
یووسف ئەحمەدی، بەندکراوی سیاسیی تەمەن ٣٩ ساڵ و خەڵکی بانە کە لە ماوەی ٤ ساڵ و ٨ مانگی ڕابردوو لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات و زیندانی ناوەندیی سنە بەندکراوە، تا ئێستا لە دەستڕاگەیشتن بە مافی مورەخەسی بێبەش کراوە.
شایانی باسە، ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی یەک ساڵی سەرەتای دەستبەسەرکرانەکەیدا تەنانەت لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی، و بۆ ماوەیەکی زۆر لە مافی هەبوونی پارێزەر و چارەسەری پزیشکی بێبەش بووە. یووسف ئەحمەدی خەرمانانی پارەکە، لە لایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی سنە بە تۆمەتی “بەغی” حوکمی ئێعدامی بەسەردا سەپێندرابوو و ئەم حوکمە، زستانی ساڵی ڕابردوو لە لایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە پشتڕاست کرایەوە. جێگای ئاماژەیە، یووسف ئەحمەدی ڕۆژی یەکشەممە، ٧ی گوڵانی ١٣٩٩ بە شێوەیەکی دڕندانە دەستبەسەر و پاش تێپەڕاندنی ماوەیەکی زۆر لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە گواسترایەوە و تا یەک ساڵ لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کرابوو.