مۆتەلێب ئەحمەدیان بەندکراوی سیاسی تەمەن ٣٩ ساڵ و خەڵکی شاری بانە، دوای ئەوەی لە بەشی ڕیخۆڵەی نەشتەرگەری بۆ کراوە، گوازراوەتەوە بۆ زیندان و تووشی هەوکردن و هاوکات ئاوسانی سک بووە و سییەکانی پڕ بووە لە ئاو و کێشەی ئازاری سینگ و لێدانی زۆر توندی دڵی هەیە، بەڵام بەرپرسانی زیندانی ئێڤین لە ناردنەوەی بۆ نەخۆشخانە ڕێگری دەکەن.
جێگای ئاماژەیە، ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی دووشەممە ٩ی ڕێبەندانی ١٤٠١، هاوکات لەگەڵ جێبەجێکردنی حوکمی ئێعدامی چوار بەندکراوی سیاسیی بە ناوەکانی موحسین مەزڵووم، محەممەد فەرامەرزی، وەفا ئازەبار و پژمان فاتیحی، دەستی بە مانگرتن لە خواردن کرد و دواتر بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستییەوە، ڕۆژی ١٠ی ڕێبەندان کۆتاییی بە مانگرتنەکەی هێنا. موتەلێب ئەحمەدیان پاش ٢٣٠ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسی کە هاوکات بە شێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجە کراوە، بە تۆمەتی موحاڕبە حوکمی ٣٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە. لە دوو دۆسیەی دیکەدا بە تۆمەتی “بەزاندنی نایاساییی سنوورەکانی ئێران” حوکمی بڕی ١ ملیۆن ڕیاڵ پێ بژاردن و ساڵێک بەندکردن و هەروەها بە تۆمەتی “هاودەستبوون لە کوشتن” حوکمی ٩ ساڵ بەندکران و پێبژاردنی نیوەی تەواوی خوێنبایی (دیە) و بڕی ٢٠ ملیۆن تمەنی ئێرانیی بەسەردا سەپاوە. دەبێت ئاماژە بەوەش بکرێت کە ئەم بەندکراوە سیاسییە لە ١٣ی ڕەزبەری ساڵی ١٣٨٨ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و ئێستا لە بەندی چواری زیندانی ئێڤین لە دۆخێکی نالەباری جەستەیی و دەروونیی زۆر دژاوردا حوکمی ٣٠ ساڵەی بەندکرانەکەی تێپەڕ دەکات.