
سەرلە بەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی گوڵانی ١٤٠٤، حوکمی ئێعدامی بەندکراوێکی خەڵکی کرماشان بە ناوی سیرووس جەعفەری بە تۆمەتی “کوشتنی بە ئەنقەست” لە زیندانی دێزڵئاوای ئەو شارە جێبەجێ کرا.
هاوکات حوکمی بەندکراوێکی خەڵکی نەیشابوور بە ناوی ئەسغەر باغبانی تەمەن ٢٩ ساڵ، لە زیندانی ناوەندیی ئەو شارە جێبەجێ کرا. ناوبراو ٤ ساڵ لەمەوبەر لە تێکهەڵچونێکدا لە سەر ئاودێریی زەویی کشت و کاڵی کەسێکی کوشتبوو و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە حوکمی ئێعدامی بەسەردا سەپابوو.
لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی شەممە ٢٧ گوڵانی ١٤٠٤، بەندکراوێکی خەڵکی ئەلیگودەرز بە ناوی محەممەدوەلی ئاهەنگەری تەمەن ٣٧ ساڵ بە تۆمەتی “پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان” لە زیندانی ناوەندیی خوڕەمئاوا لەسێدارە دراوە. هاوکات، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٢٧ی گوڵان، حوکمی ئێعدامی بەندکراوێکی خەڵکی ئیلام بە ناوی بێهرووز فەتحوڵڵاهی کە نزیک پێنج ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی “کوشتنی بەئەنقەست” دەستبەسەر کرابوو، لە زیندانی ناوەندیی ئیلام جێبەجێ کرا. لەدرێژەی شەپۆلی لەسێدارە دانی بەندکراوان، ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی گوڵان، حوکمی ئێعدامی سێ کەس کە یەکێکیان بە ناوی ناسر حەمیدی تەمەن ٣٤ ساڵ و خەڵکی دزفوول بووە، بە تۆمەتی “کوشتنی بە ئەنقەست” لە زیندانی عادڵئاوای شیراز جێبەجێ کراوە. ناسنامەی دوو بەندکراوی دیکە عیسا ئەحمەدی تەمەن ٣٠ ساڵ خەڵکی شیراز بە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی و هادی سولەیمانی خەڵکی میانڕوود بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان ئاشکرا بووە. هەروەها، ڕۆژی دووشەممە ١٥ی گوڵان، حوکمی ئێعدامی بەندکراوێکی خەڵکی مەشهەد بە ناوی ئەمیرمحەممەد تەوەکولی تەمەن ٣٢ ساڵ کە پیشتر بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست دەستبەسەرکرابوو، لە زیندانی ناوەندیی هەمەدان جێبەجێ کراوە.