هێزە چەکدارەکانی سپای پاسداران لە شاری “لومار”ی ناوەندی شاری سیروان لە پارێزگای ئیلام، بەئەنقەست تەقەیان لە دووکانی کاسبکاران و ماڵی هاووڵاتییان کردووە و لە ئاکامی ئەم دەستدرێژییەدا، لانیکەم ٨ هاووڵاتی بریندار بوون و بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواستراونەتەوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، شەوی یەکشەممە ١٩ی خەرمانان، هێزە چەکدارەکانی سپای پاسداران و بەسیجی کۆماری ئیسلامی، بە چەندین ماتۆڕی سواری و ئۆتۆمبێلی “پژۆ پارس”، لەنێو شاری لومار، ناوەندی شارستانی سیروانی سەر بە پارێزگای ئیلام بڵاوەیان پێکراوە و بەئەنقەست لە شەقامەکانی ئەو شاره دەستدرێژییان کردووەتە سەر خەڵک و تەقەیان لە دووکانی کاسبکاران و ماڵی هاووڵاتییان کردووە کە بەهۆی ئەم دەستدرێژییە نامرۆڤانەوە ٨ کەس بریندار بوون. دوای ئەم دەستدرێژییەی هێزە چەکدارەکانی سپای پاسداران، خەڵکی شاری لومار هاتوونەتە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتییان دەربڕیوە کە بەهۆیەوە، تێکهەوڵچوونی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە چەکدارەکان هاتووەتە ئاراوە. شایانی باسە، پاش دەستدرێژی و تەقەکردنی هێزەکانی سپای پاسداران لە هاووڵاتییان، هێزێکی ئینتزامیی گەیشتووەتە شوێنی تاوانەکە و پووکە و مەرمییەکانیان کۆ کردووەتەوە و لەگەڵ خۆیاندا بردوویانە. ئەمە لەحاڵێکدایە کە جگە لە برینداربوونی لانیکەم ٨ هاووڵاتیی ئەو شارە، زیان و خەسارێکی ماڵیی زۆریان بە ئۆتۆمبێل، ماڵ و دووکانەکانی خەڵک گەیاندووە. بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی خەرمانان، هێزە چەکدارەکانی ڕژیم دۆخێکی میلیتاریزەیان بەسەر شاری لوماردا سەپاندووە و لە زۆربەی شوێن و بەتایبەت شوێنە گشتییەکانی ئەو شارەدا هێزی ئامادەیان جێگیر کردووە.