بە لەسێدارەدانی لانیکەم ١٠ بەندکراو لە ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی جۆزەردان لە زیندانەکانی کرمان، سنە، ورمێ، جیروفت و ئیسفەهان و هەروەها لەسێدارەدانی بەندکراوێک لە شوێنێکی گشتیی شاری مەراغە، لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا، لانیکەم سزای سێدارەی ١۵ بەندکراو بەکردەوە دەرهاتووە.
بەرەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە، ٤ی جۆزەردان، حوکمی ئێعدامی لانیکەم ٣ بەندکراو بە ناوەکانی “قادربەخش دەهانی” تەمەن ٣٩ ساڵ و خەڵکی زاهیدان، “عەبدول ڕەسووڵ جەمشیدی” تەمەن ۵۵ ساڵ و خەڵکی پارێزگای فارس و “عەلی سالاری” خەڵکی جەیرووفت، بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە لە زیندانی کرمان جێبەجێ کرا.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە زیندانی ناوەندی گرگان، سێدارەی سێدارەی دوو بەندکراو کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست ئەو سزایەیان بەسەردا سەپابوو، جێبەجێ کرا. لە لایەکی دیکەوە، سزای سێدارەی بەندکراوێکی خەڵکی شاری کرماشان بە ناوی “سەعید محەممەدی” کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو، لە زیندانی ناوەندیی شاری سنە جێبەجێ کرا. هاوکات سزای سێدارەی بەندکراوێکی دیکە بە ناوی “ئەمیر مەهدی”، کە پێشتر بە تۆمەتی “افساد فی الارض” سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو، لە شەقامێکی گشتیی شاری مەراغە و لە پێش چاوی خەڵک کە کۆمەڵێک ژن و منداڵیشی لێ بوو، جێبەجێ کراوە. هەر لەم ڕۆژەدا سزای سێدارەی بەندکراوێکی تەمەن ٤٠ ساڵ بە ناوی “عەلی پیری” کە ٣ ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی “کوشتنی بەئەنقەست” دەستبەسەر و دواتر لە لایەن دەزگای دادوەریی ڕژیمەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ کرا هەروەها لە زیندانی جیروفت، سزای سێدارەی دوو بەندکراوی دیکە بە ناوەکانی “مێهدی سالاری”، خەڵکی شاری جیروفت و “محەممەد دارایی” (گوڵبەچە)، تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی شاری زاهێدان کە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە بە ئێعدام مەحکووم کرابوون، جێبەجێ کرا. لە بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ٢ی جۆزەردان، سزای سێدارەی دوو بەندکراوی دیکە بە ناوەکانی “مەجید جەعفەری” و “عەلی تەبیب”، لە زیندانی دەستگردی ئیسفەهان جێبەجێ کراوە. لە هەمان ڕۆژدا، سزای سێدارەی بەندکراوێکی خەڵکی کرماشان بە ناوی “سەعید محەممدی”، پاش ١٢ ساڵ بەندکردن لە زیندانی ناوەندیی ئەو شارە جێبەجێ کرا و بەندکراوێکی دیکە کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان و کوشتنی ئەندامێکی هێزە حکوومەتییەکان سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو، سزاکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی بەندرعەباس جێبەجێ کرا.