هادی ئەحمەدیئازەر تەمەن ٢٣ ساڵ، زیاتر لە سێ ساڵە کە ماوەی بەندکرانەکەی لە زیندانی ناوەندیی مەهاباد تێپەڕ دەکات. ناوبراو پێشتر لە لایەن لقی ١ی دادگای سەربازیی ورمێ، بە تۆمەتی “سیخوڕیی کەسێکی نیزامی” حوکمی پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.
شایانی باسە، دوای ملکەج بوونی ناوبراو، ئەم حوکمە بۆ ٤٥ مانگ بەندکران کەم کراوەتەوە و ئێستا ٣٧ مانگ لە حوکمی بەندکرانەکەی خۆی تێپەڕ کردووە. بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار و نزیک لە بنەماڵەی ئەحمەدیئازەر، ناوەندە ئەمنییەکان بەو بەندکراوە سیاسییەیان ڕاگەیاندووە کە دۆسیەی ناوبراو هیچ لێبوردنێک لەخۆ ناگرێت و دەبێت تا ڕێکەوتی ٢٨ی گوڵانی ١٤٠٤ لە زیندان بمێنێتەوە. جێگای ئاماژەیە، هادی ئەحمەدیئازەر بەهاری ساڵی ١٤٠٠ لە کاتی خزمەتی زۆرەملێی سەربازی لە یەکێک لە پێگەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپاوە دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە ئەمنییە لە ورمێ گواسترابوویەوە. ناوبراو دوای دوو مانگ دەستبەسەرکران لەو ناوەندە ئەمنییە و ئەشکەنجە دان و لێپرسینەوە، ئازاد کرابوو.