ڕۆژی دووشەممە ٥ی خەرمانان، بە دەیان و سەدان کەس لە کرێکاران، پەرەستاران، خانەنشین کراوان و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا، بەهۆی بێ توانانیی ڕژیم لەئاست جێبەجێ کردنی خواستەکانیان، هاتنە سەر شەقامەکان و بەشێوەی جۆراوجۆر دەستیاندایە کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، خانەنشین کراوانی تەئمین ئیجتماعی لە شاری شووش، کۆمەڵێک لە کرێکارانی شارەداریی ناوچەی ٣ی زاهێدان، جووتیارانی ئیسفەهان، پەرەستاران و کادری دەرمانی لە شارەکانی کرماشان، شیراز و گورگان، کۆمەڵێک لە خانەنشین کراوانی شیرکەتی مۆخابەرات لە زەنجان، کرماشان، ڕەشت، ئیسفەهان، سنە، تەورێز، ورمێ، ساری، مەریوان، بیجاڕ و خوڕەماوا، ژمارەیەک لە کرێکارانی شاغڵ لە پاڵاوگەی گازی فەجری جم لە بووشێهر و کۆمەڵێک لە کرێکارانی نەوت و گازی پارس لە سایتی یەکی عەسەلوویە، لە ناڕەزایەتیی بە وەڵامنەدانەوەی بەرپرسان بە خواستەکانیان و چارەسەکردنی کێشەکانیان، لەشوێنی کارەکانیان دەستیاندایە کۆبوونەوە. هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتیی چین و توێژەکانی کۆمەڵگا، پەرەستارانی نەخۆشخانەی “ئیمام” لە شاری کەنگان، دەستیان لەکار کێشایەوە و مانیان گرت.