
ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی مانگی گوڵان بەرابەر لەگەڵ ئەوەڵی مانگی مەی، ڕۆژی جیهانی کرێکاران، لە سەرتاسەری وڵاتانی جیهان خۆپیشاندان و ڕێپێوانی ئێعتڕازی بەڕێوەچوو.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، کرێکاران و چین و توێژەکانی کۆمەڵگا لە وڵاتانی ئینگلیس، ئاڵمان، فەڕانسە، کوبا، ئەندۆنێزی، بەنگلادێش، تورکییە، ئەمریکا، ئیتالیا، ئیسپانیا، ڕۆمانی و دەیان وڵاتی دیکە، بۆ ڕێزگرتن لە یەکی ئەیار، ڕۆژی جیهانی کرێکار هاتنە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندانیان ئەنجام دا. ئەم ڕۆژە بۆ کرێکاران لە سەرتاسەری جیهان ئەگەر چی ڕۆژێکی گرینگ و مێژووییە، بەڵام لە هەمان حاڵدا، هەلێکە بۆ ئەوەیکە هێزی خۆیان لە بەرامبەر دەوڵەتانی سەرمایەداری نیشان بدەن و خواست و موتاڵباتەکانیان لەئاستێکی بەربڵاوتر بێننە گۆڕێ. شایانی باسە، لە ئەنجامی ڕێپێوانی کرێکاران لە فەڕانسە، هێزەکانی پۆلیس بەگژ بەشداربوواندا چوونەتەوە و بە شێوەیەکی وەحشیانە، هێرشیان کردووەتە سەر خۆپیشاندەرانی ئەوەڵی مانگی مەی.