
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندەکانی مافی مرۆڤ، لە ماوەی مانگی ڕەزبەردا، حوکمی ئێعدامی لانیکەم ۲۴۱ بەندکراو لە زیندانەکانی ڕژیم جێبەجێ کراوە.
بەپێی ئامارەکان لەو مانگەدا، حوکمی ئێعدامی لانیکەم ۸ بەندکراوی سیاسی بریتی لە ۶ بەندکراوی سیاسیی عەرەب بەناوەکانی عەلی موجەدەم، محەممەدڕەزا موقەدەم، موعین خەنفەری، حەبیب دەریس، عەدنان غەبیشاوی، سالم مووسەوی، سامان محەممەدی خیارە و جەواد نەعیمی لە زیندانە جیاوازەکانی ڕژیم جێبەجێ کراوە کە ۷ کەسیان بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، حوکمی ئێعدامی لانیکەم ۸ ژن لە زیندانەکانی ئیسفەهان (۲ حاڵەت)، زەنجان، قوم، نەهاوەند، شیراز، مەشهەد و ڕەشت جێبەجێ کراوە. زەینەب خودابەندە خەڵکی ئیسفەهان، ناهید هێممەتی خەڵکی نەهاوەند و مەحبووبە جەلالی خەڵکی ڕوودسەر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان لەسێدارە دراون. هەروەها پێنج بەندکراو بەناوەکانی رۆیا عەباسزادە خەڵکی زەنجان، کافیە قوبادزادە خەڵکی ئیسفەھان، سەعیدە خودادادی خەڵکی ئیسفەھان، نەرگس ئەحمەدی خەڵکی قوم و کەتایوون شەمسی خەڵکی مەشهەد بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لەسێدارە دراون.