
ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی جۆزردانی ١٤٠٤، لەدڕێژەی ناڕەزایەتیی جەماوەری خەڵک بە سیاسەت و ڕێکارەکانی ڕژیم، شارەکانی ئێران بۆ جارێکی دیکە شایەتی ناڕەزایەتیی بەربڵاو و خرۆشاوی خانەنشینان، کرێکاران و چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا بوو.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ڕۆژی ڕابردوو ژمارەیەک لە کرێکارانی شیرکەتی نەوت و گازی گەچساران لە دوو ناوەندی ئەم دامەزراوەیە، گرووپێک لە پارێزەرانی مافی ئاژەڵ لە تەورێز و ئیسفەهان، کۆمەڵێک لە خانەنشین کراوانی تەئمینی ئیجتماعی لە شارەکانی ئەهوز، کرماشان، تاران و شووش، کۆمەڵێک لە خانەنشین کراوانی سندووقی پۆڵا لە ئیسفەهان، تاران، ئەهواز و کرمان، ژمارەیەک لە موعەلیمانی نێهزەتی سەواد ئامووزی لە تاران، ژمارەیەک لە خوازیارانی یەکەی نیشتمانی لە برووجێن، ژمارەیەک لە مریشکدارانی ئەردەبیل و ژمارەیەک لە ماڵبەتاڵانچووانی شیرکەتی ڕامەک خۆدرۆ لە تاران، لە ناڕەزایەتیی بە پێڕانەگەیشتن بە خواستەکانیان دەستیاندایە کۆبوونەوە.
لە لایەکی دیکەوە، کۆمەڵێک لە سەهامدارانی سیمانی بیارجمەند لە شاهروود و ژمارەیە لە کارمەندانی شیرکەتی بەڕێوەبەرایەتیی پڕۆژە سەنعەتییەکان لە تاران، بە مەبەستی گەیشتن بە خواستەکانیان، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد. هەر لەم پێوەندەدا، ژمارەیەک لە شۆفیرانی تانکێڕەکانی گواستنەوەی ئاو لە ڕۆبات کەریم، لەئاست لەخوارەوەبوونی حەقدەستەکانیان دەستیان لەکار کێشایەوە و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد. هەروەها ڕۆژی ڕابردوو، ژمارەیەک لە هاووڵاتییان و چالاکانی ژینگەپارێزی ناوچەی “هەزار مەسجێد” لەناڕەزایەتیی بە ڕاگواستنی ئاوی ئەم ناوچەیە بۆ مەشهەد، دەستیاندایە کۆبوونەوە و خوازیاری ڕاگرتنی ئەم پڕۆژەیە بوون.