بەپێی هەواڵی گەیشتوو، ڕۆژی شەممە ١٠ی فێوریواری ٢٠٢٤ بەرابەر لەگەڵ ٢١ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ ی هەتاویی، لە شاری ستکهۆڵم پایتەختی سۆئێد، ڕێۆڕەسمێک بە بۆنەی ٢٦ی ڕێبەندان، ساڵڕۆژی خەباتی ئاشکرای کۆمەڵە بەڕێوەچوو.
بەپێی ئەم هەواڵە، ڕێوڕەسمەکە سەرەتا بە بەخێرهاتنی بەشداربووان لە لایەن هاوڕێ “شیوا توانایی” و خوێندنەوەی بابەتێکی کورت سەبارەت بە ڕۆژی کۆمەڵە دەستی پێکرد. پاشان ڕێوڕەسمەکە بە سروودی ئەنترناسیۆنال سروودی هاوپشتی جیهانی چینی کرێکار درێژە پێدرا و بۆ ڕێزگرتن لە یادی سەرجەم گیانبەختکردووانی ڕێگای ئازادی و سۆسیالیزم، یەک خولەک بێدەنگی ڕاگیرا. بێدەنگییەکە بە خوێندنەوەی سروودێکی شۆڕشگێڕانە لە لایەن هاوڕێی شۆڕشگێر کاک “کاڵێ ئاتەشی” شکێندرا. لەدرێژەی ڕێوڕەسمەکەدا، هاوڕێ رەئووف پەرەستار ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، قسە و باسێکی سەبارەت بە ٢٦ی ڕێبەندان ڕۆژی کۆمەڵە، پێشکەش به بەشداربووان کرد. بەدوای هاورێ رەئووف، شاعیری کۆمۆنیست و شۆڕشگێڕ “سولەیمان قاسمیانی” چەند کۆپلە شێعرێکی بە زمانی کوردی پێشکەش بە بەشداربووان کرد. لە بەشی دووهەمی ڕێوڕەسمەکەدا، پەیامی ناوەندی بەندکراوانی سیاسی لە تاراوگە، سازمانی راهی کارگەر، شوڕای هاوکاری هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان لە کوردستان، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران_حێکمەتیست، کۆمیتەی کوردستانی ئێتحادی سۆسیالیستی کرێکاری، کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی سازمانی فەداییانی ئەقەلییەت، هەستەی ئەقەلییەت، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران، ڕێکخراوی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “کەژار”، خوێندرایەوە. بەدوای خوێندنەوەی پەیامەکان، هاوڕێ سولەیمان قاسمیانی چەند کۆپلە شێعرێکی دیکەی بە زمانی فارسی، پێشکەش بە بەشداربووان کرد. لە کۆتاییدا و لەبەشی قسە و باسی ئازاد، چەندین کەس لە بەشداربووان سەبارەت بە ڕۆژ و پێگەی کۆمەڵە و هەروەها ئەرکەکانی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران قسە و باسێکیان پێشکەش کرد. لە دوایین بەشدا، ڕێوڕەسمەکە بە خوێندنەوەی سرودێکی شۆڕشگێڕانه لە لایەن هاورێ کاڵێ ئاتەشی، لە کەشێکی هاوڕێیانەدا کۆتایی پێهات.