەپێی خەمڵاندنە سەربەخۆکان و ڕاپۆرتەکانی لیژنەی ئەنجوومەنی باڵای کار، تێچووی “بژێویی مانگانەی خێزانێکی مامناوەندی شارنشین” لەمساڵدا، واتە ١٤٠٤، گەیشتووەتە نزیکەی ٣٥ بۆ ٤٠ میلیون تمەن. زۆرێک لە کرێکاران، پەرەستاران، مامۆستایان و کارمەندانی کەرتی تایبەت، بە دوو کار و ڕۆژانە زیاتر لە ١٠ کاتژمێر کارکردنەوە، هەوڵی دابینکردنی کرێی خانوو، خۆراک، هاتووچۆ، پەروەردەی منداڵان و چارەسەری پزیشکی دەدەن، بەڵام هێشتا فریای دابینکردنی ئەو خەرجییانە ناکەون.