فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاپۆرتێک لەسەر بەڕێوەچوونی چەندین خۆپیشاندان، میتینگ، سیمینار و ئاکسیۆنی بەربڵاو لە سەرتاسەری جیهان بە بۆنەی ٢٥ی نۆامبر، ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندووتیژی لە دژی ژنان
دوشەممە ۰۶-۰۹-۱۴۰۲   |  27-11-2023

هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندووتیژی لە دژی ژنان، بە دەیان هەزار کەس لە سەرتاسەری جیهان، بۆ پشتیوانی لە مافی ژنان هاتنە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندانیان ئەنجام دا.
لە گواتمالا، خۆپیشاندەران بە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمێک لە ڕۆژی هەینی ٢٥ی نۆامبر، بە وێنا کردنی ڕەقەمی ٤٣٨ لە ڕێگای داگیرساندنی مۆم، ڕێزیان لە یادی ئەو ژنانە گرت کە لە سەرەتای ئەمساڵ لەم وڵاتەی ئامریکای ناوەندیە کوژراون. هەروەها لە وڵاتی شیلی، خۆپیشاندەران بە هەڵگرتنی پلاکاردگەلێک کە وێنای ژنانی قوربانی توندووتیژی لەسەر نەخشێندرابوو، لە شەقامەکانی سانتیاگۆ خۆپیشاندانیان ئەنجام دا. هاوکات لە ئیتالیا خۆپیشاندەران لە حاڵێکدا هاتنە سەر شەقامەکان کە لەم دواییانە، کچێکی ٢٢ ساڵ تەمەن لە لایەن خۆشەویستەکەیەوە بە شێوەیەکی دڕندانە کوژرابوو. شایانی باسە، تەنیا لە شاری “ڕۆم” پێتەختی ئیتالیا ٥٠ هەزار کەس ڕژابوونە سەر شەقامەکان. بە وتەی وەزارەتی ناوخۆی ئیتالیا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا، ١٠٢ ژن لەم وڵاتە کوژراون کە ٨٢ حاڵەتیان لە لایەن ئەندامانی بنەماڵە یان هاوژینەکانیانەوە کوژراون. لە تورکییە، بە هەزاران کەس لە ژنان لە شارەکانی ئیستانبۆل و ئانکارا هاتنە سەر شەقامەکانی ئەمشارە و لە کەشێکی توندی ئەمنییەتیدا، لە ڕێگەی بە دەستەوە گرتنی پلاکاردگەلێک بە ناوەڕۆکی “ئێمە بێدەنگ نابین” و “ژنان یەکگرتوون و لەدژی توندووتیژی نواندنی پیاوان دەجەنگن”، ڕێزیان لە یادی ژنانی قوربانی توندووتیژی لەم وڵاتە گرت. لە لایەکی دیکەوە، بە هەزاران کەس لە خەڵکی فەڕانسە کە زۆرێکیان جلی پەمەیی “هێمای ژنان و یەکسانی ڕەگەزی”یان لەبەردا بوو، لە شەقامەکانی پاریس و شارەکانی دیکەی ئەم وڵاتە خۆپیشاندانیان ئەنجام دا و بە وتنەوەی درووشمی “هەر شەش خولەک حاڵەتێکی دەستدرێژی لە فەڕانسە ڕوو دەدات” و “کچەکانتان بپارێزن و کوڕەکانتان پەروەردە کەن”، لە دژی توندووتیژی ئاشکرا لە دژی ژنان، ناڕەزایەتییان دەربڕی. پێویستە ئاماژە بکرێت، لە وڵاتی فەڕانسە لە ماوەی ئەمساڵدا ١٢١ ژن بە هۆی توندووتیژی نواندن لە بەرامبەریاندا، کوژراون. هاکات ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە سەروبەندی ٢٥ی نۆامبر ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندووتیژی لەدژی ژنان، بە بڵاوکردنەوەی ئامارێک سەبارەت بە کوژرانی لانیکەم ٨٩ هەزار ژن لە سەرتاسەری جیهان، ڕایگەیاند، زۆربەی حاڵەتەکانی توندووتیژی لە دژی ژنان، لە وڵاتانی ئاسیایی و ئافریقایی تۆمار کراوە.