
سەرلە بەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، حوکمی ئێعدامی بەندکراوێک بە ناوی “هوشەنگ محەممەدی” کە پێشتر بە تۆمەتی “تاوانەکانی پێوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان” بە ئێعدام مەحکووم کرابوو، لە زیندانی ئیسفەراین لە پارێزگای خوراسانی شۆمالی جێبەجێ کرا.
هاوکات لە هەمان ڕۆژدا، حوکمی لەسێدارەدانی بەندکراوێک بە ناوی “ئەحمەد نووری” لە زیندانی بۆرازجانی پارێزگای بووشێهر جێبەجێ کراوە. شایانی باسە، ئەم بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەر و لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامییەوە، بە ئێعدام مەحکووم کرابوو. هەروەها، حوکمی ئێعدامی بەندکراوێک بە ناوی “باقر عەبدی” کە پێشتر بە تۆمەتی “تاوانەکانی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان” دەستبەسەر کرابوو،هەمان ڕۆژ لە زیندانی ناوەندیی بەندەر عەباس بەکردەوە دەرهاتووە.
لە لایەکی دیکەوە، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ۱۳ی خەزڵوەر، بەندکراوێک بە ناوی “عێرفان قەڵاوەند” کە پێشتر بە هەمان تۆمەت، دەستبەسەر و بە ئێعدام مەحکووم کرابوو، حوکمەکەی لە زیندانی نەیشابوور جێبەجێ کراوە. هەر لەم پێوەندەدا، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ۱۲ی خەزەڵوەر، حوکمی لەسێدارەدانی بەندکراوێک بە ناوی “ئاریان گەرایی” خەڵکی شیراز لە زیندانی جیرۆفت لە پارێزگای کرمان بەکردەوە دەرهاتووە. شایانی باسە، ئەم بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتی “تاوانەکانی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان” دەستبەسەر و لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامییەوە، حوکمی ئێعدامی بەسەردا سەپێنرابوو. هەر وەها، سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ۱۱ی خەزەڵوەر، حوکمی سێدارەی بەندکراوێک بە ناوی “مۆحسین یاربەیگی”، خەڵکی کرماشان کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست سزای لەسێدارە دانی بەسەردا سەپابوو، لە زیندانی ناوەندیی شاری کەرەج جێبەجێ کراوە.