لە ڕۆژی پێنجشەممەی حەوتووی ڕابردووەوە ئاگرێکی بەرفراوان دارستانەکانی شاری مەریوانی گرتووەتەوە و هەتا ئێستا بەردەوامە. سەرەڕای هەوڵی بەردوامی چالاکانی ژینگەپارێزی و هاووڵاتییان کە بە شێوەیەکی خۆبەخشانە لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئەم ئاگرەدان، ناوەندە پەیوەندیدار و بەرپرسیارەکانی ڕژیم بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگر و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لەم ڕاستایەدا هیچ هەنگاوێکی کارایان هەڵنەگرتووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان دوای چوار ڕۆژ، ئاگری دارستانەکانی مەریوان کە لە سەرلەبەیانی پێنجشەممە ١٢ی گەلاوێژەوە دەستیپێکردوە، هەتا ئێستا بەردەوامە و دیار نییە هەتاکەی دەتوانرێت بەتەواوی کۆنترۆڵ بکرێت. ئەم ئاگرە حەوت ناوچەی لە دارستانەکانی مەریوانی گرتووەتەوە و سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکانی ئەندامانی ئەنجوومەنی “سەوزی چیا” و خۆبەخشان لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان، هەتا ئێستا بەتەواوی کۆنترۆڵ نەکراوە. بە گوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، ئەم ئاگرە سەرەتا لە دارستانەکانی دەوروبەری گوندی “دەرەوەران” لە ڕۆژی پێنجشەممە دەستی پێکردووە و هەتا ئێستا چەندین ناوچەی دیکەی دەورووبەری مەریوانی گرتووەتەوە. جێگەی ئاماژەیە، هاوکات لەگەڵ هەوڵە بێ وچانەکانی خەڵک بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە، شەوی پێنجشەممە ١٢ی گەلاوێژ، سێ کەس لە چالاکانی ژینگەپارێزی مەریوان بە ناوەکانی ئازاد ڕۆحی، لایەق ئەحمەدی و سەرکەوت عیبادی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەرکراون. هەر لەم ڕاستایەدا، دلێر محەممەدی دەرچووی بەشی کارەبا و خەڵکی گوندی “بالەک” سەر بە شاری مەریوان و ئالان ئەردەشیری، تەمەن ٣٢ ساڵ، کە هەردووکیان دانیشتووی شاری مەریوان و چالاکی ژینگەپارێزین، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە بەرەبەیانی چوارشەممە ١١ی گەلاوێژ، بە شێوەیەکی دڕندانە دەستبەسەر کراون.