
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندەکانی مافی مرۆڤ، لە ماوەی کەمتر لە ۹ مانگ و لەحاڵێکدا کە ۱۰۰ ڕۆژ تا کۆتایی ساڵی ۲۰۲۵ی زایینی ماوە، لانیکەم ۱۰۰۲ بەندکراو لە زیندانە جیاوازەکانی ڕژیم لەسێدارە دراون.
لە سەرجەم ۱۰۰۲ بەندکراوی لەسێدارەدراو، ۴۰۴ کەس لە سەرەتای شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە ڕێکەوتی ۲۳ی جۆزەردانی ئەمساڵ لەسێدارە دراون. بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، لە سەرجەم ئەو ۱۰۰۲ بەندکراوە، ۲۹ کەس ژن و ۹۷۳ کەس پیاو بوون. هەروەها یەک منداڵ وەکوو «منداڵی تاوانبار» لە ماوەی ساڵی ۲۰۲۵ی زایینیدا لەسێدارە دراوە. هەروەها ۸ کەس لەو بەندکراوانە بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لەسێدارە دراون. جێگای ئاماژەیە، لەم ژمارەیە، ۳۳ بەندکراوی سیاسی و ئایینی، ۱۴۸ بەندکراوی کورد، ۱۳۰ بەندکراوی لوڕ، ۱۱۴ بەندکراوی بەلووچ، ۱۰۶ بەندکراوی تورک و ۶۵ هاووڵاتیی خەڵکی ئەفغانستان بوون. هەروەها حوکمی ئێعدامی ۶۳ بەندکراو بەشێوەی نهێنی و بەبێ مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان جێبەجێ کراوە و تەنیا ۵۳ حاڵەت لە سەرجەم لەسێدارەدرانەکان، واتا ۵٪یان لە میدیا حکومەتییەکان ڕاگەیەندراون.
لە ساڵی ۲۰۲۵دا ژمارەی بەندکراوانی لەسێدارەدراو لە شوێنە گشتییەکان لەپێش چاوی خەڵک زیاتر بووە و حوکمی ئێعدامی لانیکەم ۷ بەندکراو لە شارەکانی ئەسفەراین، دێلفان، میاندواو، بۆکان، دامغان، بەیرەم و کوردکۆی لە پێش چاوی خەڵک جێبەجێ کراوە.